لە سلێمانی بە شکۆوە یادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بەرز ڕاگیرا
05.07.2023
بەبەشداری خانەوادە و دەیان وڵاتپارێز و ئازادیخواز و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و چەندین کەسایەتی دیار، مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی شەهید هەڵمەت بەڕێوەچوو و بەڵێنی درێژەدان بە شەهیدان دووپاتکرایەوە تاوەکوو ئازادی گەلی کورد بەدی دەهێندرێت، خانەوادەى هەڤاڵ هەڵمەت لەزاری خوشکێکی شەهیدەوە دەڵێت: شەهید دیار چەندە ڕۆڵەی بنەماڵەکەمان بوو، زیاتر ڕۆڵەی گەل و خاک بوو، ئێمە هیچ کاتێک کۆڵنادەین و بەڵێن و پەیمانی خۆمان بە شەهیدان نوێ دەکەینەوە، بەردەوام دەبین لەتێکۆشان تا دەگەین بە ئامانج و سەرکەوتن.
ئەمڕۆ، لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ دیار غەریب ناسراو بە هەڵمەت گابار، بەبەشداری خانەوادە و دەیان وڵاتپارێز و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و کەسایەتی دیار، بە وتنەوەی درووشمی شەهید نامرێت، دیار نامرێت بەڕێوەچوو.
دواتر خوشکی شەهید هەڵمەت، هەڵاڵە غەریب، بەناوی خانەوادەی شەهیدەوە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: شەهید دیار چەندە ڕۆڵەی بنەماڵەکەمان بوو، زیاتر ڕۆڵەی گەل و خاک بوو، شەهید دیار دوای شەهید دلێری برای، دووەمین شەهیدی بنەماڵەکەمانە کە بەشداری لە ئازادی گەل و خاک کردووە و گیانی خۆیان فیدا کردووە.
وتیشی: بەداخەوە خیانەتکاران و بەکرێگیراوان لەبەرژەوەندی داگیرکەراندا کاردەکەن، لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین کردەوەی تیرۆری ئەنجامدراوە، ئێمە هیچ کاتێک کۆڵنادەین و بەڵێن و پەیمانی خۆمان بە شەهیدان نوێ دەکەینەوە، بەردەوام دەبین لەتێکۆشان تا دەگەین بە ئامانج و سەرکەوتن.
پاشان بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیاننامە و تێکۆشانی شەهید دیار بۆ ئامادەبووان پێشکەشکرا، وتنەوەی درووشمەکانی شەهید نامرێت، هەڵمەت نامرێت، بژی سەرۆک ئاپۆ، کۆتایی بە مەراسیمی 4 ساڵەی شەهید دیار کۆتای هات، لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، پەڕتووکەکانی شەهید هەڵمەت بە سەر ئامادەبواندا دابەشکرا.[1]