زۆرن ئەو منداڵ و بەهرەمەندانەی خەون بە بوون بە پاڵەوانی یارییە جۆراوجۆرەکان دەبینن و لەو نێوەندەشدا بەهرەمەندێکی نوێ کە خاوەن چەندان میدالیاو جامە لە یاری مەلەوانی دا دەبێتە یاریزانی تیمی مەلەوانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و دەست کەوت و سەرکەوتنەکانی دەکاتە دیاری بۆ یانەکەی شاری سلێمانی.
ئەمە و بە مەبەستی ستایش و خەڵات کردنی ، ڕۆژی یەکشەممە 11-06-2023 و لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم مەحمود ئەحمەد موراد جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە پێشوازی لە #هەمیشە شکار#ی کچە یاریزانی مەلەوانی پاڵەوانی ، پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و ئێراق لەو یاریەدا کرد.
سەرەتا هەمیشە وەک بەهرەمەندێک خۆی ناساندوو و خۆشەویستی بۆ یانەی پێشمەرگە دەربڕی وسوپاسی جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی کرد کە خەڵاتی دەکات و متمانەی بوون بە ئەندامێکی بچووکی یانەکەی پێدەبەخشێت.
هەروەک وتیشی، لەپاڵەوانێتییەکان توانیومە ببمە خاوەن چوار میدالیا و چوار جام و بەردەوامیش خەون بەوەوە دەبینم کە میدالیاکانم زیاتر بکەم و لەپاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا بەشداری بکەم.
پاشان حاکم مەحمود سەرسامی خۆی پیشان دا کە هەمیشەی خوێن گەرم هەر زوو خۆی دەکاتە خۆشەویستی هەمووان دەبێتە هاوڕێمان و دەست کەوت و ئەنجامەکانی ئەو کیژە بەهرەمەندەشی بەرز نرخاندوو لە پای ئەوەدا متمانەی بوون بە ئەندامی یانەی پێشمەرگەی پێبەخشرا.
لە کۆتایی شکار حەمە نووری باوکی هەمیشە ، سوپاسی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی کرد کە دەرگای واڵایە بۆ وەرزشکاران و هەروەک وتیشی یانەی خۆشەویستی پێشمەرگە بووەتە ماڵێک بۆ هەمووان کە بتوانین لێوەی بە خەون و حەزە وەرزشییەکانمان شادبین هەر بۆیە دەبێت پێکەوە خزمەت بە یانەکەی شاری سلێمانی بکەین کە هەڵگری ناوی پێشمەرگەی کوردستانە .[1]