#سوداد ڕەسووڵ#
A Journey through Silk Road
From Bukhara to Samarkand
ڕێگای ئاوریشم ئەو ڕێگایەیە کە سەردەمێک لە مێژوودا ڕێگایەکی گرنگی بەیەکبەستنەوەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بووە. ئەم ڕێگایە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە دوو شاری وڵاتی چین دەستی پێ کردووە: چانگان Chang’an و لویانگ Luoyang کە شوێنی بەرهەمهێنانی ئاوریشم بوون، لەوێوە بازرگانیی قوماشی ئاوریشم بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا چووە. ئەم ڕێگەیە تۆڕێک بووە لە ڕێگای هەمەچەشن لە چینەوە بە شار و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و هیندستان و ناوچەی قەوقاز و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕیوە تا گەیشتووە بە باشووری ئەوروپا. ڕێگاکە زیاتر لە حەوت هەزار کیلۆمەتر بووە.
ڕێگای ئاوریشم هەر بە تەنیا ڕێگایەکی بازرگانیی ئاوریشم نەبوو، بەڵکوو ڕێگایەک بووە بۆ گواستنەوەی هزر و ڕامان و فەرهەنگی ڕۆژهەڵات و ئاسیا بۆ وڵاتانی ئەم ڕێگایە بەرەو ئەوروپا، بە پێچەوانەوەش لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵات.
بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژوودا کاروانی ئەسپ و قاتر و وشتر بە شارەکانی سەر ئەم ڕێگایەدا تێپەڕیون، لە شارێک بارەکانیان داگرتووە و لە کاروانسەراکان ئیسراحەتیان کردووە و بۆ ڕۆژی دواتر بە ڕێ کەوتون بۆ شارێکی دی.
ئەم ڕێگایە لە ساڵی 130 پێش میلادەوە دەستی پێ کردووە و هەتا ساڵی 1453 میلادی بەردەوام بووە. لە کۆتایی سەدەی پازدەمی میلادی دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی فراوانخوازیان بەرەو ئەوروپا دەست پێ دەکات، ئەم ڕێگایەش دادەخەن و ئەم بازرگانییەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواش دەوەستێت، ئیدی ئەوروپییەکان بیر لە ڕێگایەکی دەریایی دەکەنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە ئاسیا. ئەوەبوو لە سەدەی پازدەمی میلادی لەلایەن دەریاوانی پورتوغالی (ڤاسکۆ دێ گاما) بە دەریاوە لە کەنارەکانی ڕۆژاوای ئەفەریقا بە قاڕەکەدا بەرەو خوار دەچێت تا لەئەوپەڕی باشوور دەگات بە کۆتا نووکی ئەم قاڕەیە، لەوێوە کەشتییەکەی دەسوڕێتەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بە هیوا دەبێت بگات بە ئاسیا، بۆیە ئەو نووکە ناوی دەبێت بە سەرەی هیوای خۆشی (رأس الرجاء الصالح) . دۆزینەوەی ئەم ڕێگا ئاوییە دەبێت بە جێگرەوەی ڕێگای ئاوریشم لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا. ئەوروپا چیدی پێویستی بە ڕێگای وشکانی نابێت بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵات و هیند و چین.
لەم ڕێگایە سەرەتا بە بازرگانی ئاوریشم دەست پێ دەکات، بەڵام دواتر دەبێت بە ڕێگایەکی گرنگی بازرگانی بۆ هەموو جۆرە کەلوپەل و شمەکێک تەنانەت گواستنەوەی ئاژەڵ و کۆیلەش. لەم ڕێگایە لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەو شتانەی بۆ ڕۆژاوا گواستراونەتەوە: ئاوریشم، چا، ڕەنگ، بەردی بەنرخ، سیرامیک و فەخوری، بەهارات، دەرمان، برۆنز، عەتر، کەڵبەی فیل، برنج، کاغەز، .. تاد. لە ڕۆژاواشەوە ئەم شتانە بۆ ڕۆژهەڵات گواستراونەتەوە: ئەسپ، سەگ، هەنگوین، میوە، پێست و فەروەی ئاژەڵ، شووشە، چنراوی دەستی، کۆیلە، چەک، زێر و زیو، .. تاد
بەڵام لە هەمووی گرنگتر ڕێگایەکیش بووە بۆ گواستنەوەی کولتووری لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا: هونەر، دین، فەلسەفە، تەکنەلۆجیا، زمان، زانست، هونەری بیناسازی و هەموو ڕەگەزەکانی دیکەی شارستانی لەم ڕێگایە ئاڵوگۆڕ کراوە. دینی بودایی و هیندۆسی و ئیسلام تێکەڵ بە یەک بوون و کاریگەریان لە یەک کردووە، فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی و چیرۆکی میللیی نەتەوەکان ئاوێتەی یەک بوون، دابوونەریت و فەرهەنگی میللەتان لە چینەوە گواستراوەتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێوەش بۆ ئەوروپا. هەر بەهۆی گرنگی ئەم ڕێگایە لە مێژوودا شارەزایانی مێژوو پێیان وایە ئەم ڕێگایە لە کرانەوەی هەتا داخرانی کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی لەسەر پێشکەوتنی شارستانی جیهان هەبووە، ئەو پێشکەوتنەی ئێستا لە جیهان بە دەست هاتووە زۆر سەخت بوو بەبێ بوونی ئەم ڕێگایە بە دەست هاتبوایە.
شارەکانی ئاسیای ناوەڕاست ڕێگایەکی سەرەکی و سەرەڕێی ڕێگای ئاوریشم بوون بە تایبەت شارەکانی وەک خوارەزم و خیفا و بوخارا و سەمەرقەند کە ئێستا کەوتوونەتە نێو ئۆزبەکستان، چەند شارێکی گرنگی ئەم ڕێگایە بوون.
ئەم شارانە لە مێژووی ئیسلامدا چەند ئەستێرەیەکی پرشنگداری شارستانییەتی ئیسلام بوون، چونکە ئەم ناوچەیە مەڵبەندێکی گرنگی تیشکدانەوەی شارستانییەتی ئیسلام بووە بە جیهاندا. لەم شارانە گەلێک زانای گەورە پەروەردە بوون بە تایبەت لەنێوان سەدەی نۆیەم هەتا یازدەمی میلادی چوار زانای گەورە لە جیهانی ئیسلام لەم ناوچەیە سەریان هەڵداوە:
• محەمەد ئیبن موسا خوارەزمی، خەڵکی خوارەزم بووە، گەورەترین زانای ماتماتیک بووە، لە ئەستێرەناسی و جوگرافیاش شارەزا بووە. لە بواری ماتماتیک و جەبر داهێنانی کردووە وشەی ئەلجێبرا بە ئەسڵ عەرەبییە تێکەڵ بە زمانەکانی ئەوروپی بووە.
• ئەبو ڕەیحانی بیرونی کە خەڵکی خوارزەم بووە و گەورەترین ئەستێرەناسی سەردەمی خۆی بووە، کە پێنج سەد ساڵ پێش کۆپەرنیکۆس زانیویە کە زەوی خڕە و بە دەوری خۆیشیدا دەسووڕێتەوە.
• ئەبو عەلی ئیبن سینا کەخەڵکی بوخارا بووە و گەورەترین زانای پزیشکی بووە لە سەدەکانی ناوەڕاست. پەڕتووکەکەی (قانون در طب Canon of Medicine) ، کە لەلایەن هەژاری موکریانییەوە لە عەرەبییەوە تەرجەمەی فارسی کراوە. ئەم پەڕتووکە هەتا سەدەی حەڤدەم لە ئەوروپا گرنگترین سەرچاوەی پزیشکی بووە.
• ئەبو نەسر کوڕی محەمەد کوڕی محەمەد فارابی، ئەم زانایە لە هەموو بوارەکانی زانست، فەلسەفە و کۆمەڵناسی و ماتماتیک و پزیشک و مۆسیقا شارەزایی هەبووە.
• ئەمە بێجگە لەوەی کە لە بواری ئەدەب کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیبی گەورە لەم ناوچەیە سەریان هەڵداوە وەک (ڕوودەکی) کە بە باوکی شیعری فارسی دادەنرێت، فیردەوسی کە شانامەی بە فارسی نووسیوە لەژێر کاریگەریی فەرهەنگی ئاسیای ناوەڕاست بووە.
• ئیمامی بوخاری کە گەورەترین کۆکەرەوە و ساغکەرەوەی حەدیسەکانی پێغەمبەرە (ص) ئەویش خەڵکی بوخارایە.
•بەهائەدین نەقشبەندی دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی، ئەویش خەڵکی گوندێکی بوخارایە. کە دواتر ئەم تەریقەتە لەلایەن مەولانا خالیدی نەقشبەندی نوێ دەکرێتەوە و جارێکی دی تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستانەوە بە جیهانی ئیسلامدا بڵاو دەبێتەوە.
بۆ ئەوەی وێنەیەکمان لەسەر ڕادەی پێشکەوتنی شارەکانی ئەم ناوچەیە هەبێت، بوخارا بە نموونە وەردەگرین: لە شاری بوخارا لە سەردەمی سامانییەکان لە سەدەی نۆیەم کە حوکمڕانی فارسەکان بووە لە ئاسیای ناوەڕاستدا، لەم شارە 113 مەدرەسە هەبووە، لەم مەدرەسانە زانستە جۆربەجۆرەکان خوێنراون.
هەردوو شاری بوخارا و سەمەرقەند ئێستاش دانیشتووانەکەی بە لەهجەیەکی فارسی قسە دەکەن کە پێی دەڵێن تاجیکی.
ڕێگای ئاوریشم بە کورستانیشدا تێپەڕیوە، چونکە کوردستان سەرەڕێ بووە بەرەو ڕۆژاوا و ئەوروپا. ڕێگایەکیان لەتەورێزەوە چووە بەرەو شارەکانی باکووری کوردستان و یەکێکی دی لە بەغداوە چووە بەرەو مووسڵ و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، هەر بۆیە کوردستانیش لە ڕووی بازرگانیی و فەرهەنگی و شارستانییەوە لە مێژوودا لە ڕێگای ئاوریشم سوودمەند بووە.
سەفەر بە شارەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە تایبەت شارەکانی خیفا و بوخارا و سەمەرقەند بەهۆی ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی هەیەتی و ئەو ئاسەوارە کۆنانەی بە جێ ماوە هەر وا هەست دەکەی بە ناو مێژوودا دەسوڕێیەوە، ڕوو لە هەر لایەک دەکەی مەدرەسەیە و مزگەوت و کاروانسەرایە یان ئارامگای زانایەک و عارفێکە. کە هەر یەکەیان تەمەنی بۆ پێنج سەد تا هەزار ساڵ پێش ئێستایە.
لە سەردانیم بۆ مزگەوتێک لە بوخارا مەلایەکی بە تەمەنم بینی بە تاجیکی قسەی بۆ کردم و بەزەحمەت لە زمانە تاجیکییەکەی تێ دەگەیشتم، دەیگوت: لە سەردەمی سۆڤیەت هەموو مزگەوتەکانی ئەم شارە داخرابوون تەنیا سێ مزگەت و ڕێگە درا بوو بۆ نوێژ، ئەم سێ مزگەوتەیش بەتوندی لەلایەن دەزگای هەواڵگری سۆڤیەتەوە (KGB) کۆنترۆل کرابوو، لێ نەدەگەڕان خەڵکەکە بەئازادی دینداری خۆیان بکەن، هەر بۆیە خەڵک لە هاتوچۆی مزگەوت دەپرینگانەوە.
لەم سەفەرەم لە بوخارا چاوم بە گەشتیارێکی ئەمەریکی کەوت و پێکەوە لەبارەی شارستانییەتی ئیسلام لە ئاسیای ناوەڕاست قسەمان کرد. ئەو ئەمەریکییە زۆر بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەم شارستانییەتەی دەکرد و دەیگوت: پێم سەیرە ئێمە لە ئەمەریکا ئەوەی لەبارەی ئیسلامەوە دەبیستن هەر باسی تیرۆر و توندوتیژییە وەک بڵیی ئەم دینە هەر کاری توندوتیژی بووە و هیچ بەرهەمێکی شارستانی نەبووە، بە داخەوە مێدیای ئەمەریکی و ڕۆژاوا هەر ئەم وێنەیە نیشانی ئێمە دەدەن، کەچی ئەوەی لێرە بە چاوی خۆم دەیبینم شتێکی دیکەیە، ئەم هەموو مەدرەسە و مزگەوتە لە سەدەی دەیەمی میلادی لێرە هەبووە ئەو هەموو زانایەی پێ گەیاندووە، ئەمە بەڵگەیە کە ئیسلام دینێکی شارستانییەت سازە و بەشدارییەکی گرنگی لە پێشخستنی زانستەکاندا هەبووە و زانای گەورەی پێشکەش بە جیهان کردووە، کە لە بۆ سەردەمی خۆی بە پێش ئەمەریکا و هەموو ڕۆژاوا کەوتووە. لە کاتێک لە سەدەی دەیەم لێرە مەدرەسە هەبووە زانستەکان خوێنراوە ئەوسا نە ئەمەریکا هەبووە و نە لە ئەوروپاش پێشکەوتنێکی وا هەبووە. بە داخەوە بۆ ئەم چەواشەکارییە کە ئەمڕۆ بەرانبەر جیهانی ئیسلام و موسڵمانان دەکرێت!.[1]