ناونیشانی بابەت: شای ئێران، کوردی ئێراق و شیعەی لوبنان 1958-1979
ئامادەکردن: د. گەیلان زینوەیی
پەڕتووکی ( (شای ئێران، کوردی ئێراق و شیعەی لوبنان 1958-1979) ) . لە جیاتی چەند دێڕ نووسین لەسەری زۆر باشترە لەلایەن چەند کەسانێکی شارەزا لە بواری مێژو و سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵناسی بەوردی بخوێندرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی ئەکادیمی بۆ بکرێت. ناواخنی دێڕەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە پڕە لە خاڵی لاواز و هۆکاری شکەستەکان کە زۆر باش سوودیان لێوەردەگیرێت و دەبن بە ئەزموون بۆ تاکی گەلی کورد.
دەستپێکی نەهامەتی...
ئێراقی ئەمڕۆ مەحکومی جوگرافیا و مێژوەکەیەتی، ئەم وڵاتە بە درێژایی دەیان سەدە مەیدانی پێکدادانی ئیمپراتۆرەکان و دەوڵەتانی خاک فراوان و حکومەتە سیاسییە نوێیەکان بوە. ئەمەش بەشێکی هەرە زۆری بۆ گرینگی شوێن و بە پیت و بەرەکەتی خاکەکەی دەگەڕێتەوە.
لەوەش خراپتر چارەنووسی ئەو بەشەی گەلی کوردە، کە لە سوچێکی سەروی ئەو وڵاتە سیاسییە بەنادەستی خۆی ئاخێنراوە و دەم نا دەمێک دەیکەنە قەڵاشکەری و چیلکەی ئاگری کوڵاندنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.
خاکی کوردستان بەو شێوە دابەشکردنەی کە ئێستا هەیەتی شوێنێکی گونجاوە بۆ دوژمنایەتی و تەسفییە حیساباتی وڵاتانی دراوسێو و هەرێمی. بۆ نموونە: چۆن شای ئێران لە ڕێگەی هاوکاری بزووتنەوەی چەکداری کورد دەست و پێی حکومەتی نوێی ئێراقی بەست کە لە ساڵی (1958) ، دەسەڵاتی لە بەغدا گرتە دەست. بەم کارەی وای کرد کە حکومەتی ئێراق کاتی نەبێ گەڤ و هەڕەشە لە پارێزگاکانی عەرەبنشینی خۆراوای ئێران و کەنداوی فارسی بکات.
بەهەمان شێوە سەدام حسێن لە تۆڵەی کارەکانی ئێران لە ساڵی (1979) ، سەرەتا دەستی کرد بە یارمەتیدانی گرووپە نەیارەکانی تاران و لە ساڵی (1980) ش خۆی ڕاستەوخۆ دژی ئێران دەست بەکار بوو بە دەستپێکی شەڕێکی هەشت ساڵەی پڕ لە کاولکاری.
لەوەش زۆر خراپتر ئەو کاتەیە کە گرووپە چەکدارە کوردییەکان جگە لە ئێران و تورک و سووریا لەلایەن ڕووسیا و ئیسرائیل و لیبیا و بریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا یارمەتیی دەدرێن بۆ فەڕزکردنی هێز و ئەجندای خۆیان بەسەر بەغدای ناوەند بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندی گەلی کورد لە ستراتیجیەتی کار و بەرنامەکانیاندا .
(شای نەهامەتییەکان) :
ئەوەی لە سەرجەم قۆناغە دژوارەکاندا جارێکیتر بەدبەختی و نەهامەتی گەلی کوردی زیاتر و زیاتر کرد، ئەوەبوو کە هێزە چەکدارە کوردییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد چونە ژێر سایە و باڵی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ئەوان. کە جێگای داخە تاکوو ئێستاش شای نەهامەتی هەر بوونی هەیە.
(کوردیان خراپ تێگەیاندبوو) :
ڕووداوەکان و بەڵگەنامەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە یارمەتیی دانی شای ئێران لە ساڵی (1958 تاکوو 1975) و دواتریش بۆ کوردی باشوور چەند ئامانجێکی هەبوە لەوانە:
1- ئێراق دان بنێت کە ڕوباری ئەلوەند خاکی ئێرانە.
2- بەلاوازی هێشتنەوەی دراوسێی ڕۆژاوای ئێران کە حکومەتی بەغدایە لەبەر بەرژەوەندی ئێران و ئیسرائیل و کەنداو.
3- کەم ڕەنگ کردنی بیری پان عرەبیزم لە بەغدا.
4- هێنانەدەری حکومەتی ئێراق لە کەمەرەی سۆڤیەتی جاران 5- ڕێگەگرتن لە سەربەخۆیی کورد یان ئۆتۆنۆمێکی خاوەن دەسەڵات لە ئێراق.
(ئێرانیش وڵاتی دامودەزگای دامەزراوەیی نەبووە) :
سەرەڕای ئەو خاڵانە ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە دەرکەوت لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە شای ئێران یارمەتیی کوردی باشووری کوردستانی داوە زیاتر بڕیار و لێکدانەوەی شەخسی خۆی بووە بەبێ گەڕانەوە و پرسکردن بە دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی ئێران وەک حکومەت و پەڕڵەمان زۆرجار تەنانەت کەسانی پلە باڵای دەزگا ئەمنییەکانیش بێ ئاگابوون ، ئەوەش پێمان دەڵێت سەرەڕای مێژووی لەمێژینەی حکومڕانی لە وڵاتی ئێران کەچی دامودەزگای بەدامەزراوەیی لە ئێراندا درووست نەبووە کە بتوانن بۆ بڕیاردان گفتوگۆی پرسە گرینگ و هەستیارەکان بکەن .
دەرئەنجامی کاری تاک ڕەوی شا و دور لە دامەزراوەیی دەوڵەتی ئێران وادەکات حکومڕانی شاهەنشاهی (2500) ساڵە کە بەشێک لە ئێرانیەکان لافیان پێ لێدەدا هەر تەنیا (21) ساڵ دوای حکومڕانی لاوازی پادشاهی ئێراقیەکان کار بێنێت نەک زیاتر !.
(کورد دەبێ ئەوە بزانێت) :
ئەوەی گرینگە و دەبێ خوێنەری کورد بیزانێ ئەوەیە کە خاکی ئێرانیش کەم کێشەتر نییە لە خاکی کوردستان بەڵام ئەو بەهۆی زۆری پێکهاتەی ئیتنی جیاواز و فرەڕنگی ئایینی و مەزهەبی دژ بەیەک ، گرینگی شوێنەکەشی وەک ڕێڕەوێک وای کردووە ئاشوریەکان و گریک و عەرەبی موسڵمان و مەنگۆل وتەتەر و تورک و ئۆزبەک و پرتوگال و ڕووس و ئینگلیز تەنانەت ئەفگان و کوردیش چاوی تێببڕن و زۆرجار داگیری بکەن .
لەبەر ئەوە بۆ سەلامەت مانەوەی خاکی ئێران بەشێکی گرینگ لە سیاسەتی ستراتیجی دەوڵەتی شا و کۆماری ئیسلامی ئێران هەمان سیاسەت بووە وەک چۆن کۆڵۆنێل (پادشاهی) لە کۆبوونەوەی باڵای ساواک دەڵێت: بۆ ڕێگریکردن لە خوێن ڕژان لەسەر خاکی ئێران دەبێ ئێمە لە کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست بجنگین و مەترسییەکانی پان عرەبیزم لەوەێ بەرزەفت بکەین . بە هەمان شێوەش لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران جنڕاڵ (قاسم #سلێمانی#) دەڵێت: بۆ پاراستنی خوڕەم شار دەبێ لە حەلەب شەڕبکەین و مەترسییەکان لەوێ لەناو ببەین .
ئەمە جگە لە دەستوەردانی حکومەتی شاو کۆماری ئیسلامی لە ئەفریکا و لیبیا و مسڕ و لوبنان و یەمەن و ئێراق و بەلکان و ئاسیای ناوەڕاست و ئەفگانستان و پاکستان .... .
ئەم بیردۆزە پێمان دەڵێت هەرکاتێک ئێرانیەکان نەیان توانی دەستوەردانەکان لە وڵاتانی دەوروبەر و دور بەردەوام بکەن چاوەڕێی کەوتنی ڕژێمی تاران ببن .
(ڕاستێکی ناڕوون) :
لە خوێندنەوەی ئەو پەڕتووکە و چەند سەرچاوەیێکیتر دژە بۆچون و ڕوانینێکی جیاواز لەمەڕ سەر هەڵدان و درووستبوونی حەرەکەی چەکداری باشوور (شۆڕشی ئەیلول) ، درووست دەبێ بە جۆرێک پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر و فراوانتر هەیە تا ڕاستییەکان بزانین ، چونکە هەندێک لەسەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شای ئێران ئەم بزووتنەوەی سەرپێ خست لەبەر ئەو هۆکارانەی پێشتر ئاماژەمان پێ کردن . سەرچاوەی تر دەڵێت دەزگای مۆساد ئەم بزووتنەوەی سەرپێ خست ، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کورد سەرپێی خست ، هەندێک سەرچاوە دەڵێن سۆڤیەت سەرپێی خست تاکوو چاوی ئەمریکا لەسەر قەیرانی بەڕلین لابدات کە لە حوزەیرانی 1961 ڕوویدا ، هەندێک لەسەرچاوەکانیش دەڵێن (M16) هانی کوردی داوە بۆ دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ بەغدا سەرەتا لە ساڵی 1961 و دواتریش 1964 نەوەک جەمال عەبدولناسر بە پاڵپشتی عەبدسلام عارف ببێتە هێزی باڵادەست لە کەنداوی فارس ، هەڵێنجانی بۆچونی ڕاست لەناو کۆی ئەو بۆچونانە کارێکی ئاسان نییە ئەگەرچی زۆر گرینگ و پێویستە .
بێگومان ئەو ناڕوونیە دەتوانین بڵێین بۆ قۆناغەکانی دواتری بزووتنەوەی چەکداری کوردیش هەر ڕاستە کە ناسراون بە (شۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵان) .
(کاتێک بەرانبەرەکەت ناناسی) :
سەرچاوەکان و ڕووداوەکانی کۆن و نوێ خاڵێکی زۆر لاوازی دونیابینی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە قۆناغە جیاکان بەیان دەکات ئەویش نەناسینی دوژمن و نەیارەکانە وەک خۆی ، بۆ نموونە: سەرەتای سەدەی بیست ئینگلیز هاتە ئەم ناوچەیە ، هەڵسوکەوت و مامەڵەی ئینگلیز لەگەڵ گەلی کورد زۆر باشتر بوو لە مامەڵەی عوسمانیەکان لەگەڵ گەلی کورد کەچی سەرانی سیاسی ئەوسای کورد نەیان توانی ئەم جیاوازیە بقۆزنەوە و خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ئینگلیز بگونجێن بۆ سوودی ئاوەدانی کوردستان و ئارامی گەلی کورد ئەوەبوو دژایەتی ئینگلیز ماڵوێرانی زۆری بۆ کورد لێکەوتەوە .
حکومی پاشایەتی لە ئێراق بۆ کورد باشتر بوو لە حکومی عەسکەرتاری ئینگلیز کەچی دیسان سەرانی سیاسی ئەوسای کورد نەیان توانی سوودی باش لە ڕژێمی پاشایەتی وەربگرن بۆ سوودی کوردستان و خەڵکەکەی .
ئینجا ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم بۆ کورد باشتر بوو لە ڕژێمی پاشایەتی و یەکەم ڕژێمی سیاسی بوو کە لە دەستوور دان بنێت بە مافی سیاسی گەلی کورد ئەمەش دەسکەوتێکی مێژووی گرینگ بو بۆ گەلی کورد ، کەچی دیسان سەرکردەی سیاسی ئەوسای کورد نەی توانی بۆ گەلی کورد کەڵک لەو قوناغە نوێی و گرینگە وەربگرێت و کوردستان ئاوەدانی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت .
دواتر حیزبی #بەعس# بۆ گەلی کورد لە قەومیە شۆڤێنیکان باشتر بوو ، سەرەڕای کەموکووڕی لە سیاسەتی حیزبی بەعس بەرانبەر بە گەلی کورد بەڵام بەناچاری دیسان دانی نا بە مافی سیاسی و ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد ئەمەش ڕووداوێکی کەموێنە بوو لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە .
بەداخەوە دیسان بە فەرمانی شای ئێران سەرکردایەتی ئەوسای کورد ئامادە نەبوون لەگەڵ حکومەتی بەغدا ڕێکبکەون و لە ڕێگەی ئۆتۆنۆمی بەشداری کارا و بەرچاوبکەن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێراق بۆ خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان ، ئەگەر ئەو کارەشکرابوایە بە دور دەزانرا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەم شێوەیە دوچاری دەیان کارەساتی وەک جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگواستن و تێکدانی دیمۆگرافیا ببایەوە .
بە پێی ئەزموونی ڕابردوبێت ، ئێستاش زۆر باشترە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستووری ئێستای ئێراق هەوڵی تەواو جدی بدات بۆ درووستکردنی پەیوەندی پتەو تاکوو بتوانێ لە ڕێگەی دەستووریەوە خزمەتی گەورە بە خاک و خەڵکی کوردستان بکات و کەمێک ئێش و ئازاری گەورەی ئەم گەلە ساڕێژ بکات .
(کاتێک تەواوی هێلکەکانت دەخەیتە یەک سەبەتە ئیتر کەوتنێکی بەسە) :
دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی جەزائیر لە ساڵی (1975) و گەڕانەوەی شای ئێران بۆ تاران ، (ئەسەدوڵا خان عەلەم) لەشای پرسی: ئەی چارەنووسی ئۆتۆنۆمی کورد لە ئێراق چی لێهات ؟
شا بە خوێن ساردیەوە وتی: هیچ!
ئینجا ئەوەشی زیادکرد و وتی: ئەو گەلەی شکەست لە دوای شکەستی تووش هاتووە ، زۆر باش دەزانن کە ئەوان دە ڕۆژ بەبێ پشتیووانی ئێمە خۆیان لەبەرانبەر پەلامارەکانی سوپای ئێراق ڕانەدەگرت.
دووبارە ئەسەدوڵا خان عەلەم وتی: لەو ساڵانەی دوایدا ئێراق ئۆتۆنۆمی دابە کورد بەڵام تۆ فەرمانت پێکردن پێی قایل نەبن ئەوانیش بە قسەی تۆیان کرد ؟!
دوا وتەی شای ئێران ئەوەبوو کە وتی: هەردوو لایەن ڕاستیدان نەدەکرد !
لەداستانی قارەمانەتی و ئازایەتی گەلاندا هەمیشە پاڵەوان و پێشەواکان ڕووبەڕووی ژیانێکی تراژیدیا بوونەتەوە ، ئەی لە داستانی خەباتی حەفتا ساڵەی کوردی باشوور چی ؟!
(پرسیار) :
ئەو پرسیارەی تاکوو ئێستا بیرکردنەوە و لێکدانەوەی بەردەوام درووستدەکات ئەوەیە ، لە ساڵی (1972) دەستکرا بە جمجۆڵی دبلۆماسی لەنێوان شای ئێران و حکومەتی بەغدا بە مەبەستی ڕێکەوتن و پشتکردن لە گەلی کورد لە باشوور ، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای هەرێمی کوردستان ئاگاداری بەشێکی گرینگی ئەو هەوڵانە بوو . چ عەجەب بە ڕازی بوونی ئۆتۆنۆمی و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا ڕێگریان لە کارەساتی ساڵی (1975) ی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان نەگرت ؟!
ماوە بڵێم،
بەڕاستی ئەم جارەش بەڕێز کاک (شەفیقی حاجی خدر ) ، هەڵبژاردنەکەی بۆ وەرگێڕان تۆپ بوو ، لەگەڵ ماندوبوونی زۆری ڕوبارێک زانیاری گرینگی ڕژاندە ناو پەڕتووکخانە و هزری خوێنەری کورد .
دەستی خۆی و هاوکارانی خۆش بێت. [1]