ناونیشانی بابەت: ڕەنجی بێوەریی فەرهادەکان بۆ (شیرین) ی نیشتمان، خوێندنەوەیەک بۆ پەڕتووکی (رەنجی فەرهادەکان)
ئامادەکردن: هیوا ناسیح
لەم ماوەیەی پێشوودا پەڕتووکی بیرەوەرییەکانی دکتۆر هەژار مەعروفم بە دیاری لەلایەن بەڕێزیەوە بەدەست گەیشت، پاش خوێندنەوەی وەک بەڵێنم پێیدابوو حەزم کرد وتارێکی لەسەر بنووسم، ئەم پەڕتووکە 433 لاپەڕەیە، 33 لاپەڕەی کۆتایی وێنە و بەڵگەنامە لە خۆ دەگرێت، ساڵی 2020 لە باشوور چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر ساڵی 1954 لە #سلێمانی# لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ئەدەبدۆست لەدایک بووە، مەولەوی شاعێر دەبیتە باپیرەگەورەیان لە دایکەوە، ئەم خوێندکارێکی زیرەک بووە، لە کۆلیجی پزیشی وەردەگیرێت، هەر لە لاوێتیدا خولیاى کوردایەتى لە ناخیدا درووست بووە . بۆیە لە کاتێکدا لە کۆلیجى پزیشکی خوێندۆیەتى 1975 یستویەتى واز لە خوێندن بهێنێت و ببێتە پێشمەرگە. خزم و دۆستەکانى پەشیمانی دەکەنەوە و داوای لێدەکەن خوێندنەکەى تەواو بکات، دواى ئەوەى دکتۆر هەژار دەبێتە پزیشک و لە سلێمانى بۆ ماوەیەک کارى پزیشکى دەکات جارێکى تر خولیاى بوون بە پیشمەرگە ئۆقرەى لێ دەبڕێت و لە مانگى 8 ساڵى 1979 ماڵ ئاوایی لە دایک و براو کەس وکارى دەکات و پەیوەندى بە شۆڕشەوە دەکات. پاش پێنج ساڵ و نیو پێشمەرگایەتی، بەشداری دەیان چالاکی و چارەسەر و تیمارکردنی سەدان پێشمەرگە و خەڵکی ناوچە ڕزگارکراوەکان، لە ئەنجامی ناکۆکی ناو هەناوی کۆمەڵە و باڵەکانی تری نێو یەکێتی، ئەم هاوسۆزیی باڵی ئاڵای شۆڕش دەبێت، بەڵام ئیتر بێزار دەبێت و دڵى لەپێشمەرگایەتى سارد دەبێتەوە و بڕیار دەدات بەرەو هەندەران بڕوات. دواجار خۆیی و خێزان و کوڕە بچوکەکەى لە کۆتایی مانگى دیسەمبەری 1984 ماڵ ئاوایی لە هاوسەنگەران و هەموو یادەوەریە خۆش و ناخۆشەکانى دەکات و بە دڵێکى شکاوەوە لە شاخى سوورێنەوە بەرەو ئێران دەکەونە ڕێگاو لەوێشەوە بۆ سووریاو دواى زەحمەتێکى زۆر دەگەنە وڵاتى ئەڵمانیا. لەوێ دوای چەندان ساڵ جێگیر دەبێت و دکتۆرا لە بواری دەروونناسیدا بەدەست دێنێت، پێش دە دوانزە ساڵێک دەگەڕێتەوە باشوور و دەبێتە مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و نۆڕینگەی پزیشکی خۆشی دەکاتەوە.
ئەوەی گرنگە لە نووسینی هەر بیرەوەرییەکدا، کە مرۆڤەکە خۆی نەکات بە سوپەرمان و بێ هەڵە و بێتاوان، بەتایبەت گەر لە کایەی سیاسی و شۆڕشدا کاریکرد، هەروەها بە مرۆڤەکانیشدا هەڵنەدات کە خۆشی دەوێن و سەرکردە و ڕابەر و لێپرسراو بوونە لە سەردەمەکەیدا، لەمەش گرنگتر منەتنەکردنە بە سەر گەل و میللەتدا کە تۆ خەباتت کردووە. من هاوسەنگی و خۆبە سوپەماننەکردن و ڕەخنە لەخۆگرتن و خاکیبوونی نووسەرم لەم بیرەوەریانەدا خوێندەوە. جگەلەوەی بە زمانێکی سادە و ڕەوان و ئەدەبی جوان دایڕشتوە، ئەمە وایکردووە، هەرچەندە هەندێک بابەت زیاد درێژکراوەتەوە، بەڵام خوێنەر هەست بە بێزاری ناکات. جگە لەمە لەبەر ئەوەی ناوبراو دکتۆری دەروونییه، شیکاری جوان بۆ کەسایەتییە دیارەکانی ناو شۆڕش دەکات لە ڕووی دەروونییەوە. هەروەها باسی قارەمانی و لەخۆبوردوویی هەندێک کەس و بێوەفایی هەندێک سەرکردە و ناپاکی هەندێک کەس دەکات.
لە لاپەڕە 293دا لەژێر ناونیشانی (ئەم دەستاڕە کەی لە هاڕین دەکەوێت) دەنووسێت: هەموو گەمە خوێناوییەکانی ئەم ناوچەیە وەک هاڕینی دانەوێڵە بوو بە دەستاڕ. بەردە گەورە ئەستوور و بەهێز و قوورسەکەی ژێرەوە دەبێت لە شوێنێ خۆی بێ و نەجوڵێت: ئەوە کەڵک و قازانج و پێگەی ستراتیجی وڵاتانی زلهێزە. بەردە سوکەکەی سەرەوە کە بەردەوام لە خولاوەنەوەدایە و ناوبەناو دەبێت بگۆڕدرێ، ئەوە ڕژێمەکان و دەستەڵاتدارانی خۆجێیی ناوچەکەن. دانەوێڵەکەش: ئەوە خەڵکی زۆرینەی ناوچەکەن، دەبێ بەردەوام بهاڕدرێن و ورد ورد کرێن!
دکتۆر هەژار وەک مرۆڤێکی ڕاستینە بە مانا و ڕەهەندە مەعریفییەکەی نەک بەداخ و هاوسۆزە بۆ پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی ناوخۆی براکان لە شاخ و بریندارەکانیشیان وەک بریندارانی حزبەکەی و هاوبیرانی خۆی تیمار دەکات، بەڵکوو سۆزی بۆ ژینگە و گیانەوەرانیش هەیە، هەر بۆیە کاتێک ئێسترەکەی ئەمان پێشمەرگە بریندارە سەختەکەی لە پشتە و بەنێو کڕێوە و بەستەڵەک و بەفرێکی باریوی زۆردا بەرەو ئێرانی دەبەن، ئەمان دەگەیەنێتە جێگەی مەبەست، دکتۆر دێت ناوچەوانی ئێسترەکە ماچ دەکات! جارێکی تریش پێشنیاز دەکات، لەبری ئەو خزمەتە زۆرەی ئێستر لە شاخ بە پێشمەرگە و شۆڕشی کردووە پەیکەرێکی گەورەی لە شاردا بۆ درووستبکرێت، کاتێک کوردستان ئازاد بێت.
ئەوەی جێگای دەست خۆشییە زمانی ئەدەبی گێڕانەوە و پاراویی کوردییەکەیەتی، لە زۆر جێگا وشەی نەبیستراو یان کەمبیستراوی کوردی بەکار هێناوە لەبری ئەم وشانە، وەک: خۆدەربڕ/ سەریح، ناخۆئاگایی/ نەست، خۆراکاو/ موغەزی، ئاویدڵۆپاو/ موقەتەر، هاوژینگیری/ هاوسەرگیری، میزدان/ میزەڵدان، سەنگاندن/ هەڵسەنگاندن، ئەزمودە/ بەتەجروبە، سەماگا/ دیسکۆ، خورپەی دەروونی/بیرهاتنەوەی لە پڕی بیرەوەریی تاڵ، هەستشێوان/ نەخۆشی دەروونی، پورەخەمه/ لەبری مامە خەمە بۆ ژنی خەمخۆر و ...هتد.
لە لاپەڕە 155دا بەراوردێکی جوانی هەڵوێستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەکات بەرانبەر بە کێشەی فەلەستین و بێ هەڵوێستی و بێ وەفایی عەرەب بە گشتی و فەلەستینییەکان بەتایبەتی. بابەتەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کاتێک دکتۆر هەژار ساڵی 1985 لە دیمەشق بێکار و هەژار و بێحاڵ دەبێت، بڕوانامە پزیشکییەکەی هەڵدەگرێت و ڕوودەکاتە کەمپی یەرموکی پەنابەرانی فەلەستین تا کارێکی لەوێ دەستکەوێت، کەچی پاسەوانەکەی بەردەرگا ناهێڵێت بچێتە ژوورەوە، بگرە بە خوێنساردییەوە دەڵێت: تۆ کوردی دژی سەددامی و ئێمە تۆمان ناوێ و تەواو! لێرەوە دێتەسەر باسی ئەوەی چۆن گەریللاکانی پێکاکا شانبەشانی فەلەستنینییەکان ساڵی 1978 کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، هەروەها ساڵی 1982 کاتی ئابڵۆقەدانی بەیرووت دەیان شەهیدیان دا، کەچی دەبینین گەلانی موسوڵمان بە گشتی بە ئیخوانی کوردی (یەکگرتوو) شەوە و عەرەب و فەلەستینییەکان بەتایبەتی هەرگیز ئەم بابەتە باس ناکەن و لەبەر چاویان نییە، تەنانەت وەک نووسەر دەڵێت: کاتێک سەرکردایەتی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و یاسین عەرەفات ناچار دەکرێن بەیرووت بەجێبهێڵن و ڕوو لە تونس دەکەن، یاسر عەرەفاتی ڕابەری گشتی ئەوسای فەلەستین لە وتارێکیدا باسی شەهیدانی هەموو گەلانی تر دەکات کە خەباتیان بۆ فەلەستین کردووە و لەپاڵ ئەواندا شەهیدیان داوە، کەچی باس لەو دەیان شەهیدەی پێکاکا نادات، چونکە کوردن!
د. هەژار دیمەن و هەڵوێستی گەورەئەمنێکی عەرەب، کە لێپرسراوی لقی حەێین بووە لە سلێمانی بەرانبەر مامۆستا ڕەئوف عوسمانی برای دەگێڕێتەوە بە ناوی ئەبو دونیا، کاتێک ناوبراو مامۆستا ڕەئوف عوسمانی برا گەورەی د. هەژار بانگ دەکات بۆ لێکۆڵینەوە پێی دەڵێت: خۆت #بەعس#ی نیت و لە هەموو بنەماڵەکەشتان بەعسییەکی تێدا نییە، ، بەمەشەوەوە ناوەستیت لەنێو مامۆستاکان و خەڵک و نێو پۆلدا کاتی وانەوتنەوە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژی بەعس و حکومەت قسە دەکەیت، دووەم برا دکتۆرەکەشت چەکی خیانەتی هەڵگرتووە دژمان. تا ئێستا دەنگمان نەکردووە چونکە مامۆستایەکی عەرەبی زۆر سەرکەوتوویت و زۆر ستایشت دەکەن، تۆ مامۆستای منداڵەکانمانی، بەڵام ئیتر تەواو، ئیتر دەست دەکات بە جنێو و سووکایەتی بە مامۆستا ڕەئوف و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات، کاتێک مامۆستا ڕەئوف دەیەوێت بەرگری لە خۆی بکات، ئەبودونیای شۆفێنی و دڕندە ڕێگای قسەکردنی پێ نادا و تفێکیش دەکاتە دەموچاوی مامۆستا ڕەئوف، کاتێک ئەم دەستەسڕەکەی دەردێنێت تا تفەکەی سەردەموچاوی بسڕێت، ئەو جانەوەرە دەمانجەکەی دەردێنێت، لولەکەی دەخاتە سەر لاجانگی و پێی دەڵێت: بیسڕیت هەر ئێستا دەتکوژم، پاش سووکایەتی دەیکاتە دەرەوە! بەڕاستی ئەم ڕووداوەی نووسەر لە کێتەبەکەیدا گێڕاویەتەوە زۆر ئازاریدام، چونکە جگەلەوەی کە خۆی تاوانێکی قێزەون و ناشرینە جا بەرانبەر هەر کەسێک بکرێت، من مامۆستا ڕەئوف باش دەناسم، دوو ساڵ لە ئامادەیی کوڕانی سلێمانی وانەی زمان و ئەدەبی عەرەبی پێ گوتومەوە، خۆم بە قەرزاری ئەو هەموو ڕێز و زانست و زانیارییانەی دەزانم، دەزانم چەند کەسێکی بەڕێز و خۆشەویست و دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە، لێرەوە هیوای تەمەندرێژی و تەندرووستی بۆ دەخوازم. خۆشبەختانە، ئەو دڕندە بەعسییە لە کاتی ڕاپەرین 7ی ئازاری 1991 لە کاتی بەرگریکردن لە مونەزەمەکەیان لە سلێمانی بە سزای خۆی دەگات.
هەندێک سەرنج و تێبینیم لەسەر ناوەرۆکی پەڕتووکەکە هەیە، کە ئەمانە هیچ لە بایەخی پەڕتووکەکە کەم ناکەنەوە، ل26 نووسەر باس لە شیعری (بارزانی پێشمانکەوە بارزانی) دەکات، کە هی هەژار موکریانییە، نەک شێرکۆ بێکەس، وەک ئەم نووسیویەتی. ئینجا دەقی شیعرەکەی پیرەمێرد ڕاستییەکەی ئاوایە (شەوێک پیاوێ لە بەفرا ما نەمرد ئاگرێکی دووری دی) ، بەڵام نووسەر وای نووسیوە (شەوێ پیاوێ لە بەفرا ما نەمرد دی ئاگرێکی دێ) . جگە لەمە ئاشکرایە ئەنجامی درووستکردن و جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش ساردبوونەوەی سەدان پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی ڕێکخستن و ڕادەستبوونەوەی دەیان پێشمەرگە بە ڕژێم بوو، نووسەر جگەلەوەی خۆشی چەرمەسەری و دڵساردبوونەوە و ماندووبوونی بۆ کێشاوه، کەچی هیچ هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئەو جیابوونەوەیە و درووستکردنی ڕێکخراو لەنێو ڕێکخراوێکی تردا، کە کۆمەڵە بوو نەکردووە. مادام خۆی لەنێو ڕووداو و لەگەڵ ڕووداوەکاندا ژیاوە دەبوو هەڵسەنگاندن و ڕای خۆی لە ئێستادا و پاش ئەو هەموو تەمەن و ئەزموونە بنووسیایە. لە لایەکی ترەوە بە نازناو باسی دەیان کەسی هەلپەرست و وەک دەڵێن کوڕی ڕۆژی کردووە کە چۆن کەمترین قوربانی و زۆرترین قازانجیان لە شۆڕش کردووە، بە ڕای من دەبوو گەر بە پیتی یەکەمی خۆی و باوکیشیان بوایە ناوی بهێنانایە، تا بناسرێنەوە، لە ڕووی یاساییشەوە لەسەری ناکەوت.
لە پاشکۆی پەڕتووکەکەدا نووسەر چەندان وێنە و دۆکیۆمێنت بڵاودەکاتەوە، هەندێکیان وێنەی یادگاریی سەردەمی پێشمەرگایەتی و هەندێکیان هی ئەوروپان، باس لە چەندان چالاکی مەدەنی و سیاسی دەکات، کە ڕێکخەر یان بەشداربووە تێیاندا وەک پشتیووانی بۆ شۆڕشی کورد، بۆ نموونە کاتی کیمیابارانی #هەڵەبجە# ئەم یەکێک بووە لە ڕێکخەرە سەرەکییەکانی چالاکی هێرش کردنە سەر نووسینگەی هێڵێ ئاسمانی ئێراقی لە فرانکفورت و کۆنترۆڵکردنی لە ڕۆژی 23/3/1988. کە دەنگدانەوەیەکی باشی لەنێو میدیای ئەڵمانیدا بەدوای خۆیدا هێناوە. دوای ڕاپەرینیش هاوکاری ئەو گوندانەی کردووە کە ڕۆژێک تێیدا حەساوەتەوە و خزمەتیان کردووە. بە کوورتی خوێندنەوەی پەڕتووکەکە ڕاپۆرتێکی گشتیی و فراوانە لەسەرشۆڕشی کورد بەگشتی و یەکێتی بەتایبەتی، بە هەموو خەبات و خوێن و خیانەت و پاکی و دڵسۆزی و شەهیدبوون و قوربانیداییەوە. [1]