ناونیشانی بابەت: بولێڵە، گێڕانەوەیەکی جیاواز بۆ ڕووداوو کەسایەتییەکان
ئامادەکردن: ئاوێنە
عەلی حامید قادر، یەکێکە لەشیوعییە دیارەکانی شاری سلێمانی کە لەژێر ئەشکەنجەی زیندانەکانی بەعسدا هەردو چاوی لەدەستداوە، ساڵی ڕابردو یاداشتەکانی بڵاوکرایەوە، لەم یاداشتانەدا خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ زۆرێک لەڕووداوو کەسایەتییە سیاسییەکانی نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی و حیزبی شیوعی بەتایبەتی کراوە.
عەلی حامید قادر، کە ساڵی 1933 لە گەڕەکی سەرگۆل لە سلێمانی هاتووەتە دونیاوە، لەهەڕەتی لاوییەوە لەپاڵ کاری کرێکاریی، تێکەڵ بەچالاکیی سیاسی بووەو چوەتە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی ئێراقەوەو ساڵانێکی دورودرێژ ئەندامێکی چالاک و بەئەمەکی ئەو حیزبە بوەو هەردو چاویشی لەپێناویدا داناوە.
عەلی حامید شەوی 30 لەسەر 31ی مانگی ئایاری ساڵی 1989 لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە بەتۆمەتی پەیوەندیی بەڕێکخستنە نهێنییەکانی شاری سلێمانیی حیزبی شیوعییەوە دەستگیر دەکرێت و لەپاش نزیکەی ساڵێک لەلێکۆڵینەوەو ئازاردان و ئەشکەنجەدان لە ڕۆژی 7ی مانگی ئایاری ساڵی 1990 دراوەتە مەحکەمەی سەورەو بڕیاری زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە. بەڵام لە ڕۆژی 28ی مانگی 12ی ساڵی1991 بەلێبووردنی گشتی لە زیندان ئازادکراوە.
عەلی حامید کە هەموو ژیانی کوێرەوەری و دەردەسەری و تاڵی بووە، لەکاتی ئەشکەنجەدان، لەگرتوخانەکانی ئەمنی سلێمانی و تکریت و بەغدا هەردوو چاوی لەدەستداوە، هەر بۆیە بەنابینایی یاخود کوێریی لە زیندان ئازاد بووە.
27 ساڵی کۆتایی تەمەنی، واتە لە مانگی دوانزەی ساڵی 1991 تا مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 بەکوێریی و زۆربەی کات لەماڵەوە ژیاوە. ڕۆژی 7ی مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 کۆچی دوایی کردووە.
لەپاش کۆچی دوایی، یادداشتەکانی بەناوی بولێڵە بڵاوکراوەتەوە، ، کە چەندین خاڵی سەرنجڕاکێش سەبارەت بەروداوو کەسایەتییەکان لەخۆدەگرێت.
=KTML_Bold=کانی ماسی، کوشتارگەی شیوعییەکان=KTML_End=
عەلی حامید دەربارەی تاقمەکەی کانی ماسی دەڵێت کانی ماسی، تەنیا ناوێکی تری گوندی قەرەتۆغان نەبوو کە دێیەکە کەوتووەتە بەشی باشووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی، بەڵکوو هەم ناوی کوشتارگەو هەم ناوی تاقمێک شیوعیکوژ بوو کە لەدەهەی شەستی سەدەی پێشوودا دەیان کەسایەتی و ئەندامی بەرچاوو چالاکی حیزبی شیوعییان تیرۆرکرد. زۆرجار شیوعییەکان لەناو بازاڕ پەلامار دەدران و دەڕفێنران یاخود لەماڵەوەو لەناو ماڵ و منداڵ و کەسوکاریاندا هەڵدەکوترایە سەریان و بەرەو کانیی ماسی دەڕفێنران و لەوێ لە دوای ئەشکەنجەدانی زۆر دەکوژران. تەنیا تاوانێکیشیان ئەوە بوو کە شیوعی بوون. ئەوەی کە جێی داخ بوو ئەوە بوو کە خەڵکێکی جوتیاری دەستبەتاڵ و بێکاری گوندەکەیش لەم کوشتن و بڕینەی شیوعییەکاندا بەشداربوون و تێوەگلابوون.
عەلی حامید باس لەوە دەکات کە پاش ئەوەی شیوعییەکان لەکانی ماسی دەکوژران، لاشەکانیان لە چەمی چاوڕەشە لە خوار کانیی ماسییەوە فڕێدەدراو کاتێک کەسوکاریان دەجون دەیانهێنانەوە، سەگ و ئاژەڵی دڕندە بەشێک لەلاشەکانیانی خواردبوو.
ئەو دەڵێت کانیی ماسی، نەک هەر لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژووی سیاسیی شاری سلێمانییە، بەڵکوو پەڵەیەکی شەرمیشە بەتەوێڵی کوردایەتییەکەی پارتی بەهەردوو باڵەکەیەوە. ئەو ڕۆژگارە شیوعییەکان بێبەزەییانە لەنێوان لەلایەک بەرداشی نەتەوەپەرستە عەرەبەکان، کە بەعس و ناسرییەکان و عەبدولسەلام عارف نوێنەرایەتییان دەکردن و لەلایەکی تر بەرداشی نەتەوەچییە کوردەکان کە پارتی و جەلالییەکان نمایندەییان دەکردن، پەستێورابوون، ئاشی ناحەزیی و دڵڕەشیی هەردوو بەرداش دڵڕەقانە دەیهاڕین. کەسوکاری ئەو شیوعییانەی کە لەو سەردەمەدا لەکردەی کانیی ماسیدا تیرۆرکران، نەک هەر پێویستە داوای لێبووردنیان لێبکرێت، بەڵکوو پێویستە قەرەبوویش بکرێنەوە.
=KTML_Bold=شیوعییەکانیش لەتێهەڵدانى خەڵکدا لێزان بوون=KTML_End=
عەلی حامید لەیاداشتەکانیدا دەڵێت دەهەی حەفتا، کە نائیب عەبدوڵڵا لێپرسراوی سلێمانی حیزب بوو، جارێکیان نائیب بانگی کردم بۆ بارەگای حیزب کە لە گەڕەکی کانێسکان بوو، دوو بەدوو دوواندمی و وتی: سێ ناو هەن، بەڵکوو بتوانیت بەهۆی ئەو هاوڕێیانەوە کە لای خۆتن لەڕێکخراوەکەت، دارکارییەکی باشی هەرسێکیانم بۆ بکەیت. ئەو سێ کەسە یەکێکیان لە فەرمانگەی ئاوی سلێمانی بوو، یەکێکیان مامۆستا بوو، ئەوی سێیەم چێشتخانەی هەبوو لەئەسحابەسپی. نائیب وتی: ئەوەی فەرمانگەی ئاو ڕۆژانە دەیان جوێنی ناشیرین بەبەهادین نووری دەڵێ.
عەلی حامید باس لەوە دەکات کە پاش ئەوەی دووراو دوور خۆی تاقیبی هەرسێ کەسەکە دەکات و بەوردی بەدوای بنج و بنەوانیاندا دەچێت، ئەو دەڵێت چارەک بۆ دوو پێکەوە لەگەڵ عوسمان عەلی وێڵەدەری چووین بۆ لای فەرمانگەی ئاو، کابرام بینی لە فەرمانگەکە دابەزی و بەرەو کانێسکان بەرەوخوار بووەوە، پاش ئەوەی چەند هەنگاوێک ڕۆیشت و گەیشتە کۆڵانەکەی بەردەم ماڵی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودو لەوێوە لایداو لەشەقامەکەوە نەڕۆیشت، ئێمەیش بەکۆڵانەکەدا شوێنی کەوتین، کە زانیم کەس دیار نییە هەر لەدووریی چەند هەنگاوێکەوە بانگم لەکابرا کرد، هێشتا لەبانگەکەم نەبووبوومەوە عوسمان کابرای تەختی ئەرز کرد. کابرا دەستیکرد بەهاوارکردن. من کاتێک کە نائیب ناوی ئەم زەلامەی داپێم وتی: نەکەی پێیبڵێی لەسەر جوێندان بەبەهادین نووری تێتهەڵدەدەین. کاتێک کە عوسمان کەوتە وێزەی کابراو دای بەئەرزدا، من چوومە بن سەری کابراو بەدەنگی بەرز پێموت: نەخەڵەتابێتی جارێکی تر جوێن بەبەهادین نووری بدەیت!.
دەشڵێت دوو کەسەکەی تر، واتە مامۆستاکەو خاوەنی چێشتخانەکە لەئەسحابەسپی، بەهیچ کلۆجێک قەرەیان نەکەوتین. چونکە هەردووکیان بە بنەماڵە سەر بەحیزب بوون، یەکێکان خاڵی بنەماڵەیەک و ئەوی تریان خوشکەزای بنەماڵەیەکی سەر بەحیزب بوو. تێنەگەیشتم نائیب ویستی بەم کارە من تووشی گێچەڵ و سەرئێشە بکات یان چی؟!.
=KTML_Bold=ئەو ڕۆژەی ئاسۆی دەلاک لەکۆڵانەکەماندا دەستگیر کرا=KTML_End=
عەلی حامید سەبارەت بەدەستگیر کردنی ئاسۆی دەلاک دەڵێت ڕۆژێکی مانگی هاوینی ساڵی1979 بوو، ماوەیەکی زۆر نەبوو ئەحمەدی برام، کە لەلایەن ئەمنەوە دەستگیرکرابوو، ئازادکرابوو، بۆ ئەو ڕۆژە ماڵی ئەحمەدم بە خاوو خێزانەوە داوەتی ماڵی خۆمان کردبوو لەو خانووە حکومییەی کارگێڕیی خۆجێیەتیی کە لە گەڕەکی گۆیژە چەند ساڵێک بوو تێیدا نیشتەجێبووین. بانگهێشتمان کردبوون بۆ نانی نیوەڕۆ بێن بۆ ماڵی خۆمان. من کە ئەو ڕۆژە لەسەر کارو لەدەوام بووم لەکارگێڕیی خۆجێیی، دەوروبەری بەر لەنیوەڕۆ مۆڵەتم وەرگرت و لە فەرمانگە هاتمە دەرەوەو وردەوردە بەپێ و بەناو بازاڕدا بەرەو شەقامی سابوونکەران هەڵگەڕام و وەک هەندێک لەڕۆژانی تر بەو ڕاستە شەقامەی سابوونکەراندا ڕووەو ماڵەوە گەڕامەوە. ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژەکانی تر ڕۆژێکی سادەو ئاسایی نەبوو، چونکە هەر کە لەگەڵ لەمبەر شەقامەکە بەرەو ئەوبەری شەقامەکە پەڕیمەوەو ئەو چەند هەنگاوەم هەڵنا کە دەمگەیەنێتە ناو کۆڵانەکەی خۆمان، هەم جموجوڵێکی نائاسایی و هەمیش کشوماتیی و بێدەنگییەکی نامۆو سەیرم هەست پێکرد کە لەڕۆژانی پێشتر دیمەن و دۆخی لەو جۆرەم هەست پێنەکردووە و نەبینیوە. خۆ ڕۆژانی تریش جموجوڵ و هاتوچۆ لەکۆڵانی ئێمە هەبووە و گەرموگوڕیش بووە. ئەو ڕۆژە، کاتێک کە گەیشتمە کۆڵانەکە، لەبەرانبەرم و لە بەردەم دەرگای مەخزەنی کۆلاکە، واتە لەکۆڵانەکەی تری ڕووی پێشەوەو بەردەمی ماڵی خۆمان، لادایەکی ڕەنگ سپی ڕاوەستابوو چەند کەسێک بەجلوبەرگی مەدەنییەوە، بەڵام چەک بەدەست بوون و چەکەکان بەدەستیانەوە دەبینرا، بەدەورو خولی مولازم موحسین-دا دەهاتن و دەچوون و مقۆمقۆیان بوو لەوەدا بوون وەک بڵێی لەو شوێن و ناوچە و کۆڵانانەدا دابمەزرێن و خۆیان بنێنەوە بۆ شتێک یاخود بۆ کەسێک.
عەلی حامید کە لەپەنجەرەی ماڵەکەیانەوە چاودێری ئەم جموجۆڵەی کۆڵانەکەیان دەکات، دەڵێت کاتێکمان زانی لەسەر گۆشەکەی تەنیشت مەخزەنەکەی عەبەی کۆلاوە، کوڕێکی گەنجی باریکەلە کە دەستێک جلوبەرگی کوردیی لەبەردابوو، لەگەڵ ژنێکی عەبا بەسەرو منداڵێکی بچکۆلانە کە تەمەنی هەر سێ چوار ساڵانێک دەبوو، دەرکەوتن و بەهەنگاوی بڕێک گورج و خێرا بەرەو خوارو بۆ ناو کۆڵانەکەی ئێمە سەرەوخوار بوونەوە. لەڕاستییدا ئێمە، هەم خاوو خێزان و هەم میوانەکانیشمان، کەسمان نەمانزانی کە ئەم کوڕە گەنج و ژن و منداڵە کە دێنە کۆڵانەکەوە، ئەو نێچیرەن کە مولازم موحسین خۆی بۆیان ناوەتەوە. ئەو کاتەی کە گەنجەکەو ژنەکەو منداڵەکە لەسەر گۆشەکەی سەرەوەی کۆڵانەکەمانەوە دەرکەوتن، منداڵەکە دەستی ڕاستی لەدەستی چەپی دایکیدا بوو، کوڕە گەنجەکەیش لەلای ڕاستی ژنەکەوە ڕێی دەکرد. هەمووی هەر ئەو چەند هەنگاوە بوو تا گەیشتنە بەر دەم مەخزەنی کۆلاکە. هەر لەگەڵ گەیشتنە ئاستی ئەو شوێنە کە ئۆتۆمبێلە لاداکە ڕاگیرابوو، کاتێکمان زانی بەجارێک شەش بۆ حەوت ئەمن بەهاتوهاوارو هێرشبردنەوە پەلاماری کوڕە گەنجەکەیان دا، هەڵبەتە ئەمنە شەڕواڵ و کراس لەبەرەکەی کۆڵانەکەیشمان یەکێک بوو لەو ئەمنانە، بەڵام تا مولازم موحسین و ئەو چەند ئەمنەی ناو ئۆتۆمبێلە کراونەکە پەلامارو هەڵمەتیان نەبرد، ئەمنەکەی کۆڵانەکەی بەرانبەر پەنجەرەی هۆڵەکەی ئێمە نەجووڵا کە دیاربوو بۆ ئەوە لەو کۆڵانەدا خۆی نابووەوە نەبا گەنجەکە بەرەو ئەو کۆڵانە بۆ سەر شەقامە گشتییەکە لەدەستیان هەڵبێت.
دەشڵێت بەم چەشنە لەنزیکەوە بینیمان چۆن ئەمنەکان بەرەو گەنجەکە هێرشیان بردو بەکلکە دەمانچەو مشتەکۆڵەو شەق تێیبەربوون و پەلیان بەست و خزاندیانە ناو لاداکەوە. پاش ئەوەی کە گەنجەکە دەستبەسەرکراو خرایە لاداکەوە، کە هەمووی چەند خولەکێکی کەمی خایاندو گەنجەکە نەیتوانی دەست بکاتەوە چونکە بەجارێک هەشت نۆ ئەمن میلی دەمانچەو کڵاشنیکۆفیان لێهێنایەوە، ئەفسەرەکە بەبێ ئەوەی بۆ خولەکێک چییە ژن و منداڵەکە مەحتەل بکات، هەردووکیانی ئیزندا بڕۆن، ئەوانیش بەپڕتاوو پەلەپڕوزێ و وەک ئەوەی کە پێی پەتییان بەسەر پشکۆوە بێت، بە بەردەم ماڵماندا بەرەو خوار بۆ پشت ئامادەیی سلێمانیی کچان تێیان تەقاند. هەروەها لەم کاتەدا کە ئەمنەکان گەنجەکەیان دەستبەسەرکرد و چەند ئەمنێک لەهەردو دیوەوە لەگەڵ گەنجەکە چوونە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، ئەمنەکانی تر کە لەدەوری لاداکە کۆبووبوونەوەو پێشتر هەموو میلی دەمانچەو چەک و کڵاشنیکۆفەکانیان هێنابووەوە، دەستیان کرد بەهەلهەلەکێشان و دەستی بەدەمانچەیان و لوولەی چەکەکانیان کردە ئاسمان و تەقەیەکی زۆریان وەک دەربڕینی شادیی و خۆشیی بە سەرکەوتنی کارەکەیان تەقاند.
عەلی حامید دەپرسێت ئەی باشە چۆن و بۆچی لەژن و منداڵەکەی نەپرسی و ئیزنیدان کە بڕۆن؟! تۆ بڵێی ئەو ژنە، کوڕە گەنجەکەی بەگرت نەدابێت؟! با، ئەو ژنە هێنایە ناو بۆسەکەوە، مەگەر بەچاوی خۆتان نەتانبینی چۆن هەقیان نەبوو بەسەر خۆی و منداڵەکەیەوەو تەنیا هەر پەلاماری گەنجەکەیانداو بردیان؟! تا ئەو ڕۆژەو لە ماوەی ئەزموونی سیاسیی نهێنیی خۆمدا ڕووداوی لەو جۆرەم نەبینیبوو. بەگرتدان و ڕادەستکردنێک بوو بەڕۆژی ڕووناک، یان وەک دەڵێن بەنوێژی نیوەڕۆو بکەرەکەیشی یاخود بەگرتدەرەکەیشی ژنێک بوو. بەڵام ئاخۆ ئەو ژنە کێ بوو تا ئەو ڕادەیە لەئاسۆی دەلاکەوە نزیک بوو کە هاوڕێ و یاوەری بوو ئاسۆ ئەو هەموو متمانەیە متمانەی پێبوو بەپێی خۆی لەگەڵیدا هاتە بەردەم مولازم موحسین؟ چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوای ئەم ڕووداوە، هەواڵ و دەنگ و باس لەگەڕەک و کۆڵان وەک تەشەنەبوونەوەی ئاگر بەناو پەڵاش و پاوان و پووشی کۆتایی وەرزی هاویندا، بڵاوبووەوە کە کەمێک لەمەوبەر مولازم موحسین لەبۆسەیەکدا لەنزیک سابوونکەران ئاسۆی دەلاکی دەستگیرکرد!.
=KTML_Bold=نەسرین خان ئاسۆی دەلاکی ناسییەوە=KTML_End=
عەلی حامید سەبارەت بەچۆنییەتی دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک، دەڵێت ساڵی1993، لە ڕێگای خزمایەتیکردن و ژن و ژنخوازییەوە، تێکەڵ بەخێزانێکی لەبەری دایکەوە سەر بەبنەماڵەی بابانەکان بووین. خێزانی نەسرین شەوکەت عەزمی بەگ بابان، کە ژنی پیاوێک بوو لەکارگەی جگەرەی سلێمانی فەرمانبەر بوو، ناوی سەڵاح عەبدوڵڵا بوو ناسراو بوو بەسەڵاح سەموون. ڕاستییەکەی، لەپاش تێکەڵبوون و خزمایەتیکردن ئینجا بەچاکیی یەکتریمان ناسی. دەربارەی سەڵاح-ی مێردی نەسرین خان، لەلایەک دەوترا کاتی خۆی، واتە لەشەست و حەفتاکان، سەڵاح سەموون سەر بەپارتی بووەو لێپرسراوی دارایی پارتی بووە لە سلێمانی و لەلایەکی تر باس لەوە دەکرا کە لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 وازی لەپارتی هێناوەو بووەتە بەعسی. جا ئەم سەڵاحە یەکێکە لەو کەسانە کە کاتی خۆی و لە مانگی شوباتی ساڵی 1979دا ئاسۆی دەلاک لەکردەیەکی تایبەتدا لە بەردەم ماڵەکەی خۆیانداو بە تۆمەتی بەعسیبوون کوشتویەتی. نەسرین خان، پاش ئەوەی بووین بەخزم، سەبارەت بەباسی کوشتنی مێردەکەی جارێکیان بەزاری خۆی بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوەو وتی: کاتەکەی بەیانی بوو، لەو وەختەدا کە قوتابییان و فەرمانبەرو مامۆستایان دەچنە سەر ئیش و کارو قوتابخانە، لەگەڵ سەڵاح لەبەر دەرگای ماڵی خۆمان منداڵەکانمان بەڕێدەکرد بۆ قوتابخانە، کاتێکم زانی کوڕێکی گەنج کە نەمزانی چۆن لەکۆڵانەکەماندا پەیدابوو لەکوێوە هات، لە بەردەم سەڵاح-دا قوت بووەوەو دەمانچەی دەرهێناو چەند فیشەکێکی نا بەسەڵاحەوەو بەخێرایی هەڵهات و لەچاو بزر بوو. نەسرین خان دەیوت ڕووداوەکە ئەوەندە کتوپڕ بوو، فریای هیچ نەکەوتین و سەڵاح لەشوێنی خۆی و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا. بەڵام لەکاتی تەقەکردنەکەدا چونکە من لەسەڵاحەوە نزیکبووم سەرو سیمای گەنجەکەم زۆر بەچاکیی بینی بەڵام نەمزانی کێ بوو. لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ڕووداوی کوشتنی سەڵاح-دا، گێڕانەوەکە دیسان هینی نەسرین خانە: ڕۆژێکیان لەئەمنی سلێمانییەوە تەلەفۆنمان بۆ کرا. خۆم وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم دایەوە. قسەکەرەکە ئەمنێک بوو، لەپاش سڵاو وتی: من لەبەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانییەوە پەیوەندیی دەکەم، پێویستە کە هەر ئەمڕۆ بۆ هەندێک کاری پێویست سەردانمان بکەن بۆ ئەمنی سلێمانی. وتم: خێرە؟! وتی: کاتێک کە هاتیت دەزانیت بۆچی داواتان دەکەین. نەسرین خان دەیوت: لەلایەک حەزم نەدەکرد بەدەنگ داواکەوە بچم و بڕۆم بۆ ئەمن، لەلایەکی تر هۆکاری بانگکردنەکە بوو بوو بەمەراقم. هەرچۆنێک بوو کارەکەم دوانەخست و لە کاتی خۆیدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنم کرد. کاتێک کە چوومە ئەوێ بردیانمە لای بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەر دوای ئەوەی کە بەخێری هێنام لەسەر کورسییەکەی لەشوێنی دانیشتنەکەی هەستاو وتی: بەئەرک نەبێت وەرە با پێکەوە تا ئەو ژوورە بچین. هەستام و لەگەڵی ڕۆیشتم، بەڕاڕەوێک و بە بەردەم چەند ژوورێکدا ڕەتبووین تا گەیشتینە بەردەم ژوورێک، بەڕێوەبەر خۆی کرد بەژوورەکەداو فەرمووی هاتنە ژوورەوەی لەمنیش کرد. کاتێک کە چوومە ژوورەوە ژمارەیەک ئەمن کە خۆیان لەشەش حەوت ئەمن دەدا، لەژوورەکەداو لەدەوروخولی کەسێک کۆبووبوونەوە کە لەسەر کورسییەک دانیشێنرابوو، هەردو قاچی بەقاچەکانی کورسییەکەو هەردو دەستیشی بەدەسکەکانی کورسییەکەوە بەسترابوو، ئەو جلوبەرگەی کە لەبەریدابوو هەمووی دڕابوو، سەرتاپای خوێن بوو. یەکێک لەو ئەمنانە کە لەژوورەکەدا بوون، مولازم موحسین بوو. تەنیا لەوکاتەدا زانیم کە ئەمن منیان بۆ بینینی ئەم کەسە بانگکردووە کە لەسەر ئەو کورسییە دانیشێنراوەو پێوەی شەتەکدراوە، گەنجەکە. لەبەرئەوەی کە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، نیوە ڕۆح یاخود نیوەهۆش کرابوو، ئاگای لەخۆی نەبوو، لەشەکەتیدا سەری خستبووە باوەشییەوە. لەم کاتەدا مولازم موحسین وتی: بۆ ئەوە بانگمانکردویت تاوەکوو پێتبڵێین بەڕێزت ئەم زەلامە دەناسیت؟ مولازم موحسین بەدەم قسەکردنەوە لەگەنجەکە نزیکبووەوەو چووە لاتەنیشتییەوەو چنگی کرد بەپرچی گەنجەکەداو سەری پێ بەرزکردەوەو ڕووخساری پێ نیشاندام و وتی ئا ئەم زەلامە دەناسیت؟ کاتێک کە بەوردیی سەرنجی دەموچاوی گەنجەکەم دا، ئەگەرچی ڕووخساریشی لەئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەدان زامدارو خوێناویی بوو بوو، بەڵام دەسبەجێ ناسیمەوەو وتم: بەڵێ دەیناسمەوە، ئەوە ئەو گەنجەیە کە ڕۆژی 28ی مانگی دووی ساڵی1979 لەبەردەرکی ماڵی خۆمان سەڵاحی مێردمی کوشت. مولازم موحسین وتی: ئەمە ناوی ئاسۆی دەلاک-ە، سەر بەئیتحادی وەتەنی عەمیلەو کاری کوشتن و تیرۆری خەڵکی بێگوناهی بۆ ئەو تێکدەرانە دەکرد لەناو شاردا، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لەکردەیەکی ئەمنیی تایبەتدا لەناو شار دەستگیرمان کرد، خەمت نەبێت تۆڵەی مێردەکەی تۆو هینی هەموو ئەو بێتاوانانەیشی لێدەستێنین کە بە ناهەق کوشتونی.
=KTML_Bold=زۆربەی شیوعییەکان دوای عەزیز حاج کەوتن=KTML_End=
عەلی حامید دەڵێت بەبڕوای من، گرنگترین ڕووداوی سیاسی لە ساڵی1967و لە ئێراقدا، کەرتکردنەی حیزبی شیوعی ئێراق بوو لەلایەن عەزیز حاج-ەوە، کە ناوبراو بە ڕەچەڵەک کوردی فەیلی بوو لەناو حیزبدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو. ئەوکات باس لەوە دەکرا کە عەزیز حاج لەچیکۆسلۆفاکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێراق بەنیازی ئەوەی دەست بەسەر حیزبدا بگرێت و خۆی ببێت بەسکرتێری حیزب. هەڵبەتە ئەو لەم نیازەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام توانی یەکپارچەیی و یەکڕیزیی حیزبەکە تێکبدات و لەناو ببات. ئالەم کاتەیشدا ململانێی هاوڕێکان بۆ دەستگرتن بەسەر حیزبدا سەریهەڵدا، بە جۆرێک ئەو هاوڕێیانەی کە تا دوێنێ لەڕیزەکانی یەک حیزبدا کار و چالاکییان دەکرد، بەچەشنێک بوون بەدوژمنی یەکدی کە بەخوێنی سەری یەکدی تینوو بوون. چەندین هاوڕێی دوێنێ لەوانەی کە ئەو ڕۆژە لەگەڵ کەرتکارییەی عەزیز حاج-دا ڕۆیشتن، لەلایەن حیزبی دایکەوە بە جۆرێک بەفەرامۆشیی سپێرران کە تا ئەمڕۆیش نەک هەر ڕێزو ئیعتیباری پێویستیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، بەڵکوو لەکولەکەی تەڕیشدا باسیان ناکرێت و ناویان نابرێت. چەندین شیوعی هەڵکەوتووی وەکوو ئەحمەد مەحمودی دەلاک و ساڵح سەربازی، فایەق دەرەویانی، لەلایەن ڕژێمەوە بەدڕندانەترین شێوە لەژێر ئەشکەنجەدا تیرۆرکران. بەڵام تیرۆری شیوعیی دیاری وەکوو جەلالی ڕابیعە-یش لەلایەن کەرتەکەی عەزیز حاجەوە، دیسان هەر جێی داخ و مایەی سەرزەنشت بوو.
دەشڵێت دەربارەی کەرتکارییەکە هەر ئەوکات ئەوە بەئێمە وترا کە ئەم کەرتکارییە بەهاندان و پاڵپشتیی حەبیب محەمەد کەریم-ی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ عەزیز حاج. ئەوەندەی ئاگاداریشم تێکڕای ڕێکخراوەکانی حیزبی شیوعی لەو کاتەدا، تەنیا چەند کەسێکی کەمی لێبترازێت، کە بەپەنجەی دەست دەژمێردران، هەموویان لەگەڵ کەرتەکەی عەزیز حاج ڕۆیشتن. ساڵح سەربازی، بەر لە دەستگیرکردنی لەلایەن ڕژێمەوە، لێپرسراوی حیزب بوو لە سلێمانی، لەیەکەم دانیشتنی دوای کەرتکارییەکە، دەرکەوت کە پێنجسەد ئەندام و پاڵێوراو لەڕێکخراوەکانی حیزب لە سلێمانی لەگەڵ عەزیز حاج هاتوون، ئەوانەیان کە زۆر دیارو بەرچاو بوون، ئەم ناوانە بوون: حسێن عارف-ی پارێزەر، حەمە سدیق-ی پارێزەر، حەمە مستەفا-ی پارێزەر، شێخ عەلی نائیب زابت، فاروق مەلا مستەفا، عیزەت ڕەشید نەجیب، عەلی باراوی، شێخ حامید بەرزنجی لە کارگەی جگەرە، موسڵیح مستەفا جەلالی، عەلی کەریم (عەلی سوور، کە شۆفێری تایبەتی عەزیز حاج بوو) ، شێخ سەعید بەرزنجی، عەلی حامید، مەلا عەزیز نەقاڕ، مامۆستا ئەحمەد میرزا، حەمەی نانەوا (حەمە فیشەک شڕ) ، حەمەی مەکتەبە، ئیسماعیل حاجی سەعید حەڵواچی، سەعید ئەحمەد جافەرانی (سەعە سوور) ، فایەق ئەمین دەرەویانی، تەها خەلیل، مامۆستا عومەر-ی برای ئیسماعیل. عەلەڕەش دەربەندیخانی، حەمەفەرەج کانیبی دەربەندیخانی، مستەفا چاوڕەش، ئەو ناوانە هەموویان سەرپەرشتیی ئەو ڕێکخراوەیان کرد کە لەحیزبی شیوعی جیابووەوە.
عەلی حامید باس لەوە دەکات کە هێندەی نەبرد لەیەکەم کۆبوونەوە یاخود یەکەم کۆنفرانسی ئەم دەستە جیابووەوە لەحیزبی شیوعی، زۆری نەبرد ئەمانیش دەبن بەدوو کەرتەوە. کەرتێکیان موسڵیح مستەفا جەلالی بوو بەخاوەنی، کەرتەکەی تریان شێخ عەلی نائیب زابت، کە یەکترییان بە بەکرێگیراوو پیاوی حکومەت تاوانبار دەکرد. ئەو دەڵێت ئەوانەی کە لەگەڵ باڵەکەی موسڵیح مابووینەوە چەند کەسێکی سەرسەخت و قیرسچمە بووین، من لەبەرئەوەی کە برای ئەحمەد حامید بووم و ئەحمەدی برایشم هەر لەهەوەڵەوە لەگەڵ کەرتبوونەکەدا نەهات و لەحیزبی دایکدا مایەوە، هەموو هاوڕێکانم لەباڵەکەی موسڵیح لێم بەگومان بوون. دەیانوت عەلی حامید ژێر بەژێر لەگەڵ حیزبە سۆشیال دیموکراتەکەی بەهادین نوورییە. هەڵبەتە ئەمە تۆمەتێک زیاتر نەبوو کە دەدرایە پاڵم. بەڵام من چونکە ڕەخنەم لەحیزب دەگرت و توانج و تەشەرم لێدەدا، بۆیە بەوە تۆمەتبار دەکرام.
=KTML_Bold=شەڕە شەقی حەمەئەمین پێنجوێنی و شێخ عەلی=KTML_End=
عەلی حامید لەگێڕانەوەی کۆبوونەوەیەکی شیوعییەکانی سەر بەقیادەی مەرکەزیدا دەڵێت لە کۆتایی ساڵانی شەست و لەکۆبوونەوەیەکدا لە ماڵی حسێن عارفی پارێزەر و نووسەر، کە خانووەکەیان لەڕیزی ماڵی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا بوو لەوبەری ئۆرزدیباکەوەو ئەم کەسانە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون: حسێن عارف، شێخ عەلی کاژاویی نائیب زابت برای شێخ باقر، حەمەئەمین پێنجوێنی، فاروق مەلا مستەفا، مامۆستا ئەحمەد میرزا، مەلا عەزیز نەقاڕ، فایەق دەرەویانی، سەعەسوور جافەرانی، عەلی حامید. هەر لەسەرەتاوە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دەرنەدەکەوت، کتوپڕ لەنێوان شێخ عەلی و حەمەئەمین پێنجوێنیدا دەمەقاڵێ و قڕەقڕێک درووست بوو نەمزانی هۆکارەکەی چی بوو، کاتێکمان زانی شێخ عەلی و حەمەئەمین پێنجوێنی تێکبەربوون، شێخ عەلی حەمەئەمین پێنجوێنی دایە بەر مشتەکۆڵەو شەق و تەختی ئەرزی کرد، حەمەئەمین پێنجوێنییش کە کەوتبووە ژێرەوە، لەژێرەوە هەر لەقەی دەکێشا بەشێخ عەلیدا، برادەران هەر بەخێرایی کەوتینە لێککردنەوە و ناوبژیکردنیان، جا بەوەی باش بوو کەسیان زامدار نەبوون. ئیتر من لەداخاندا سەری خۆم هەڵگرت و ژوورەکەم جێهێشت و چوومە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، لەوێ لەهەیوانەکە گوێم لێبوو خێزانەکەی حسێن عارف دەیبۆڵاندو دەیوت: بەزیای خێرم نەکرد، دەڵێی تەویلەیە، ئەوە بۆچی وا بەربوونەتە گیانی یەکتری؟! ئێستایش نەمزانی ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ چی کرد؟! بەڵام من ئەو وازهێنانەی کە لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە وازم لێهێنان، جارێکی تر نەچوومەوە بۆ لایان.
=KTML_Bold=کەمال زەهاوی خۆی فرۆشت بە بەعس=KTML_End=
عەلی حامید لەباسی کەمال زەهاویدا دەڵێت سوهێل زەهاوی، کە بەکەمال زەهاوی-یش ناسراوە، بەڕەچەڵەک کوردی فەیلی خەڵکی خانەقینە، لەدەهەی حەفتای سەدەی پێشوودا لێپرسراوی ڕێکخراوی قوتابییانی حیزب بوو، بەتایبەتی قوتابییانی زانکۆ، نەخاسمە لەو ساڵانەدا کە حیزبی شیوعی کار و چالاکیی سیاسی بەئاشکرا ئەنجام دەدا سەروەختێک کە لە ساڵی 1973 تا ساڵی 1979 لەگەڵ حیزبی بەعس لەبەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخوازدا بوو. دیاربوو کە کەمال زەهاوی هەر لەو سەردەمەوە خۆی فرۆشتبوو بە بەعس، چونکە وەک باس دەکرێت ئەو کاتەی کە لەدەهەی هەشتادا کەمال بەنهێنیی وەک لێپرسراوی ڕێکخراوە نهێنییەکانی حیزب لە سلێمانی کاری کردووە، چەندین جار لەگەڵ مولازم موحسین بینراوە. بەتایبەتی مەحموودی دەلاک کە ماڵیان لەشەقامی کاوە بوو لەخانوویەکدا نیشتەجێبوو کە نهۆمی ژێرەوەی گەراج بوو، بەزاری خۆی و زیاد لەجارێک بۆیگێڕاومەتەوە کە چەندین جار مولازم موحسینی بینیوە هاتووە بۆ لای کەمال زەهاوی و لەگەراجەکە یەکترییان بینیوەو پێکەوە قسەیان کردووە.
دەشڵێت من ڕاستیی ئەو پەیوەندییەی کەمالم بەڕژێمەوە ئەو کاتە زیاتر بۆ دەرکەوت کە لە دوای پڕۆسەی داگیرکردنی ئێراق لە2003دا کاتێک کە لەگرتنی ئەمنی بەغدا فایلەکەی دەکەوێتە دەست حیزب، هەندێک لەبەرپرسانی حیزب لەبری ئەوەی کەمال دەستگیربکەن و لێیبپرسنەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن و سزای بدەن، فریای دەکەون و داوای لێدەکەن کوردستان جێبهێڵێت و بڕوات بۆ هەندەران، هەڵبەتە مەبەستم لەو هەندە بەرپرسە، سوبحی مەهدی بەرپرسی ئەوکاتی محەلیی سلێمانی و کەمال شاکیر سکرتێری حیزب و حەیدەر فەیلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئاوەڵزاوای کەمال زەهاوییە. لەپاش ئازادبوونم لە زیندان، چەندین جار بەداوا داوام لەحیزب کرد دانیشتنێکمان بۆ ساز بکەن تێیدا من و کەمال زەهاوی ڕووبەڕووی یەکدی بکەنەوە، تاکوو بۆیان بسەلمێنم کە لەگەڵ فاروقی کوڕی حەمە عەلی عازەبانیی عەریفی پۆلیسدا کەمال زەهاوییش دەست و دەوری هەیە لەبەگرتدانمدا، بەڵام حیزب چونکە دەستڕۆیشتووانیان بەرژەوەندییان نەبوو لەئاشکرابوونی کەمال زەهاویدا لەترسی ئەوەی نەبا خۆیشیان ئاشکراببن، داواکەمیان بەفەرامۆشیی سپارد. من پێم وایە وەک چۆن لە1967دا عەزیز حاج کە کوردی فەیلی بوو، ڕۆڵێکی خراپی گێڕا لەکەرتکردن و زەلیل و لاوازکردنی حیزبی شیوعیدا بۆ حیزبی بەعس و لە دواییشدا تۆببەی کرد و چووە باوەشی بەعس، بەرپرسانی لەنموونەی کەمال شاکیرو حەیدەر فەیلی و کەمال زەهاوی، ڕۆڵیان کەمتر نەبوو لەلاوازکردنی حیزبی شیوعی کوردستاندا. بەڵێ کەمال زەهاوی پیاوی مولازم موحسین بوو ڕۆڵی هەبوو لەبەگرتدانی مندا کە سەرەنجام لەژێر ئازار و ئێشی ئەشکەنجەدانی گرتووخانەکانی ئەمندا هەردو چاوم لەدەستداو دەبێت تا بەیەکجاریی سەردەنێمەوە بەنابینایی ژیان بەسەرببەم. بابەتێکی دیکە کە ڕۆڵی کەمال زەهاوی لەبەگرتدانی مندا دەردەخات، کوشتنی عومەری برای فاروق، ناسراو بەئازادە، لە دوای کۆڕەوەکەو لەلایەن دەستڕۆیشتووانی ئەوکاتی حیزبەوە، هەم بۆ شوێنبزرکردنی ڕۆڵی کەمال زەهاوی لەناپاکیی بەگرتدانی هاوڕێکەیداو هەم بۆ ئەوەی کۆی ئۆباڵی تاوانی ناپاکییەکە بخەنە ئەستۆی عومەرو لەڕێگای لەناوبردنییەوە بەیەکجاریی سەری باسی دۆزەکە بنێنەوەو دۆسێی ناپاکییەکە دابخەن.
=KTML_Bold=ئەبو سەرباز کە لەناو شار خۆی شاردبووەوە=KTML_End=
عەلی حامید دەڵێت ساڵی 1979 ساڵ و سەردەمی کۆتاییهاتنی مانگی هەنگوینیی بەعس و شیوعی یاخود بەرە سیاسییە تەمەن کوورتەکەی نێوانیان بوو. هەر لە ساڵی پێشترەوە، واتە ساڵی 1978، پەیوەندییەکانی حیزب لەگەڵ بەعس پەیتاپەیتا دەستی بەپچڕان کرد و بەعس بەبیانووی جۆراوجۆر کەوتبووە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردن و ڕفاندن و تەنانەت تیرۆری شیوعییەکانلە سەرتاسەری ئێراقدا. هەر بۆیە حیزبی شیوعی بەنیازی خۆپاراستن کەوتە خۆی و دەستیکرد بەخۆکۆکردنەوە و دەربازکردنی ئەندامەکانی بەرەو دێهاتەکان و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان و ئەو ئەندامانەیشی کە حیزب بەهۆی ئەو ڕێوشوێنەخێرایانەی دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانەوە کە بەعس گرتنییەبەر فریانەکەوت لەشار بەرەو شاخ دەربازیان بکات، هەر لەشارو لە ماڵی هەندێک لەخێزانە شیوعییەکان یاخود ماڵی دۆست و هەوادارو لایەنگرانی جێباوەڕو جێمتمانەی حیزبدا حەشاریدان و شاردنییەوە. یەکێک لەو لێپرسراوانەی حیزب کە حیزب لەکاتێکی دواترو درەنگتردا لەشار دەربازیکرد، مەلا ئەحمەدی بانیخێڵانی ناسراو بەئەبو سەرباز بوو. ئەبو سەرباز لەسەر داوای حیزب و بە مەبەستی پاراستنی لەکەوتنە دەست ئەمنی سلێمانی و مولازم موحسین، لە ماڵی (ع.ق) کە خێزانێکی شیوعیی خەڵکی سلێمانی بوون شاردرایەوە. ماوەی چەند لەوێ موختەفی بوو، ئەوەیان زانیارییەکە کە من نیمەو نایزانم. بەڵام ئەو ماوەیە کە ناوبراو لەوێ خۆی حەشاردابوو، وەک ئەندامێکی ئەو خێزانەو بگرە زیاتریش ڕێزی لێگیرابوو خزمەتکرابوو ڕەچاوی بارودۆخی کرابوو. بەڵام ڕۆژێکیان پیاوی خاوەنماڵ، کە لەدەرەوەو لەسەر ئیش دەبێت و لە ماڵ نابێت، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەسەر گریان و شەپۆرو شینی خێزانەکەیدا. هەر بۆیە پیاوەکە دەکەوێتە دۆخێک لەترس و لەرزو دڵەڕاوکێوە کە ئاخۆ دەبێت چی ڕوویدابێت! کاتێک کە پرسیار لەژنەکەی دەکات چی قەوماوەو بۆچی وا دەکەیت؟ ژنەکەی پێیدەڵێت: ئەم کابرایە چییە کە تۆ هێناوتە لەماڵەکەی مندا حەشارتداوە؟! ئەمڕۆ کاتێک کە تۆ لەماڵ نەبوویت، پەلاماریدام و ویستی دەستدرێژیم بکاتە سەر! لەم کاتەدا کابرای خاوەن ماڵ ڕەنگی سپی دەبێت و سەری بەگێژدا دێت و بە جۆرێک توڕەو شێتگیر دەبێت دەسبەجێ دەچێت پەلاماری ئەبو سەرباز دەدات و تا دەتوانێت تێیهەڵدەدات و بەدەم تێهەڵدانیشییەوە هەڕەشەی لێدەکات و پێیدەڵێت: بێناموسی خوێڕیی داوێنپیس، ئەگەر ئێستا ڕادەستی ئەمنی سلێمانی و مولازم موحسینت بکەم، کێ پێمدەڵێ ناهەقییت کرد! ئەگەر ئەوە لەداهاتوودا بەناپاکیکردن لەگەڵ حیزب و بوون بەپیاوی ئەمن و ڕژێم لەسەرم نەدەکرا بەماڵ، هەر ئێستا بەو دەستانەی خۆم دەمدایت بەدەست مولازم موحسینەوە. لەپاش ئەوە کابرای خاوەنماڵ کە بەهۆی بوونی ئەبو سەرباز لەماڵەکەیدا پەیوەندیی لەگەڵ حیزب لەشاخ هەیە، پەیوەندیی بەحیزبەوە دەکات و داوایان لێدەکات کە هەرچی زووە ئەم ناکەسی ناپاکە لەماڵەکەی دووربخەنەوەو بیبەنە دەرەوە، ئەگەرنا خۆی بەدەستی خۆی ڕادەستی مولازم موحسینی دەکات، چونکە ناپاکییەکی لەو جۆرەی لەدەست وەشاوەتەوە. بەمجۆرە لە دوای ماوەیەک حیزب ئەبو سەرباز لەو ماڵە دەردەکەن و دەیگەیەننە شاخ'.
دەشڵێت ئەو خاوەنماڵە کە ئەم ڕووداوە ناخۆشەی بەسەردا هاتووە، خۆی بە دەمی خۆی ڕووداوەکەی بۆ گێڕامەوە.
=KTML_Bold=بێدەنگیی عەزیز محەمەد بەرانبەر بەتیرۆر کردنی عەلی بۆسکانی=KTML_End=
عەلی حامید سەبارەت بەتیرۆر کردنی عەلی بۆسکانی دەڵێت لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەو ڕۆژەی مانگی ئەیلولی ساڵی 1993 کە تیرۆرکرا، هەر جارێک عەزیز محەمەدى سکرتێری حیزبی شیوعی، بەسەردان بهاتایە بۆ سلێمانی، شەو لەمقەڕ نەدەمایەوە، بەڵکوو دەچوو لە ماڵی عەلی بۆسکانی ڕۆژی دەکردەوە. بڕواننە ڕادەی دڵنیایی حیزب و سکرتێرەکەی لەعەلی بۆسکانی! منیش، لەپاش تیرۆرکردنەکەی، بەسەرانی حیزبم وت: ئەگەر عەلی بۆسکانی پیاوێکی خراپ بوو، عەزیز محەمەد بۆچی دەچوو شەو لە ماڵیان دەمایەوە؟ ئەگەر پیاوێکی باشیش بوو، بۆچی حیزب ڕێگریی نەکرد لەتیرۆرکردنی؟! بەڵام کەس نەبوو وەڵامێکی ئەم پرسیارەم بداتەوە.
=KTML_Bold=بەحەوت شیوعی کەڵەشێرێکیان پێناگیرێ!=KTML_End=
عەلی حامید لە کۆتایی ئەم یاداشتانەدا دەڵێت زۆرجار کە دەچووم بۆ بازاڕ دەچووم بۆ مەیدانی ماستفرۆشان بۆ لای کوڕێکی پورزام کە لەوێ دووکانی هەبوو، قەفەزی کەڵەشێرو مریشکی دانابوو خەریکی مریشک و کەڵەشێر فرۆشتن بوو. جا من کە لای دادەنیشتم باسی سیاسەت و حیزبی شیوعیم بۆ دەکرد، ڕۆژێک کاک ساڵحی پورزام پێیوتم: تۆ باسی چی دەکەیت عەلی؟! وەرە با من و تۆ گرەو بکەین. وتم: لەسەر چی؟ وتی: بڕۆ حەوت شیوعی بهێنە، من کەڵەشێرێک لەناو ئەو قەفەزەدا بەردەدەم، ئەگەر بەهەر حەوتیان کەڵەشێرەکەیان بۆ گیرا، با بیبەن بۆ خۆیان!. [1]