ناونیشانی بابەت: وەرزێکی ئاڵ.. حەوتەمین ئەلبوومی حەمە ڕەئووف کەرکووکی بڵاودەکرێتەوە.
ئامادەکردنی: یادگار چاوشین
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، #حەمە ڕەئووف کەرکووکی#، یەکێکە له و هونەرمەندە دڵسۆز و دەنگخۆشانەی، ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەردا کار دەکات و بەرهەمی بڵاو دەکاتەوە و خاوەن هونەرێکی سەنگین و ڕیزلێگیراوە، بۆیە خاوەن پێگەیەکی گەورەی جەماوەرییە.
لەسەر کۆی بەرهەمە هونەرییەکان و ئەلبوومە نوێیەکەی، (باسکورد) دیدارێکی لەگەڵدا کرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:
(باسکورد) هونەرمەند حەمه ڕەئووف کەرکووکی لە کاروانی هونەریی خۆیدا چەند ئەلبوومی هەیە؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، سوپاس بۆ (باسکورد) ، کە بوو بە یەکەم سەرچاوەی هەواڵ، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومە نوێیەکەم، ئەلبوومی (وەرزێکی ئاڵ) کە دەبێتە حەوتەم ئەلبوومی تایبەتیی خۆم.
(باسکورد) بۆچی (وەرزێکی ئاڵ) ت کردە ناونیشانی ئەلبوومە نوێیەکەت؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: وەرزێکی ئاڵ، یەکێکە لە تراکەکانی ناو گۆرانییەکە، ناوێکی جوان و شیاو بوو، بۆیە کردمە ناونیشانی ئەلبوومەکەم.
(باسکورد) ئەلبوومی وەرزێکی ئاڵ چەند تراک لەخۆی دەگرێت؟ ئایا کلیپ بۆ تەواوی ئەلبوومەکە کراوە؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: ئەلبوومەکە 10 تراک گۆرانیی لەخۆ گرتووه، کاری ڤیدۆکلیپ بۆ یەک تراک کراوه، ئەلبوومی وەرزێکی ئاڵ، حەوت گۆرانیی نوێی تێدایە، شەشیان میلۆدیی خۆمە، پێم خۆشە لێرەوە باس له و بەڕێزانە بکەم، که سوودم لە میلۆدی و هۆنراوەکانیان وەرگرتووە، موزیکزان و هونەرمەندان (مامۆستا چالاک سدیق، خەلیل عەبدوڵڵا، بڵند قەرەداغی، سەید ئەحمەد، ئارام سەردار، فەرهاد ساڵح، هێمن حسێن، میلۆدی حەمەڕەئوف مەهدی سادات، عەلی مەردان. لە شاعیرەکانەکانیش شیعری (تاهیر بەگی جاف، خالید مەجید فەرەج، پشکۆ باسینی، بێستون حەسەن، شوان مەندی).
(باسکورد) له مێژووی کاروانی هونەرییتدا چ بەرهەمێکت بۆ کەرکووک گوتووە؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: دوو بەرهەمی جوانم بۆ کەرکووک چڕیوە، به ناوی (خەونی کەرکووک) لە شیعری شاعیران (ئەحمەد محەمەد ) و (ئەکرەم ئەحمەد).
(باسکورد) وەک هونەرمەندێک تا چەند لە داهاتی کۆنسێرت، یان ئەلبوومەکانت توانیوتە کاری مرۆڤدۆستی و خێرخوازی بکەیت؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: ئەو کۆنسێرتانەی له ڕابردوو ئەنجام دراون، چالاکیی فەرمانگەکەم بووە و هاتنی میوانەکان بێ بەرانبەر بووە، بەڵام چەند جارێک لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکان هاوکارییم گەیاندووەته نەخۆشخانەی هیوا و لە کارەساتە سرووشتییەکان هاوخەم بووم.
(باسکورد) تەمەنێکە لەناو کاری هونەریدایت، هەست ناکەی بەرهەمی هونەرییت کەمە؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: خاوەنی حەوت ئەلبوومم و زیاد له بیست گۆرانیی جیاجیا، لە سۆزداری و سروودی نیشتمانیم هەیە، دەکرێت بڵێم بەرهەمی هونەرییم کەم نییە.
(باسکورد) کێ سپۆنسەری ئەلبوومی وەرزێکی ئاڵ دەکات؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: بەرهەمی ئەلبوومی وەرزێکی ئاڵ لەلایەن چەند کەسایەتییەکی دڵسۆز سپۆنسەر کراوە، کە جێگای ڕێز و پێزانینه بۆ خزمەتی هونەری ڕەسەنی کوردیی.
(باسکورد) پێتوایە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سەرقاڵیی هاووڵاتییان، وەک پێویست پێشوازی له ئەلبوومەکەت بکرێت؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: بەهۆی ئەوەی کارە هونەرییەکان دەچنە ناو چەناڵی یوتووب و مۆبایل، بەشێکی دیکەی ئەو سەنتەرانەی پێشتر ئەلبوومی هونەرمەندانیان بڵاو دەکردەوە، بەداخەوە ئەوانیش بەهۆی نەبوونی بازاڕ، زۆربەیان داخراون، بۆیە منیش گومانم هەیە وەک پێویست پێشوازی لە ئەلبوومەکەم بکرێت لەنێو بازاڕی سیدی فرۆشتنەکە مەبەستم.
(باسکورد) چۆنە تا ئێستا بە یەگجاری نەگەڕاویتەوە شاری کەرکووک و لەوێ نیشتەجێ بیت؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: هەمیشە شانازیی به شاری کەرکووک و شوێنی لەدایکبوونمەوە دەکەم، هەموو شارەکانی کوردستان بۆ من کەرکووکن، بابەتی نەگەڕانەوەم بە یەگجاری بۆ شاری کەرکووک پەیوەستە بەوەی فەرمانبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانم لە سلێمانی.
(باسکورد) وەرزێکی ئاڵ کەی دەکەوێتە بازاڕ و بەردەست هەوادارنت؟
حەمە ڕەئووف کەرکووکی: لە ڕێگای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، به ئامادەبوونی میواندۆستانی هونەر و لایەنی پەیوەندیدار، بەم زووانه و لە مەراسیمێکدا، ئەلبوومی (وەرزێکی ئاڵ) بڵاودەکرێتەوە.[1]