جێرمی کۆربن: دانوستان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان تاکە ڕێگەچارەی ئاشتییە بۆ داهاتوو.
#10-07-2023#
لە شیکارییەکدا لە بارەی چەوساندنەوەی کوردەکان، نووسەر و سیاسەتمەداری بەریتانی جێرمی کۆربن دەڵێت: داننان بە کوردەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا تاکە ڕێگەچارەی پڕۆسەی ئاشتییە لە داهاتوودا.
جێرمی کۆربن، دامەزرێنەریی پڕۆژەی داد و ئاشتیی و ئەندام پەڕڵەمانی لیسنگتن نۆرس و سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاریی بەریتانیا، تێڕوانینەکانی دەخاتەڕوو لەبارەی سرووشتی چەوساندنەوەی کوردەکان لە دیدارێکدا لەژێر ناوی ‘بەرگرییکردن لە کوردستان، بەرگرییکردن لە ئازادیی’ کە لەلایەن ڕەوەندی کوردییەوە ڕێکخرابوو.
دیدارەکە لەلایەن کولسوم جافری یەوە سازدرابوو، هەریەک لە نیلفور کۆچ، ئەندامی جێبەجێکار و وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان - کەنەکە، هیسیار ئۆسزۆی ئەندام پەڕڵەمانی پارتی هەدەپە، جۆشوا ڤێرسمی نوێنەری بلاک لایڤس ماتە لە بەریتانیا و کەیت هەدسن سکرتێری گشتی کەمپینی لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی، بەشداربوون.
لە سەرەتای قسەکانیدا وەک نوێنەر و وتەبێژی پڕۆژەی داد و ئاشتیی جێرمی کۆربن چەند تێبینیەکی خستەڕوو سەبارەت بە چەوساندنەوەی کوردەکان و وتی: “تێگەیشتن لە پێشێلکاریی و جیاکاریی بەردەوام لە دژی کوردەکان لەنێو تەواوی دەوڵەت-نەتەوەکاندا بە درێژایی مێژوو هەبووە لەم بەستێنەدا و بەتایبەتیش لە تورکیا، کە بە هیچ شێوەیەک پێیان لە هەبوونی زمانی کوردی، شووناسی کوردیی، و دامەزراوە کوردییەکاندا نەناوە؛ گومان لەوەشدا نییە چەندین چالاکوان و خەڵکانی دیار لەپێناو ئەم دۆزەدا ڕووبەڕووی زیندانیکردن و دادگاییکردن بوونەتەوە.”
لە میانەی دیدارەکەشدا کۆربن باسی لەوەکرد “باوەڕناکرێت دەوڵەتی تورکیا چۆن ڕەفتاریی نامرۆیی لەبەرانبەر کوردەکاندا ئەنجامداوە، تەنانەت لە هەوڵی بەردەوامی داگیرکردنی سنوورەکانی دیکەشدایە بەتایبەتیش لە ناوچە کوردییەکاندا، کە کەوتوونەتە سنووری ئێراق و سووریاوە؛ توندوتیژی و پەلاماردانی نوێنەرە کوردەکان لە تورکیادا.”
لەم ڕوانگەیەشەوە جێرمی کۆربن جەختیکردەوە کە “هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر هەدەپە، هەوڵەکان بۆ وەستانیان لە کاری سیاسیی، ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان وادەکات پڕۆسەی ئاشتیی نەگاتە ئەنجام؛ چونکە داننان بە کوردەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا تاکە ڕێگەچارەی پڕۆسەی ئاشتییە لە داهاتوودا.”
لە درێژەی وتارەکەشدا ڕایگەیاند کە پڕۆژەی داد و ئاشتیی و نوێنەرایەتییەکانیان بۆ ئەوە دامەزراون تاکوو بە هاوپشتی و خەباتی پێکەوەی پرسە جیهانییەکان چارەسەربکەن، ئەمەش تەنیا بە لەخۆگرتنی بەشێکی پرسەکان نابێت بەڵکوو بە کۆی گشتی کێشەکانەوە پەیوەستە کە خۆیان دەبیننەوە لە چەوساندنەوەی کوردەکان، زمانیان، زیندانیکردنی سەرکردە کوردەکان، هێرشە سەربازییە بەردەوامەکان بۆ سەر ئێراق و سووریا.”
کۆربن زیاتر لەسەر پرسەکە قوڵبوویەوە و ئاشکرای کرد کە چۆن “کێشەی کوردەکان لەمڕۆدا پەیوەستە بە جیهانەوە و چۆن تورکیا لەلایەن ناتۆوە پشتیووانی لێدەکرێت و پڕچەک دەکرێت لە هەمان کاتیشدا چەک لە ڕووسیا و وڵاتانی دیکەشەوە بەدەست دەخات.”
ئەو بە بەڵگە وە لەو دیمانەیەدا باسی لە پلانەکانی ئەردۆغان کرد، کە چۆن پرسی پەنابەران بەکاردەهێنێت و ئەگەر بێت و وڵاتانی ڕۆژاوا پارەی پێویستی پێنەدەن ئەوا هەڕەشەی ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ئەفغانی و نەتەوەکانی دیکە دەکات بۆ یۆنان، بەبێ گرنگیدان بەو هەموو کێشانەی یۆنان ی تێدایە.”
بە تێڕوانینەکانی کۆربن، ڕەفتارەکانی ئەردۆغان هیچ بنەمایەکی مرۆیی نییە بەڵکوو بگرە ئەمە چەوساندنەوەیی پەنابەرانە و پێویستە لەسەر هەر یەکێکمان ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەمەش بە هاوپشتی و خەباتکردنی بەردەوام دێتە ئاکام، “تەواوی دیدارەکان لەسەر پرسە جیهانییەکان پێویستە بە کاری پێکەوەیی بێت لەگەڵ کوردەکاندا و درووستکردنی فشارێکی نێودەوڵەتی تاکوو تورکیا لە باکووری سووریا بێتە دەرەوە و دان بە مافی کورددا بنێت.”[1]