ناونیشانی بابەت: شوێنەواری گردە قەڵا و کێلى گەور لە هەوێڵانى دەڤەری برادۆست
ئامادەکردن: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی هەڵکەوتەی ناوچەکە و بوونی مێژووێکی کەنارا، چەندین پاشماوەی قەڵا و کێلی شوێنەواری لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان، لە دەڤەری #برادۆست#، لە سنووری ئیدارەی سۆران هەن، یەکێک لەو شوێنەوارانەش بریتییە لە گردە قەڵا، لەنێوان گوندی هەوێڵان و مجێسەر، لەگەڵ کێلە گەور، کە بۆ پاراستنی کێلەکە گواستراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی شاری #هەولێر#.
د.زێدان ڕەشید برادۆستى، پسپۆری شوێنەواری، دەڵێت: گرد قەڵا دەکەوێتە بەرزاییەکانی نێوان گوندی هەوێڵان و گوندی مجێسەر، لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، شوێنێکی گرنگی ستراتیژیی هەیە، دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی دەوروبەری، لەسەر ترۆپکی گردێکی گەورە درووست کراوە، بۆیە پێی دەگوترێت گرد قەڵا، لە زۆر لە سەرچاوەکان ئاماژە بە بوونی قەڵایەکی گەورە لە سیدەکان دەکەن، ئەگەری هەیە هەر ئەم قەڵایە بووبێت، هەروەک لە پێشتر باسمان لێوەی کرد، لە پەڕتووکی مێژووی ئەفشارەکان، لەگەڵ یەکێک لە بەڵگەنامە عوسمانییەکان، ئاماژەیان بەم قەڵا و ئەم هێرشە کردووە، کە لە ساڵانی 1815 بۆ 1816 ئێرانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ڕواندز ئەم قەڵایەیان داگیر کردووە.“
وتیشی: ”پاشماوەی ئەم قەڵایە تا ئێستا لە ۆژنامەی وەقایعی کوردستانی و ئێراقی بڵاو نەکراوەتەوە، بە شوێنەوار تۆمار نەکراوە، بۆ یەکەمین جارە بڵاو دەکرێتەوە، لە ڕووی بیناسازی، ڕووبەرێکی فراوانی گەورەی هەیە، بەپێی پانتایی گردەکەی درووست کراوە، بەڵام بەداخەوە هاوشێوەی هەرەزۆری شوێنەکانی دیکە ڕووخاوە، تەنیا پاشماوەی چەند دیوار و بەردێکی گەورەی ماوە.“
کێلە گەور ئەم کێلە لە سنووری گوندی هەویڵان سەربە شارۆچکەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست دۆزراوەتەوە، لە ساڵی 2007، بە مەبەستی پاراستنی، لەلایەن عەبدولڕەقیب یوسف و مامۆستا ئەسعەد کەژەکی گەڕێندراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی هەولێر.
بەپێی زانیارییەکان و بەدواداچوونمان، ئەم کێلە هاوسەردەمی کێلی شوێنەواری کێلەشین و تۆبزاوەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆرارتییەکان لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەم کێلە سادەیە و هیچ نووسین و هێمایەکی لەسەر نییە.
شارۆچکەی سیدەکان دەکەوێتە سێگۆشەی سنووری لەنێوان ئێراق، ئێران و تورکیا، لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شارەدێی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە و لە 264 گوند پێکدێت، بەهۆی هەڵکەوتە و کۆنیی ناوچەکە، چەندین شوێنی شوێنەواری و مێژوویی لە ناوچەکە هەن، دیارترشیان بەردەنووسی شوێنەواری کێلەشین و تۆبزاوە و مجێسەر و چەند شوێنەوارێکی دیکەیە لە دەڤەرەکە، کە بەفەرمی تۆمار کراون، لە هەندێک لەم شوێنانە کاری کنە و پشکنین کراوە، هەروەها وەک شوێنەوارناسان ئاماژەی بۆ دەکەن، چەندین شوێنەواری دیکەی گرنگ لە ناوچەکەدا هەن، کەچی تا ئێستا تۆمار نەکراون.“
سەرچاوە: - شوێنەوارناس و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.زێدان ڕەشید خان ئاوەدل، لاپەڕەکانی (157-181-182) پەرتووکی دەڤەری برادۆست.. جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار، کەلەپوور.[1]