سەگت گۆڵە بێ و شوانت ڕۆڵە بێ، بێخەمی مەڕت پڕ بەو دۆڵە بێ
لە کاری شوانکارەییدا شوان و سەگ دوو کاراکتەری سەرەکی مەڕدارین، چونکە بۆ لەوەڕاندن و ئاودان و ئاگالێ بوون و بردنە هەرد و کێوان بەسەرما و گەرما، هاوین و زستان پێویستی بە شوانیکی باش دەبێت، ئەو شوانە باشەش ئەگەر کوڕی خاوەن مێگەلەکە نەبێت بۆ ئەو کارە سەخت و دژوارە دەست نادات، سەگیش کە پاسەوانی ڕانەکە دەکات ئەگەر دێڵەحیز بێت، نابێتە گورگ خنکێن و ناتوانێت پاسەوانی مێگەلەکە بکات لە گەلەگورگی بپارێزێت، بۆیە دەبێت سەگێک بێت کە بە گۆڵی گوێی دەبڕیت دێڵ دەرنەچێت و وشت و وریا و گوێ قیت و زرنگ بێت لەگەڵ خشپەی گورگ و چەقەڵ یەکسەر ئامادە بێت، ئینجا ئەگەر شوانی ڕۆڵە و سەگی گۆڵەت هەبێت ئەوا هیچ خەمێکت نابێت مەڕوماڵاتت پڕ بەدۆڵێک هەبێت، ئەو ئیدیۆم بۆ شوان و پاسەوانی ڕان دەوترێت، دەکرێت بۆ سەرکردە و پێشمەرگەکانی نەتەوە و هۆز و خانەوادەیەکیش بوترێت: سەگت گۆڵە بێ و شوانت ڕۆڵە بێ، بێخەمی، مەڕت پڕ بە و دۆڵە بێت.[1]