ناونیشان: گورگی برسی لە قولەی شوان ناترسێت!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #06-06-2023#
کورد دەڵێ گورگی برسی لە قولەی شوان ناترسێت، فیگەرێکی سیاسی ئەمڕۆ درووستبووە نەک هەرلەقوەی شوان ناترسێت، بەڵکوو قولە لە شوانیش دەکات. دەمێک بە ئاشکرا پێیان دەڵێت وەک مفەوز شەماڵ هەڵتاندەواسم، دەمێکی دیکە دەڵێت تاکە نەعل و تاکە پێڵاون، بەڵام ئەم شوانە ساختەچییە نەک هەر باشترین و قەڵەوترین بەخ و مەڕەکانی خۆی بە دیاری پێدەدا، قڕوقپ بۆ تەنیا جارێک قولەیەکی لێناکاتەوە.
هەروەکچۆن من گومانم نییە لەوەی شوانەکە خاوەن زەبروزۆرێکی بێ وێنەیە دەرحەق بە مەڕەکانی برسی و تینوویان دەکات، شیرەکەیان دەدزێ بەڵام ئاخوڕیان بۆ هەڵنابەستێ، بێ بەشیان دەکات لە کا و وێنجە و دواتریش گلەیی ئەوەیان لێدەکات قەڵەو نین گۆشتەکەیان کەمە، بەهەمانشێوە گومانیشم لەوە نیییە کە ئەم برادەرە لەئەساسدا گورگ نییە، بەڵکوو شتێ بچوکتر و ڕیوەڵەترە لە گورگ، دەنا گەر گورگ بوایە و مەترسی بۆ سەر شوان هەبوایە دەمێ بوو کاکی شوان بەزیندوویی کەوڵی کردبوو، پێم وایە شتێکی دیکەیە و ژێربەژێر و هەر خودی شوان ڕۆڵی گورگی پێدەگێڕێت تا ئەو شوێنەی بۆ ترساندنی مەڕەکان پێویستی پێیەتی دەیهێڵێتەوە.
زانست بۆیە خۆشە شەرمی لە کەس نییە و ئەو ئاوێنەیەیە خۆمان وەک خۆمان نیشان دەداتەوە. نەخاترمان دەگرێت نە پێوەمان دەنێت و نە لێشمان دەبڕێت. گەر دوور لە جوێن و تەشهیر بتوانین ئەوەی ڕوودەدات لە چواردەورمان تەفسیر بکەین، بە بێگومان هەموو دەم نادەمێک بەسەردا ناکەوینەوە ئەو کەندەڵانەی لە ڕابردوودا تێیکەوتووین و لە قەوارەی هەمان بازنەی بۆگەنیودا ناسوڕێینەوە. ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە کاراکتەرێکی وەک شاسوارمان دی و بیست لە سووکایەتیکردن بە نووسەر و ڕۆشنبیرێک و تەجنیدکردنی کۆمەڵێک پەیجی سێبەر لە دژی بۆ ئەوەی تیرۆری کەسایەتی ئەو نووسەرە بکەن بەوتەی نووسەرەکە خۆی، دواتریش لە نزمی و کەم بایەخی شێواز و ئەدای قسەکردنی لە تیڤییەکەی خۆی کە گەورەو بچووک تەماشای دەکەن لە ڕووە سایکۆلۆژییەکەیەوە هیچ نین جگە لە دوا زیقە زیقی کاراکتەرێکی زیقن کە کۆتا مۆدێلی بکەری حوکمڕانی و فۆڕمی حیزبی کوردیی تەقلیدییە لە باشووری کوردستاندا و ئەم خاتەمەکەیەتی. ئەوەی شاسوار جیادەکاتەوە لە سەرکردەکانی دیکەی حیزبەکانی دیکەی کوردایەتی ئەوەیە ئەدای ئەم کەمێک زیقنتر و نزمترە لە ئەدا و ئەتەکێت و شێوازی جل پۆشین و قسەکردن و تەنانەت سەرو ڕیش و برۆچاککردنیش، کە دەبوو لەوان زۆر شارستانیتر بێت.
بە بۆچونی من شێوازی پێکەنینە نالەخۆکانی، هەڵەشەیی و قسە تەواونەکردن و پچڕاندنی ڕستەیەک بۆ ڕستەیەکی دوای خۆی، گەرمی و قەرەباڵخی زمانی لەکاتی قسەکردندا و ساردی بیرکردنەوەی، دەرپەڕاندنی دەیان وشەی سوک و ناشایستەی وەک قۆندەرە و پێڵاو و بەرزکردنەوەی بۆ بینەر و بیسەری میدیاکەی دەشێت لەڕووە دەروونناسییەکەیەوە شاسوار بکاتە هەڵگری چەندین لادان و نەخۆشی مەترسیداری ڕۆحی و دەروونی، یان لانی کەم هەڵگری نیشانەی چەندین نەخۆشی مەترسیداربێت، بەڵام لەنێو ئەم ناڕێکیانەدا بە بڕوای بەندە مەترسیدارترینیان جۆرە نەخۆشییەکە کە پێی دەڵێن نەخۆشی گاسڵایتینگ (gaslighting) کە بۆ من وادەردەکەوێت لەبەرانبەر کادر و ڕۆژنامەنووسەکانی نێو دامەزراوە گەشتیاری و میدیاییەکەی بەکاری دەهێنێت و تاڕادەیەکیش سەرکەوتووبووە، لەم ڕێگایەوە چاوشۆڕیان دەکات ودەیەوێت ئەم چاوشۆڕییەش بگوازێتەوە بۆکۆمەڵگە.
لە سادەترین مانای خۆیدا گاسڵایتینگ بە واتای هەژموون درووستکردن دێت بەسەر لایەنێکدا لەڕێگای چاوشۆڕکردنی بە بەکارهێنانی ئەو چاکە و دەستکەوتانەی کەکەسەکە پێ وایە خۆی بەخێر و پیتاک دەتداتێ نەوەک خۆت بە ئازایەتی و کاری خۆت دەستی بخەیت.
کەسی گاسڵایتەر لە ڕێگەی ئیحراجکردنی بەرانبەر بە پرسیاری مەلابەزێنی و موغاڵەتەی ژمارەیی و سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتەوە وادەکات بەرانبەرەکە گومان لەبیرکردنەوە و پرسیارەکانی خۆی بکات، سیقەی بە بوونی خۆی نەمێنێت، هەست بە شکۆی خۆی نەکات، وابزانێت ئەوەی کەسی گاسڵایتکەر دەیڵێت تاقە ڕاستییەکی بێ هەڵەیە و ئەوەی لەدەرەوەی ئەو و مەنزومەکەی ئەون سیخوڕ و جاش و بەرەی دەسەڵاتن، بەم شێوەیە ئیحتیوای بەرانبەرەکان دەکات. زۆر هەوڵمدا لە کوردیدا بەڵام تێرمێکم بۆ گاسڵایتینگ دەستنەکەوت، بەڵام نزیکرتین مانا لێیەوە ئەو گوزارە عەرەبییەیە کە دەڵێت صدق وهو کذوب
شاسوار ئەمڕۆ بە درووستکدنی چاڤی لاند و دامەزراوەی میدیایی نالیا و شوقە و ڤێلا بێ کوالێتییەکانی گوندەکانی ئەڵمانی و کورد سیتییەوە دەیەوێت سایکۆلۆژیای گشتی بخاتە ژێرباری پرسیارە هەرزانەکانی خۆیەوە.
خستنەژێربار و شێواندنی سایکۆلۆژیای گشتی و قەناعەتکردن بە کۆمەڵێک کەس لە ڕێگای ئەو چاکە کەمانەی کە تۆ پێت بەخشیون بۆ ئەوەی گومانیان بۆ درووست بکەیت سەبارەت بەو حەقیقەتەی کە بەم دوایانە لەسەر تۆ بۆیان دەرکەوتووە، تۆش لە ناچاریدا؟ دێیت ڕووە مەترسیدارە ئاشکرابووەکەی خۆت لە ڕێگەی گاسڵایتینگەوە دیزەبەدەرخۆنە دەکەیت و دەیشاریتەوە لێیان خراپترین جۆری دەستوەردانی سایکۆلۆژیای گشتی دەکەیت.
بە کوردی و کرمانجی گاسڵایتینگ جەڕاندنی بۆچوونی خەڵکە سەبارەت بە کەوتنی ماسکەکەت، حەقیقەتە ئاشکرابووەکەت و بەکارهێنانەوەی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆت.
پانیکی پاش قسەکانی فاروق ڕەفیق هەڵەی کوشندەی بە شاسوار کرد، ئەو قسانەی فاروق ڕەفیق کارێکی کرد خاوەنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و (NRT) و چاڤیلاند خێرا لە میدیاکەی خۆی و لە هەستیارترین بەرنامە و لای پڕۆفێشناڵترین ڕۆژنامەنووسی کاناڵەکە بە شۆیەکی ئەرەستۆکراتیانەی فەیکەوە خۆی دەربخات و فەلەت لە دوای فەلەت بیدا بەدەستەوە، قسەی سوک و هەرزان بکات، گاسڵایت بکات، تەنانەت پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکە بە پرسیاری موغاڵەتاوی وەڵام بداتەوە و و ئەو دەمەشی کە لێیدەگیرا دەچووەوە سەر مەعدەنێکی ئەسڵتر و وشەی پێڵاوی بەچەندبارەیی لە زمانە هەژارەکەی باردەکرد و بە دەنگێکی نیمچە زیقن دەیدا بە گوێی ئێمەدا. [1]