ناونیشان: خودا ئیتر بزە نایگرێت!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #07-06-2023#
سوهرابی سپێهری وتی: با ئاوەکە لێڵ نەکەین پێدەچێت لەخوارەوە کوکوختییەک تینووی بێت و ئاو لە جۆگەکە بخواتەوە.
مەحمودی دەوڵەت ئابادی دەڵێت جارێک ئەحمەد شاملۆ ڕەخنەی تووندی سوهرابی کرد و وتی: سەرم لەم عیرفانە وێڵ و بێ جەدوایەی سوهراب دەرناچێ، گەنجانمان لە لێواری ئاوەکە لە پشتەملەوە سەردەبڕدرێن، بەڵام سوهراب هاتووە دەڵێ با ئاوەکە لێڵ نەکەین، نازانم کۆترە یان کوکوختییەک تینویەتی.
شاملۆ لە شوێنێکی دیکەدا لە ڕەخنەی سوهرابدا دەڵێت: من پێم وایە شیعر دەبێت ڕۆڵی شەیپوور و بڵندگۆ ببینێت، نەوەک لایلایەکردن و نوزانەوە.
من پێم وایە لەم نێوانەدا حەق بە سوهرابە، سوهراب زۆر قووڵتر بۆ مرۆڤ و ژیانی ڕوانیوە، هەوڵی زیندووکردنەوەی نووزەکانی ویژدانی تا دواتر ئەم نوزانە ببنە شەیپوری ئەخلاقی بۆ تاکەکان و لە خراپە بیاگێڕنەوە تا ئیدی پێویستیمان بە شەیپورە دەرەکییەکەی شاملۆ نەبێت لە فۆڕمی شیعردا نائومێدمان بکات.
سوهراب هەوڵی داوە داوە تەنانەت لەبەرانبەر شتێکی وەک لێڵکردنی ئاوێکشەوە بەحەزەر بین. ئەوانەی کە لە لێواری ئاوەکە خەڵکیان سەردەبڕی لەزگماکەوە بەو جۆرە جەلاد لەدایک نەبوون، بەڵکوو لە شوێنێکەوە دەستیان پێکردووە، ڕۆژێک لەڕۆژان ئاوی گوێ چەمێکیان لێڵکردووە، وردەوردە ئەوسا گەیشتوون بە ڕشتنی خوێن و سەربڕین. مەحاڵە ویژدان بهڵێت مرۆڤ یەکسەرە بگات بە خوێنڕشتن. مرۆڤ دەبێت لە خاڵێکی وەک لێڵکردنی ئاو و بیرنەکردنەوە لە کوکوختییەکی تینوو دەستپێبکات و دەنگ و هاوارەکانی بکاتە نووزەیەکی بێگیان تا دواتر بتوانێت بە سانایی لە پێچێکی تاریکی نێو دەهلیزەکانی ناخی خۆیدا کپی بکات و قڕو قپی خەفەی بکات تا ببێتە جەلادێکی سەربڕی بێ دڵ.
لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکانی بەختیار عەلیدا جەلادێکی وەک لیڤیتانت هۆمەر بۆتانی لە کوشتنی ئەسپێکی شەلەوە باڵەکانی لەدەستدەدات و ئیدی ناتوانێت بفڕێت، دەبێتە ئەو جەلادەی دواتر هەزاران کەس بە بێ کێشە و زۆر بەسانایی دەکوژێت. وایلێدێت حەزی دەچێتە خواردنی کەلەسەری پشیلە بەکاڵی و پشیلەی دێهاتەکان قڕ دەکات. لە سەرەتاوە لیڤیتانت هۆمەر بۆتانی کەسێکی خراپەکار نییە، ڕۆژێک ئەسپێکی شەل دەبینێت، شۆڕش فەرمان دەکت بیکوژن بۆچی؟ چونکە شۆڕش پێی وایە ئەم ئەسپە شەلە ئیدی توانای کارکردنی نەماوە بۆیە نابێت وێنجەی پێبدرێت و مەسرەفی زیادەی لێبکرێت، بۆ ئەوەی کەمێک لە مەسروفاتی شۆڕش کەمبکاتەوە تابڕێک دەنێ بە نێوچاوانی ئەسپەکەوە و دەیکوژێت و دواتر کەمێک دڵگران دەبێت، شۆڕش دەست دێنێت بە پشتیدا و پێی دەڵێت تۆ پاڵەوانی و لەخەمی شۆڕشدایت خەفەت مەخۆ، ئازاری ویژدان نەتگرێت. لەوشەوە بەدواوە و بۆ ئەبەد هۆمەر بۆتانی لە دوای ئەو ڕووداوەوە دەبێتە جەلادێک کە دواجار زیندانی ژێرزەمینی کۆشکەکەی وەک ئەشکەنەخانە بۆ سەربڕین و ئەشکەنجەدانی گەننان بەکار دەهێنێت.
پێم وابێ لە پەڕتووکی مەجالیسی سەبعی مەولانادایە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە سەبارەت بە مووسا. دەڵێت جارێک موسا کە شوانی شوعەیب دەبێت کاریلەیەک لە کارەکانی ڕانەکەی لێ تەرە دەبێت. ئەم ڕادەکات و موساش بە شوێنیدا، دەیان فەرسەخ بە شوێن یەکەوە غاردەدەن بەبێ ئەوەی موسا بتوانێت ئەم کاریلەیە بگرێت. موسای تووڕە و بەهێز و کاریلەش نەرم و ناسک و بێهێز، کاریلە ماندوو دەبێت و لەسەر هەر چوار چۆکی پاش ماوەیەک دەکەوێت و بێ ئیختیار ڕادەست دەبێت. موسا بە خۆی و جەستە بەهێزەکەیەوە پەلاماری دەدات و دەیگرێت. خودا و فریشتەکان بەوردی تەماشای ئەم شانۆییەی موساو کاریلە دەکەن، فریشتەکان چاوەڕێن موسا لەپای ئەو هەموو ڕاکردن و ماندوکردنە لە کاریلەی بەستەزمان بدات، سەرببڕێت یان لانی کەم ڕانێکی بشکێنێت. بەڵام پێچەوانەکەی ڕوودەدات موسا کاریلەکە لەباوەش دەگرێت دەستێک دەهێنێت بەسەریدا و پێی دەڵێت: ئاخر کەی ئەمە ڕاستە تۆ لەگەڵ منت کردت، گەر بەزەییت بە مندا نەهاتەوە وا ماندووت کردم بەزەییەکت بە ناسکی خۆتدا بهاتایەتەوە، چی وایلێکردی وا خۆت ماندوو هیلاک بکەیت، گەر ڕقت لە هەڵسوەوتی من بوو بەزەییەکت بەخۆتدا بهاتایەتەوە.
خودا کە ئەمەی دی بزەگرتی و پێکەنی، موسای نیشانی فریشتەکانی داو جارێکی دیکە پێی وتن انی اعلم مالا تعلمون. فەرمانی کرد ئیتر کاتێتی تا موسا بکرێتە پێغەمبەر، چونکە ڕۆحی پێغەمبەرانە نەرمی لەم شتە بچوکانەوە دەوێت و دەزانێت کەسێک تەقوا و شەرمی هەبێت لە ئازارنەدانی کاریلەیەک دەشێت ئەوەندە ئەمین بێت بتوانێت میللەتێک لە میسر هەڵکەنێت و بیانباتە سینا.
لەچنینی ئەم پێشەکییانەوە دەمەوێت بڵێم ئەمڕۆ ئەم ڤیدیۆیەم دی دڵم داخورپا، دەشێت ئێمە ئەمڕۆ زۆر بە سادەیی لەم ڕووداوە بڕوانین کە لەبەرانبەر شکاندنی قاچی ئەم سەگەوە نیشانمان دەدرێت. ئەم شەقە دەقیق لێڵکردنی ئاوە، کوشتنی ئەسپەکەی هۆمەر بۆتانییە، ئەم شەقە لەم بێزمانە چیرۆکی ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ ئیدی باڵەکانی خۆی تێدا لەدەستدەدات، بەقەولی غەزالی کەلاوەی حەز و هەواو هەوەس بەسەر ڕۆحیدا دەڕوخێت و لەفڕین دەکەوێت، لەوە دەکەوێت ئیدی فریشتە بێت، دیوە شەیتانییەکەی مرۆڤ لە دوای ئەم شەقەوە چەکەرە دەکات و گەر زوو نەگەڕێتەوە بۆ نووزەکانی نێو خۆی و دڵی دانەخورپێ ئەوە ئەم چەکەرەیە دەبێتە داری زەقومی دۆزەخ و هەرلقێکی دەیان سەرەشەیتان وەک میوە دەگرێت کە دواتر هەڵپاچینی ئەم سەرە شەیتانانە دادی نەدەن و داری مێو بەبەهێزی و هەزاران سەرە شەیتانەوە بێنەوە مەیدانەکە:
. (أَذَٰلِکَ خَيْرٌ نُزُلًا أَمْ شَجَرَةُ الزَّقُّومِ * إِنَّا جَعَلْنَاهَا فِتْنَةً لِلظَّالِمِينَ * إِنَّهَا شَجَرَةٌ تَخْرُجُ فِي أَصْلِ الْجَحِيمِ * طَلْعُهَا کَأَنَّهُ ڕُءُوسُ الشَّيَاطِينِ)
با ئاوی گوێ چەمەکە لێڵ نەکەین، پێدەچێت کوکوختییەک لەو خوارەوە تینووی بێت و ئاو بخواتەوە. گەر پارێز لە تێهەڵدانی سەگ بکەین بە دڵنیایی لە مامۆستا هەڵنادەین، گەر تەقوامان هەبێت بەرانبەر خودا و شکۆ و خوێنی درووستکراوە بێدەسەڵاتەکانی ئەوا ئیدی خوێنی یەکتر ناڕژین، چونکە لەسادەترین مانایدا تەقوا واتە شەرم و حەیا، کە ئەو نەما ئیدی هیچ نامێنێت. قورئان هیدایەتە بۆ کەسی بەشەرم (هدی للمتقین) نەوەک هەموو کەسێک. [1]