ناونیشان: پارتی وەک شوگەر-دادیی شاسوار!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #09-06-2023#
شوگەر دادی تێرمێکە بۆ ئەو دەوڵەمەندە پیرانە بەکار دێت کە کچێکی جوانی زۆر لەخۆیان بچوکتر بە زەبری پارە دەخوازن، ڕادەگرن یان وەک بوکەڵەی چێژ تەبەنی دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیانگێڕن. من دەمەوێت سوودێکی سیاسی لەم تێرمە وەرگرم. نەوەی نوێیەکەی شاسوار کە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵ و دەمگەرم دەناسێنێت لە دەیان پێشهات و ڕووداوی هەستیار و چارەنووسسازدا لە بەغدا چ ئەمڕۆ چ لە ڕابردوو و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا خۆبەخشانە و بەبێ ئەجێندا چوەتەوە نێو کۆشی سیاسەتی شوگەر دادییەکەی و هێزەکەی بە یەکجار و بەبێ ملەجەڕێ کردۆتە نێو ئەو کۆشە دەوڵەمەند و گەرمەوە. من لێرەدا دژی پارتی قسە ناکەم کە ئەژێندا و بەرنامەکەی ڕوونە، خەریکی بزنسی کوردایەتییە، ئەوەی من مەبەستمە قسەکردنە لەسەر فیگەرێکی ماسکدار و فەیک کە بە ڕۆژی ڕووناک خەریکی کڵاوێن و پەتپەتێنی سیاسییە و بەناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە و لەڕێگای ماشێنە میدیاییەکەیەوە وەک دەستکەوت دەیفرۆشێتەوە حەشامات.
پێویست ناکات سۆربۆن و هارڤرد ببینین تا لە حوکمڕانی کوردی تێبگەین تەماشا:
یەکێتی لەگەڵ پارتی شەریکە دەسەڵاتە، شەریکە سامانە، شەریکە گەندەڵییە، حاکمی موتڵەقی #سلێمانی#یە بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاکی ڕادیکاڵ مامەڵە دەکات، بەیاننامە دەردەکات و داوای ماف و قووتی ناوچەکەی دەکات.
نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆنن بەڵام وەک شەریکە دەسەڵاتێکی تەمام عەیار سەرسەختانە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکەن و بەرگری لێدەکەن، وەک دەسەڵاتیش دژی یەکێتی دەوەستنەوە، لەکاتێکدا یەکێتی دەسەڵاتی موتڵەقی ئەو ناوچەیەی هەیە کە ئەمان نفوز و دەنگیان هەیە تێیدا و کورسییان لێ هێناوە.
ئەوەی یەکێتی داوای دەکات لەڕاستیدا دەبوو دەمگەرمێکی وەک شاسوار و بێدەنگێکی وەک سەڵاحەدین بەهادین داوای کەن، چونکە ئەوان خۆیان بە نوێنەری ئۆپۆزسیۆن دەزانن ئەمڕۆ. هەم شاسوار و هەمیش سەڵاحەدین بەهادین لە هەموو کەس باشتر دەزانن بەم فۆڕمەی ئێستای هەرێمی کوردستان و هەژموونی یەکێتی و پاتی بەسەر نەوت و جەوتەوە نەک هەر ناتوانن حوکمڕانی بگرنە دەست، بەڵکوو ناتوانن ببنە بەڕێوەبەری دەواجنێکی دوورەدەستی #شارەزوور#یش، ئەی بۆچی لە خاڵە هەستیارەکاندا کە بواری گۆڕانکارییان بۆ دێنێتە پێشەوە وەک دەسەڵات مامەڵەدەکەن؟
یەکێتیش دەزانێت بەم فۆڕمەی ئێستای پێیەکی ئۆپۆزسیۆن بوون و ڕادیکاڵ بوون نەک ناتوانێت بمێنێتەوە، بەڵکوو بزمار دوای بزمار لە تابووتی خۆی دەدات، ئەدی بۆچی وا مامەڵە دەکات؟
ئەمە مانیعولجەمعەکەی کوردایەتییە و هەشتاساڵە چ لە شاخ چ لە شار پارتی ماستەرمایندێتی، کەس ناتوانێت دەلێلێکی عەقڵانی سیاسی بۆ بهێنێتەوە، هەموو ئەم ئاوانە دواجار هەموویان دەڕژێنەوە ئەو کوردایەتییەی کە هەشتا ساڵە بەم جۆرە وەک بزنەکەی هەیاسی خاس مامەڵە لەگەڵ ئەم میللەتەدا دەکات.
ئەوەی بەغدا لەسەر سەربەخۆیی ئابووری بە #هەولێر#ی دەکات، هەولێر لەسەر هەمان کێشەی مەرزەکان بە سلێمانی دەکات، ئەوەی حوکمڕانی بەغدا بە حکومەتی هەرێمی دەکات، حکومەتی هەرێم بە سلێمانی و #گەرمیان# و #هەڵەبجە# و ڕاپەڕینی دەکات.
کورد قۆناغی تۆپەڵبەندی و زەمکردنی یەکدی لەشێوەی تۆپەڵی بچوک بچوک و عەشیرەتگەرایی و لەکاتی ترسدا گەڕانەوەی بۆ خێزان تێنەپەڕاندووە بۆ قۆناغی گەل و میللەت و هۆنینەوەی چیرۆکی هاوبەش و دامەزراوە. بۆیە ئەم مەفرەقە بەردەوام قوڵتر و قوڵتر دەبێتەوە، کەینونەکەی لەقتر و بێ ئۆقرەتر دەبێت، بوونەکەمان بەردەوام وەک بۆمبێکی هێشوویی بۆ پارچەی لەوەی سەرەتا بچوکتر دەتەقێتەوە بۆ ئەوەی وێرانەی زیاتر درووستبکات لە قوڵایی وجوودیدا.
لە قۆناغی خێزان و عەشیرەت و دۆخی زەمکردندا شتێک نییە بەناوی سیاسەت ئەوەی هەیە وەلاء و بەڕائە، یار و نەیارە، بەرەی خائین و بەرەی نیشتمانپەروەرە، بەڵام لە قۆناغی خەمڵینی میللەت و درووستبوونی هۆشیاری گەل و هۆنینەوەی چیرۆکی هاوبەشدا هەموو شتێک دەچێتەوە خزمەت مەنزومەکە گەر دژایەتیش بکرێت هەر بە کەڵک دێتەدەر، شتێک نییە بەناوی بەرەی خیانەت، خائین تێیدا ئەو کەسەیە کە ژیان و ئازادییەکان لەخەڵک بەرتەسکدەکاتەوە. [1]