ناونیشان: حوشتر و فڕۆکە کامیان حاجیترن؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #16-06-2023#
ماننیتۆڵ (Mannitol) ستراکچەرە کیمیاییەکەی (C6H14O6) ە، دەرمانێکە زۆرجار لەلایەن پزیشکانی چاو و مێشک و دەمارەوە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی نێو کاسەی سەر و چاو بەکاردەهێنرێت.
کە لەسەر ئەم ئەم دەرمانە دەمخوێندەوە فزوڵی گرتمی و کەمێک بەشوێندا ڕۆیشتم شتی زۆر جوان خۆیان دابەدەستەوە.
یەکێک لەو سەرچاوە ڕووەکیانەی کە مانیتۆڵی لێ دەردەهێندرێت ڕووەکی حوشترخۆرە یاخود مەننە ناوە کە زانستییەکەی (Alhagi camelorum) ە، ئەم مەننە هەمان ئەوەی لە قورئاندا هاتووە کە بۆ بەنی ئیسرائیل نێردراوە (وانزلنا علیهم المن و السلوی) . ڕووەکی ئەلحاجی کامیلۆروم یان حوشترخۆرە ڕووەکێکی دڕکاوییە کە لە بیاباندا دەڕوێت، ناواخنی ئەم دڕکانە شتێکی تێدایە لەشێوەی میوەدایە، دەوترێت زۆر شیرینە، خودا ئەم ڕووەکەی لە سەحرای سینا و پاش ڕزگار بوون لە فیرعەون نیشانی بەنی ئیسرائیلییەکان داوە تا لەگەڵ باڵندەی سەلوا باڵندەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست زۆرە بیخۆن (وانزلنا علیهم المن والسلوی) لە قورئانداوشەی (مەنّ) بۆ ئەم ڕوەکە بەکارهاتووە، پێدەچێت وشەی دەرمانی مانّیتۆڵیش لە هەمان ئەم مەننەوە وەرگیرابێت، چونکە سەرەتاییترین ماددە بۆ دەرهێنانی مەننیتۆڵ یا ماننیتۆڵ ئەم ڕووەکە بووە. مەن ی مەننیتۆڵ دەشێت لەم مەنن ەوە وەرگیرابێت.
بەڵام بۆچی ناوە زانستییەکەی ناونراوە ئەلحاجی کامیڵوروم: پێش داهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوە خەڵک زیاتر بە کاروانی حوشتر ڕۆیشتوون بۆ حەج. باشترین وڵاخییش بۆ تەی کردنی ڕێگای کاکیبەکاکی بیابان حوشتر بووە. حوشتر زۆر حەزی بەم گیایە بووە مەنن بۆیە کورد پێی وتووە خاری حوشترخۆرە، کە خواردوویەتی بەشی چەند ڕۆژێکی کردووە، هەم ئاوەکەی و هەمیش شیرینییەکەی کارێکی کردووە وڵاخەکە بەرگەی ئەو بیاباە بگرێت.
سەعدی شیرازی لە پەڕتووکی گوڵستانەکەیدا حیکایەتێکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە ڕۆیشتنی ئەم کاروانچیانە هەیە. جارێک لەنێوخۆیاندا حاجییەکان دەیکەن بە گاڵە و دەنگبەرزکردنەوە و قسەی سوک بەیەک وتن و یەکتر کوشتن. لە وەسفی ئەم دیمەنەدا سەعدی ڕوودەکاتە کاروانەکە و پێیان دەڵێت لەڕاستیدا ئێوە حاجی نین، ئەو حوشترانە حاجیترن لە ئێوە کە بە بێدەنگی و بەوپەڕی ئەدەبەوە هەم باربەرن و هەم خارخۆرن و فزەیەکیشیان لێوە نایە. ئێوە بەناوی خواوە و لەسەر پشتی ئەم حوشترانە خراپە نەماوە بەیەکی نەکەن و پێشتان وایە دەبنە حاجی؟
(حاجي تو نيستي شترست از براي آنک
بيچاره خار ميخورد و بار ميبرد)
تۆ حاجی نیت بەڵکوو ئەو حوشترە بێچارەیە حاجییە کە تۆی لەسەر پشتی خۆی هەڵگرتووە و خاریش دەخوات
ڕەگی وشەی (Alhagi camelorum) دەقیق لە وشتری حاجییەوە وەرگیراوە، واتە ئەودڕکەی حوشتری ڕێگای حەج دەیخوات. جا نازانین مەبەستە زانستییەکە حوشتری حاجیانە، یا مەبەستەکەی سەعدی شیرازی کە حوشترەکە لەوان حاجیتر بووە.
ساڵانە لە ئێراقدازیاتر 400 سیاسیی پلەباڵا بە تەزکیە و بەبێ سەرە گرتن و مادووبوون ڕۆیشتوون و دەڕۆنە حەج، ئەمساڵ باس لە 600 کەس لە سیاسی و بیرۆکراسی و پارلەمانتار دەکرێت کە بە فڕۆکەی تایبەت و بزنس کڵاس چونەتە حەجی ماڵی خوا. ئێستاش کەم نین چیرۆکی ئەو فڕۆکانەی هاوشێوەی حوشترەکان لە سەرنشینەکانی ناویان بە ئەدەبتر و بێوەیتر و حاجیترن، هەرچەندە لە بری ئەلحاجی کامیڵوروم و حوشترخۆرە فڕۆکەکان بەنزینی کواڵیتیی نزمی ئێراقی دەخۆن بەڵام لانی کەم ماڵی خەڵک ناخۆن و درۆ و دزییان لێناکەن، لەسەر قافییەی قسەکەی شێخی سەعدی فڕۆکەکان لە سیاسییە دزەکانی ناویان حاجیتر دەگەڕێنەوە وڵاتە وێرانەکە.
لە مە#سنە#ویدا هاتووە جارێک بایەزیدی بەستامی ڕوودەکاتە ماڵی خوا بە نییەتی سەفەری حەج، لەو عەرعەرە بە پیرەمێردێکی پشت چەماوەی برسی دەگات، لێیدەپرسێت بایەزید بۆ کوێ؟ لەوەڵامدا بایەزید پێی دەڵێت بۆ سەفەری ماڵی خوا، کابرا دەڵێت چیت پێییە؟ بایەزید دەڵێت دووسەد درهەم.
کابرای غەوارە دەڵێت بۆ ئەو دوسەد درهەمە نادەیتە من و حەوت جار لە دەورم بگەڕێیت لە بری تەواف و گەڕان لە دەوری ماڵی خودا، دڵی من خودا خۆیی تێدایە، بەڵام ماڵەکەی بەردێکی بێ ڕۆح و بێ گیان، بەردێک دگۆڕیتەوە بەخۆی؟ بایەزید بە بیستینی ئەم قسەیە دهمودەست هەر دووسەد درهەمەکە دەخاتە دەستی پیرە پیاوی غەوارە و دەگەڕێتەوە. شەو لە خەویدا ئاوازێک پێی دەڵێت ئەی بایەزید لێمان وەرگرتی.
ئەو سیاسییە دزانەی ئەمڕۆ بە پارەی دزیاری میللەتێکی بەشمەینەت و جەستە خەستەی دەردی گەرمای هاوین و دڵشکەستەی بەرد و سەرمای زستان بۆ تەزویر و سێلفی گرتن دەچنە ماڵی خودا، بە دزییەکانیان کە بە ناوی خوداوە دەیکەن خودا و ئیمانی دینیش ناشیرین دەکەن، وادەکەن خەڵک ڕقی لەباسی خوداش بێ، بۆ دونیا و بۆ قیامەتیشیان وا باشتر بوو ئەوەی لەو سەفەرەدا دەیدەنە خێمە و هۆتێل و تەوافی ڤی ئای پی، بیدەنە ئەو 14 ملیۆن هەژارەی کە لە وڵاتەکەدا ئاوی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت، منداڵەکانیان بێ خوێندنگان، تەندرووستییان نییە و دەیان گیرۆدەیی دیکە بەرۆکی گرتوون. ئەم دزانە هۆکاری درووستبوونی ئەم دۆخەن و دەیانەوێت بەم حەجە خودا بخەڵەتێنن و ڕووی خۆیان لە دەرگایەکی شەفافی عەدلی ئیلاهیدا سپی بکەنەوە، کێشەکە ئەوەیە خەڵک دواتر لەچاوی ئەمنەوە ڕقی لە خودا و ماڵی خوداش هەڵدەستێت. [1]