ناونیشان: دین چی لە ئێمە و ئێمە چیمان لە دین دەوێت؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #23-06-2023#
هەر چارەسەرێک بۆ هەرکێشەیەک لە فیکرەوە سەرچاوە نەگرێ کاتی و ماکیاژە.
پایەکانی دەوڵەت و حکومەت و ڕێکخراو و ڕەوتە دینی و قەومییەکان ئەمڕۆ لەسەر ئەساسێکی ئێکسپایەر و بەسەرچووی وەک ئەرک و واجبات بوونیاد دەنرێن، لەکاتێکدا دونیاکە دەمێک ساڵە لە دونیای ئەرکەوە گواستوێتییەوە بۆ دونیای ماف. بیناکردن لەسەر واجبات لە زەمەنێک کە ماف تێیدا ڕوکن و سەنتەرە بیناکردنێکی ناوبۆش و لاواز و بەرگەنەگرە. بە هۆشیاربوونەوەیەکی کەمی لایەنگران و هەواداران و هوتاف کێشەکانت دۆخە بەسەر خۆتدا قڵپ دەبێتەوە و هەر ئەوانەی دوێنێ خۆیان بەکوشت دەدا بۆت خودی ئەوانە خۆیان گۆڕ بۆ خۆت و دونیا بەسەرچووەکەت هەڵدەکەنن.
کۆماری ئیسلامی ئێران، سعودیەی عەرەبی، سوودان و دەیان دەوڵەتی قەومی وەک سووریا و ئێراقی #بەعس#ییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە دەوڵەتی دینی یان دەوڵەتی قەومی خراپترین جۆری بیدعەی دەوڵەتداری بوون لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا، کۆمەڵگە دۆخێکی جەرەیانیی هەیە و بەردەوام لە جووڵەدایە هەرگیز ملیان بۆ نادا.
ئێمەتا ئێستاش نازانین دەوڵەتە دینییەکان و ئەو بانگەشەکارانەی کە دەیانەوێت کۆمەڵگە بفیقهێنن و یاساکانی فیقهی دینی بەسەردا جێبەجێبکەن بەو فیقهە کرچوکاڵ و بێڕۆحەی کە ئیدامەی سەڵتەنەت و دەوڵەتدارییەکەیانی پێدەدەن چییان دەوێ؟ ئایا ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو یاسا دینییە زۆرەملێیانەوە خەڵکەکەی ژێر دەستیان ئیماندار و عاشق و بە ویژدان بن؟
دەی مەسەلەکانی ئیمان و ویژدان و جیهانبینی ئیمانی کێشەی بوونیادی-وجودی مرۆڤن، بە ئەمر و نەهییەکانی واعیز و دەوڵەتی دینی درووست نابن. گەر تەسەڵوت و ئیقتیدار و زاڵبوونیشیان دەوێت بەسەر کۆمەڵگەدا و دەیانەوێت ببنە سێبەری خودا بێگومان شەریعەت و فیقهە ئەرکسەنتەرەکەی دین باشترین ژینگە و بواریان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لەچاوتروکانێکدا ئاگر لە کۆمەڵگە بەربدەن دواتریش هەر لەچاوتروکانێکدا خۆیان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە.
ئەم قسەیە بۆ دەوڵەتە ناسیۆنالیست و نەتەوەچییەکانیش هەر ڕاستە. گەر خۆشەویستی نیشتمان و خۆ بەختکردن بۆی قسەکەیە، پێویستمان بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە تا ئەم هەستە بڕوێنێت، چونکە مەسەلەی خۆشەویستی مەسەلەیەکی وجودییە، لەناوەوڕا چەکەرەدەکات و درووستدەبێت، نەک لەدەرەوە بەسەر ناوەوەی مرۆڤدا بچەسپێندرێت. بەڵام گەر بۆ تەسەڵوت و زاڵبوون بێت بۆ پەردەپۆشکردین فەرهود و دزیکردن بێت، ئەوە مەسەلە ئایدیۆلۆژییە نەتەوەییەکانی وەک نیشتمانپەروەری باشترین ژینگە و کەشی لەبار دەخوڵقێنن بۆ کەراندنئیستیحمار و جەڕاندنی هۆشیاری جەماوەر بۆ ویستی سەرۆک و تاکەکەس. شەڕی ناوخۆی کورد لەڕابردوودا لەسەر ئەم ئەساسە دەکرا و شەرعیەتی پێدەدرا. ئەفڵاتون دژی ئەرستۆکراتە ئەسیناییەکان دەیگوت: هەر سەرکردەیەک وتی بڕۆن خۆتان بۆ شار بدەن بە کوشت، ئەوە لە واقیعدا دەڵێت بڕۆن خۆتان بۆ من بدەن بە کوشت.
ئەو فیقهە توندە سەلەفییەی ئەمڕۆ لە مینبەرەکانەوە عەقڵی دەسەڵاتدارە نەقشی و قادرییەکانی هەرێمی باشووری کوردستانی تێکڕا هاک کردووە و ئەمان لەڕێگایەوە شەڕی پۆست و پارەی مۆڵی نەتوت و فەرهوودی پێ دەکەن، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێ بکە و مەکەی سیاسی/کۆمەڵایەتی نەبێت، درەنگ یان زوو پێ بزانن یان نەانن وەک ئاگرەسوورە لە ماڵی خۆیان بەردەبێت . ئەم سەلەفیزمە سیاسییە/کۆمەڵایەتییە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە دین و ئیمانی دینییەوە نییە، یاساگەلێکی تەنکی سەربە دونیای ئەرک و واجباتە کۆنەکەیە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیای مەدەنی و حوکمی ڕەشید و مافەکاندا نایەتەوە، ناتوانێت نە لە خەم و ڕۆح و ویژدانی خەڵک و نە لە خەمی بەڕێوەبردن و ژیاری شەقامەکەشی تێبگات. بە درووستبوونی کەمترین هۆشیاری سیاسی/کۆمەڵایەتی وەک داشەکانی دۆمینە ئەمانیش یەک دوا یەک هەرەس دێنن و هاڕە دەکەن بەسەر خۆیاندا. ڕۆشنبیری دینی لەم بوارەدا گرنگترین ئەرک دەکەوێتە سەرشانی لە هۆشیارکردنەوە و ئاڕاستەکردنی خەڵکەکەیدا بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لە ئەگەری هاڕەکردندا بتوانێت خۆی ڕزگار بکات.
کۆمەڵگە و دەوڵەتی دینی/نەتەوەیی ئەمڕۆ نە شیمانەی درووستبوونی هەیە نە هەلومەرج و پێداویستی درووستبوونیشی هەیە. چونە ئەم دەوڵەتانە زیاتر لەسەر بنەمای مەرجەعیەت و فەتوا و خەیاڵاتی بابردووی کەسی یەکەم درووستدەبن نەوەک وەکالەت و کارپێسپێردراوی و نوێنەرایەتیکردن.کەسی مەرجەع خۆی دێت ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم شیاوە بۆ ئەم ئەرکە، نەوەک خەڵک و جەماوەر بێن و بەشیاویان بزانن. دەقیق وەک ئەو خیلافەتەی لای سوننەکان و ئەو ویلایەتەی لای شیعەکان و ئەو مەرجەعیەتەی لای پترۆناسیۆنالیستەکان هەیە. ئەم جۆرە دیدانە زیاتر پشت بە مەشروعیەتی خودایی و بان مرۆیی دەبەستن نەوەک مەشروتییەتی مرۆیی. دەیانەوێت هیدایەتمان بدەن بۆ ڕێگەی ڕاست و نیشتمانپەروەری و دینداری و ڕازیکردنی خودا نەوەک ڕازیمان بکەن لە ژیان، ئەرکسەنتەرن نەوەک مافسەنتەر.
پەیامی دینی/ نەتەویی ئەمڕۆ نابێت پەیامێکی سیاسیی بێت. ئێمە دەبێت وردەوردە بگوازینەوە بۆ دونیای نوێ. دەبێت چاومان لە پەیامە ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی دین بێت نەوەک چاوەڕوانیمان بۆ پەیامە سیاسییەکانی هەبێت کە زادەی هەلومەرجی ڕۆژەکەی خۆیان بوون نەوەک زەمانبڕ و جوگرافیا بڕ بن. وەک بەدیلێکی بێ لایەن دەوڵەتی مەدەنی و سیکۆلاریزمی سیاسی نەک لائێسیتە لێرەدا دەبێتە فەرز و واجبێک بۆ ژیان، جیاکردنەوەی بوونیادە دەوڵەتییەکان لە بوونیادە کەسی و دینییەکان. ئەمە زۆر جیاوازە لەو بۆچوونە موتەتەریفەی لائێسیتە کە دەیەوێت دین و ژیان لێکجیاکاتەوە. پیاوانی ئایینی نابێت وەک ئەوەی پیاوی ئایینین بەشداری سیاسییان هەبێت، ئەوان دەبێت وەک مرۆڤ و لەدەرەوەی ئەرکە ئایینییەکەیان سیاسەت بکەن و هیچ پارێزبەندییەکیان لەسەر ئەساسی دینی نەبێت. لەناو سیاسەت و کۆمەڵگەدا بن نەوەک بەسەر سیاسەت و کۆمەڵگەوە حاکم بن بەقەولی ئیمامی عەلی: (کن عند الناس فردا من الناس-) یەکێکبن لە خەڵک نە یەکێک بن بەسەریانەوە وەک پیاوانی دینیش دەبێت کاریان کارێکی پزیشکیانە بێت لەگەڵ ڕۆح و دەروون و ئیمانی خەڵک نەوەک پۆلیس بن بۆ ژیانی دەرەکی و ئابووری و سیاسەتیان.
بە گوێرەی تێرمینۆلۆژی دینی وهەموو پەڕتووکە پیرۆزەکان مەرجی سەرەکی سەعادەتی ئەبەدی مرۆڤ ئیمانەکەیەتی، کەسی بێ سیاسەت و بێ دەستوور و بێ ئابووری دەشێت بچێتە بەهەشت، بەڵام کەسی بێ ئیمان نا، گەر دڵمان بۆ دین و ئیمان خەڵک دەسوتێت دەبێ هەوڵبدەین فەزای ئازادیان بۆ فەراهەم بکەین، چونکە ئیمان تەنیاوتەنیا لەفەزای خاوەن ئیختیار و ئازاددا گەشە و نەشونما دەکات نەک بە لیس و لەژێر فەتوای خێراو زەبر کوتەکی مەلاشێخی شار و کۆڵانەکاندا. [1]