ناونیشان: عەرەفە؛ ویستی دینار یان مەستی دیدار؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #27-06-2023#
مەحوی لە یەکێک لە بەیتە شیعرییەکانیدا ڕوودەکاتە واعیزێکی #سلێمانی# و پێی دەڵێت: واعیز بەسە کەم سەرکۆنەی من بکە کە عاشقم، من و تۆ دوو کاراکتەری تەواو تەواو جیاوازین، هەریەکێکمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕین کە کەسایەتیمان پێی بەخشیوین، دینی من دینی بتانە و دینی تۆش دینی پول و پارە و ئاڵتوونە.
سەنەم یان بت لە ئەدەبیاتدا دەلالەتی جوانی یار، دولبر یا خودای هەڵگرتووە، لەبەرانبەردا بە واعیزی مەزهەب پەرەست و فیقﮪ پەرەست دەڵێت دینەکەی تۆ دینی فیقهی ئاڵتوونە، واتە یا ئەوەیە بۆ دەستکەوتی شەخسی خۆت بەکاری دەهێنیت تا ئاڵتونت لێیەوە دەستکەوێت، یان یاسا و فیقهی ئەو دینەی کە تۆ پێت وایە هەموو دینە لە زۆرترین باردا تەنیا توانای ئەوەی هەیە لە ئاڵتوون و درهەم و دینار بکۆڵێتەوە، یاسایان بۆ دەربکات و حەڵاڵ و حەرام دیاری بکات، لەمە زیاتری پێ ناکرێت و بەم یاسایانە خودات بیرچووەتەوە:
(واعیز لە من بڵێ طەعنە بەس بدا//دینی بتانە دینی من ئەو مەزهەبی زەهەب)
-لە پەڕتووکی چوارەمی مە#سنە#وی مەعنەویدا حیکایەتێکی سەرنجڕاکێش هەیە دەڵێت: جارێک دەشتەکییەکی بیاباننشین بۆ هەندێ پول و پارە و ماڵی دونیا ڕوودەکاتە کۆشکی خەلیفە لە بەغدا، پێی وایە لەگەڵ دەستیدا دەبێت دیارییەک بۆ خەلیفە ببات ئەوسا عەرز و تەڵەب و پێداویستییەکانی خۆی بداتە خەلیفە. زۆر بیردەکاتەوە چی وەک دیاری بباتە دەرگای خەلیفە، لە گۆزەیەک ئاوی سازگار زیاتر بەخەیاڵیدا نایەت. بۆ بیاباننشینێکی سەحراگەرد هیچ دیارییەک لە گۆزەیەک ئاوی سازگار گەورەتر و جوانتر نییە. کە دەگاتە دەرگای پاسەوانانی خەلیفە بەخشندەکە، پاسەوانە میهرەبانەکان بۆ ئەوەی هەست بە کەمی نەکات پێش ئەوەی پێی بڵێن ها کابرای سەحرانشین بۆچی هاتووی و چیت دەوێت، لێی دەپرسن چیت لەگەڵ خۆت بۆ خەلیفە هێناوە. لەوەڵامدا دەڵێت ئەم گۆزە ئاوە سازگارەم هێناوە بۆ خەلیفە، پاسەوانەکان دەیانزانی ڕووبارێکی گەورەی سازگاری وەک ڕووباری فورات هەمووی موڵکی خەلیفەیە و ئەو پێویستیی بەم گۆزە ئاوەی کابرای سەحرانشین نییە، بەڵام کەرەمی خەلیفە و میهرەبانییەکەی لەوە گەورەترە لێی وەرنەگەرن و دەست بە ڕوویەوە بنێن. بە خۆشحاڵییەوە گۆزە ئاوەکەی لێوەردەگرن و دەینێرنە لای خەلیفە بۆ ئەوەی داواکاری خۆی پێکەش بکات. کابرای دەشتەکی کە سەڵتەنەت و گەورەیی خەلیفەی دی دەکەوێتە سەر چۆک و مولانا لەسەر زاری ئەم دەشتەکییەوە ئەم بەیتە گرنگە دەڵێت: قوربان تا پێش ئەوەی تۆ ببینم عەوداڵی پول و پارە و دینارەکەت بووم، کە خۆتم دی هەموو ئەوانەم بیر چوویەوە و تەنیا ئاواتم دیدارێکتە. دیدارەکەت بەراورد ناکرێت بە دینارەکەت. سەرەتا هاتمە لات مس بووم، کە چاوم پێت کەوت بوومە ئاڵتوون، مەگەر ئاڵتون دەشێ داوای مست بکات بۆ ئەوەی بەنرخ بێت؟ تا ئێستا داواکاری دینارکەت بووم ئێستا مەستی دیدارەکەتم
(تا بدین جا بهر دینار آمدم
چون ڕسیدم مست دیدار آمدم)
هەر لەم چیرۆکەدا مەولانا وا گەرم دادێت ناتوانێت خۆی نەیەتە گۆو لەسەر زمانی دەشتەکییەکە دەڵێت نموونەی من وەک نموونەی ئەو برسییەیە کە ڕۆیشتە نانەوا نان بکڕێت، کە میهرەبانی و سەخاوەتمەندی نانەواچی بینی نانەکەی بیر چووەوە. ئەم کەرەمەی نانەوا وایکرد خۆشویستنی خودی نانەوا زۆر لەناسینی نان و خۆشویستینی نانەکە گرنگتر بێت بەلایەوە.
هەر لە غەزەلێکی دیکەدا مەولانا دەڵێت:
ئەی دۆست شەکر باشە یان ئەوکەسەی کە شەکر درووست دەکات//مانگ جوانە؟ یان ئەو کەسەی مانگی بەو جوانییە درووستکردووە؟
(ای دوست شکر بهتر یا انکس کە شکر سازد //خوبی قمر بهتر یا انکە قمر سازد)
-هەر لە مەسنەویدا حیکایەتێکی دیکەی سەرنجرڕاکێش هەیە دەڵێت: کابرایەکی کاڵفامی خاوەن مەڕوماڵات هەبوو ساڵانە دەخڵودانێکی زۆری دەکرد بۆ ئەوەی ئالیک و کای ماڵاتەکەی لێ دابین بکات. ڕۆژێک حەکیمێک ڕێی دەکەوێتە ماڵی ئەم خاوەن ماڵاتە و لێی دەپرسێت تۆ بۆچی ئەم دەخڵودانە زۆرە دەکەیت؟ لەوەڵامدا دەڵێت بۆ ئالیکی ئاژەڵەکانم، کابرای حەکیم پێی دەڵێت کاکی برا تۆ بۆ بۆ دەستخستنی گەنم ئەم دەغڵە ناکەی، خۆ گەر بۆ گەنمەکەی بیکەی ئالیک و کای ماڵاتەکەشت هەر دەست دەکەوێت و گەنمیش دەدوریتەوە. ئێستا هەموو ئەو گەنمە بۆ بەفیڕۆ دەدەیت بۆ ئەوەی ئالیکت دەستکەوێت؟
-لەو دێیەی مەولەوی تاوگۆزی مەلایەتی لێدەکا، کەسێکی دوور لەخوا دەمرێت، خەڵکەکە ڕازی نابن نوێژی لەسەر بکەن و مەلا تەڵقینی ناخوێنێ. ئەم باسە دەگاتەوە مەلا سەید عەبدڕەحیمی مەولەوی تاوگۆزی. ئەویش دەمودەس خێرا دەێتە سەر جەنازەی کابرای دوور لەخواو و ئەم شیعرە جوانە لەبارەگای کەرەمی ئیلاهیدا دەکاتە تکاکار بۆ ئەو پیاوەی کە ئەهلی زاهیر نوقڵانەی ئەهلی دۆزەخیان بۆ لێدابوو:
گەر ڕۆژێک نابەجێییەکم دەرحەق بە تۆ کردبێ، ئەمڕۆ ڕووزەردیم موحتاجی سڵاوێکی تۆیە. ئەم دۆستەی خۆت بەم زامە نوێیەوە سەری ناوە بە خاک و خۆڵی ئاستانەی دەرگاکەی خۆتەوە، ڕووی خۆڵاوی بووە لە بەردەم کەرەمی دەرگاکەتدا، میوانێکی غەریب و غەوارەی میوانسەرا و دیوەخانە دەوڵەمەنەکەی خۆتە، سا تۆش پێی مەڵێ کوا توێشەکەت، کوا گۆزە ئاوە سازگارەکەت! دەستم دامێنت و دەخیلتم درێخی مەکە لە بەخشندەیی خۆت دەرحەقی و داوای توێشووی لێ مەکە. یا خەلیل کەی عادەتی کەررەم و جوامێران وابووە کەداوای کۆڵ و توێشوو لە میوانەکانیان بکەن کاتێک ئەمان غەریبانە و ڕووزەردانە ڕوویان لێ دەنێن.
(هەر یەک شەفیعێش پەی وێش ئاوەردەن//من خەجاڵەتیی وێم شەفیع کەردەن
یەکێ جە دۆسان بەو زامی نۆوە//سەر نیان وە خاک ئاسانەی تۆوە
میهمانی غەریو کەرەمسەرای تۆن//موحتاج وە ڕێزەی سفرەی ڕجای تۆن
درێغی مەکەر، ئامان سەد ئامان//مەفەرما میهمان بێتۆشە ئامان
یا خەلیل، دەخیل کێ عادەت کەردەن//تۆشە وە دەرگای کەریمان بەردەن؟)
مەولەوی کەرەمی ئیلاهی دەکاتە قەڵغان و سپەر بۆ عەدلی ئیلاهی و پەنای بۆ دەبات. کەرم جیاوزا لە عەدل ئەو شوێنەیە کە خودا بەبێ ئەوەی باکی هەبێت دەبەخشێت، و لێپرسینەوە ناکات.
یەکێ لە گەورەترین شاریحانی مەولانا کە دکتۆر سروشە پێی وایە جوانترین و ناسکترین بەیت کە مەولانا لەنێو 49 هەزار بەیت غەزەلیات و 27 هەزار بەیت مەسنەویدا وتبێتی ئەو بەیتەیە کە دەڵێت: هیچ کارێک بەرانبەر کەرەمی ئیلاهی سەخت و دژوار نییەو ناتوانێت خۆی بگرێت لەبەرانبەریدا:
(تو مگو ما ڕا بدان شە بار نیست // با کریمان کارها دشوار نیست)
عەتتار دەڵێت لە بایەزیدی بەستامی دپرسن توێشوت هەیە بۆ قیامەتت؟ بایەزید لەوەڵامدا دەڵێت:
منێکی گەدای دەربەدەر بڕۆمە بەردەم کەرەمسەرای خودا، خودا دەڵێت چیت دەوێ یا دەڵێت چیت هێناوە؟
ئەوە کەی مەئلوفە فەقیر شت بەرێ بۆماڵی دەوڵەمەند؟
=KTML_Bold=ئەنجام=KTML_End=
لەم چەند پێشەکییەوە دەمەوێت بچمە سەر باسی دینداری و خواپەرەستی ئەمڕۆی کەسێتی موسوڵمان لە کوردستاندا. دینداری دەقیق ئەمڕۆ بە قەولی مەحوی بووەتە توێکڵێکی فیقهی ڕووت، بووەتە مەزهەبی زەهەب، باسەکانی خودا و کەرەمی ئیلاهی و ئیمانی دینی ئەمڕۆ لەپاشەکشەی تەواو دان، پۆلیسەکانی حەرام و حەڵاڵ بە پێچەوانەی پۆلیسەکانی دەرگاکەی خەلیفە جوامێرەکە بوونەتە پەردەی شاردنەوەی خودا، تاوانە کەسی خودییەکان زەق دەکەنەوە و خەڵکی پێ لە دین دەردەکەن بەڵام ئەو تاوانانە نابینن کە دەستدرێژین بۆ سەر عەدالەت و مافی گشتی و ماڵی خەڵک. کەرەمی ئیلاهی پایەماڵ دەکەن. لای ئەمان قومێک شەراب یان ماچێک بەسە بۆ ئەوەی خودا لە تۆ خۆشنەبێت، بەڵام ئاە و ناڵە و ڕوباری خوێنی مەزڵومان نابینن. لەبری ژیان بۆنی مردن بڵاودەکەنەوە، کارێکیان کردووە خەڵک لەبری دیدار تەنیا دیناری بوێت، بە ناوی یاسای فیقهییەوە ناوی خودایان لەناو ناواندا نەهێشتووە، ئەوەی هەیە و حاکمی ڕەهای گۆڕەپانی دیندارییە فەتوای سەرپێیی و حەرام و حەڵاڵێکی فقهێکی کرچ و کاڵ و بێ ڕۆح شتێکی زیاتر نییە. هەموو ئیمانی دینی بە بابەتە سیاسییەکانی وەک ئیرتیدا و ئەحکام و شوناسی دینی پایەماڵ دەکەن، لەبری ڕاز هەمیشە نیازیان هەیە، لە ڕۆحانی ترین و عاشقانەترین ساتەکانیشدا هەر بیریان لای شێوازی دەستگرتن و پەنجە جوڵاندن جوڵەکانی مرۆڤە، لەبری دوعا و پاڕانەوە لە بەردەم دەرگای ئەو خەلیفە جوامێرەدا خەڵک فێری جوێن و دوڕدۆنگی و هەڵشاخان دەکەن بەناوی ئەوەوە.
وەک کابرای دەشتەکی بەهەمان گۆزەی ئاوەوە دەچنە دەرگای خەلیفەیەک کە خۆی خاوەنی ڕووباری فوراتە و پێیان وایە شتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیان بردووە و خەلیفە موحتاجی ئەم گۆزە ئاوەی ئەوانە، لەبری دیداری خودی خۆی داوای دیناری لێدەکەن، بێخەبەر لەوەی گەر دیداری خۆیان دەستکەوت دیناریش بەدوای دا خۆبەخۆ دێ، بەڵکوو دینار بۆئەمان هەر مانای نامێنێت. چاو لە کەرەمی خەلیفە دەپۆشن و گۆزە ئاوەکەی دەستی کە خۆیان لە فەتوای خێرا و ئەمرو نەهییەکی فیقهی کرچوکاڵدا دەبیننەوە بە زۆریشی دەزانن بۆی، ویستی دینار کارێکی کردووە ناتوانن مەستی دیدار بن. دەغڵ و دان بۆ ئالیک و کا دەکە نەوەک گەنم و ئارد. بۆ گورچیلەیەک گایەک دەکەنە قوربانی و بەیەکجار ئەوەی تەجەلی خودابێت دەیکەنە حەز و ویستی خودایانەی خۆیان. [1]