ناونیشان: ئایا لە کوردستاندا ئاییندە بۆ ئیسلامە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #11-07-2023#
مێژوو نیشانی داوە هەرچەندە دەسەڵاتدار و پیاوانی دینی بیانەوێت بابەتەکانی دین زەق بکەنەوە و کۆمەڵگە بە دینی بکەن، خەڵک لە دین دووردەکەوێتەوە، بە پێچەوانەشەوە هەرچەندێک دین لە کۆمەڵگەیەکدا قەدەغە بکرێت و بەهێزی دەسەڵات خەڵکی لێ دوور بخرێتەوە خەڵک ئەوەندە پەرۆشی بۆ دین و جێبەجێکردنی پێداروەکانی زیاتر دەبێت، ئەمە لە چ تیۆریایەکی سیاسی دیندا جیێ دەبێتەوە من نایزانم، بەڵام دەیان نموونە هەن لەم بارەیەوە. هەشتا ساڵ لە ئێران و تورکیادا لەلایەن ئاتاتورک و دوو شایەکەوە دین لێی درا بەڵام هەستی دینداری زیاتر کڵپەی سەند لەنێو خەڵکدا و هەر ئەم هەستە قڵپی کردنەوە، ئەمڕۆ کە بەناوی دینەوە حوکمڕانییەکی دینی سەرڕێ کەوتووە خەڵک لەو دوو وڵاتە ڕقیان لە دین و بنەماکانیشی دەبێتەوە، زیاد لە دە ڕیسێرچم لەسەر پەرەسەندنی ئیلحاد لە تورکیادا خوێندۆتەوە هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە لەپاش هاتنە سەر کاری ئاردۆگان و بە دیاریکراویش لە پاش 2010 ەوە کێرڤی ئامارەکانی بێدینی و دەئیزم بەشێوەیەکی ئێکسپۆنێنشیاڵی لۆگاریتمی زیاد دەکەن. ئەوە لە ئێران هەر مەپرسە.
لە کوردستاندا ئەمڕۆ دینداریی مرۆڤی کورد تووشی قەیرانی نامۆبوون هاتووە بەدەست فەقیهانی حەرام و حەڵاڵ و پۆلیسەکانی عەقیدە و شوناسی دینییەوە لەلایەک، چەپ و دژەدینی تەحریفکەر لەلایەکی دیکەوە. دین بە پێچەوانەی ئێران و تورکیا بۆ کورد زیاتر دەلالەتێکی کولتووری-ئیمانی هەیە تا ئەوەی ڕقێک یا چێژێکی نۆستالژیکی وەک ئەوەی لە ئێران و تورکیادا هەیە دنەی بدات. نە وەک ویلایەتە فیقهییەکەی ئێران دین بەئاگر و ئاسن حوکم دەکات تا دژە دین بەو شێوەیە پێیدا هەڵشاخێن و هەموو ناتەواییەکانی کۆمەڵگەی وەک عەلاگە پێدا هەڵواسن، نە وەک تورکیا کەمالیستییەکەش قەدەخە کراوە تا چێژی زیندووکردنەوەی عەقیدەی دینی و شوناسەکەی چاوی دینداران سوور بکات و هەموو دەرەوەی خۆیا بە دوژمن بزانن. بۆ ئەوەی دینداری بژێتەوە و لانی کەمی زەوقێکی ڕۆحانی بۆ خاوەنەکەی دەستەبەربکات، گەر دەیانەوێت ڕێگا لە پەرەسەندنی ئیلحاد و دەئیزم بگرن، پیاوانی ئایینی دەبێت ڕێگا بدەن دینداری کوردەواری دووبارە لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی خۆی بوونیاد بنێتەوە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= سەرلەنوێ تەفسیرکردنەوەیەکی ئیمانی و ڕۆحی نەک تەنیا بۆ قورئان بەڵکوو بۆ هەموو بوون و ئاشتکردنەوەی وجودی دەرەکی لەگەڵ دەقی دینی، ئەمەش بە کاڵکردنەوەی مەسەلە عەقیدەیی و دیبەیتە فیقهییەکانی وەک حەرام و حەڵاڵە دینییەکان دێت کە هەناسەیان لە ئیمانی دینی بڕیوە و لە گۆڕەپانکە بەتەواوی ئاوتیان کردووە.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ئازادکردنی ڕۆحی تاک لە وەهم و ترس و تۆقاندنی تەفسیرە تۆقێنرە دینییە پەرچەکردارییەکان و دەستەبەرکردنەوەی ئازادی بێ مەرج و بێ پێشمەرج بۆی لەوەی ژینگەی بۆ فەراهەم بکرێت خۆی شوێن هیدایەتی خودایی بکەوێت نەوەک لە شێوەی ئایدۆلۆژیایەکی وشکدا عەقیدەیەکی تەسکبینی بە بەڵادا بدروون و پێی بڵێن ئەمە ڕۆحانییەتی دینییە و لەدەرەوەی ئەمە هەمووی گومڕایەو بۆ ئاگر.
لەگەڵ مەدەنی و خاوەن عەقڵەکاندا بە زەبرو زۆری وەحشیانە نا، بەڵکوو بە عەقڵانییەت و قەناعەتپێکردن دەبێت بەرخورد بکرێت.
(Medenilere galebe çalmak ikna iledir، söz anlamayan vahşiler gibi icbar ile (zor kullanarak) değildir.)
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= بەبنەماگرتنی ئەساسیاتێکی گەردوونی و جیهانیی مانادار نەوەک یاسایی و فیقهی بۆ بنەما دینییەکان ْمقاصد الشریعة، جیانەکردنەوەی پەڕتووکی مەنشور گەردوون لە پەڕتووکی مەسطور قورئان، ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەیەکی ئیمانی دینی کە پڕێتی لە تۆلێرانس و قەبوڵکردنی ئەوی تر وەک خۆی، نەوەک ئاڕاستەکردنی بە ئاڕاستەیەکی عەقەدی یان ئیجتیهادی و شوناسی دینی کە بواری پێکدادان زیاتر دەڕەخسێنن وەک لە تێگەیشتن. زۆر جار عەقیدە و یاسا فیقهییەکان ڕق و حیقد و کەراهییەت بەرهەم دەهێنن و ئەوی تر وەک خۆی قەبوڵناکەن، بەڵکوو کاتێک قەبوڵی دەکات کە بێتە سەر مەزهەب یان مەزهەبۆچکە و عەقیدەکەی ئەم. [1]