بیورت سواکاربی، دارت گەندەر بی، یاریشت لە دیار بی
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (بیورت سواکاربی، دارت گەندەر بی، یاریشت لە دیار بی) ، وتراویشە: بیور تیژ بی، دار گەندەر بی، یار لە دیار بی، ئەو ئیدیۆمە بۆ خۆشی و گاڵتە و گەپی کوردەواری هاتووە، بیوور: تەور ئەگەر بەهەسانی سوا بێت و تیژ کرابێتەوە وەکوو کورد دەڵێت: مووی دەبڕێت، کۆلکەداریش ئەگەر وشک بوو کەڕەپوو و کلۆر بوو ئەوا زۆر ئاسان دەشکێت و هیچ زەحمەتی ناوێت چەکوچ و قەڵەم و پوازی بۆ بەکاربهێنیت هەر بیوور پارچەپارچەی دەکات، یار، ئەو کیژەی کە دڵخوازتە بەدیار کارەکەوە بێت، ئەوا ئەو گەنجە خورتتر و بەهێزتر خۆی نیشان دەدات و یەک تەور ڕاوەشاندنی بەدوو تەور ڕاوەشاندن دەبێت، هەرسێ حاڵەت لە خۆشناوەتیدا وەکوو ئیدیۆمێکی گاڵتە ئامێز بەکارهاتووە و وتراوە: بیورت سواکاربی، دارت گەندەر بی، یاریشت لە دیار بی. [1]