ژین هەتا سەیری بکەیت زۆرتر زۆرتر سەیرە، وەکوو توونە مەتەڵیەکەی دێدلس کە بۆ مۆنتاوری هەڵبەستبوو ڕێگەیەکە تەنیا ئەوەندەمان لەبەرچاوە کە شتێک هەیە هیچی کە نابینین، هەندێ جار کە بیر لەکردارێک یان ڕووداوێکی دیاریکراوی نێو ژیان دەکەمەوە، هەتا بڵێی وەک شتێکی پوچ و بێمانا لەبەرچاومدا دەردەکەوێت، بەڵام کاتێ لێی وردەبمەوە و سەیری ڕووداوەکانی پێش و پاشی ئەو ڕووداوە دەکەم، کاتێک دەڕوانم کە هۆکاری پشت ڕووداوەکان چیبوون یاخود چی دەبێتە هۆی ڕووداوی داهاتوو، ئەو کات دەبینم کە زۆر بە سەیری زۆر بە سەرسوڕمانەوە هەستێکم بۆ درووستەبێت کە ئەم ڕووداوە هەر دەبوو ڕووبدات، بیرکردنەوەی من بۆی، پێشبینی من بۆی، وێناکردنی من بۆی تەنیاوتەنیا خۆ خەڵەتاندنێک بووە و هیچ نەیتوانیوە سوڕی ڕووداوەکە بگۆڕێت.
ژیان سەمایەکی گەردوونییە، هەر بەڕاست کاتێ سەماکەرێک سەما دەکات، گەر تۆ مۆسیقاکە نەبیستیت و لە لاشەی سەماکەرەکە تەنیا سەرنجبدەیتە سەر بابڵێین ڕوخساری سەماکەرەکە، ئەو کات کۆی شتەکە زۆر شتێکی بێهودە و بێبەهایە. بەڵام گەر تۆ سەیری کۆی جوڵەکانی سەماکەرەکە بکەیت وە هەموو ڕیتم و هەڵبەز و دابەزەکان پێکەوە گرێبدەیت ئەو کات هونەرێک ئەبینیت، ڕووداوەکانی ژیانی ئێمەش گەر وردبینەوە وان، تۆ سەرنجی ئەو ڕووداوانە بدە لەو ڕۆژەوەی کە تێیدا لەدایکبوویت هەتا ئەم ساتەی ئێستا.
هەموو ڕووداوەکان وا دێنە پێش چاو وەکوو جوڵەی شەمەندنەفەرێک لەسەر سکەیەکی ئاسنین تەنیا یەک ڕێچکەی هەیە، ئەم ڕووداوانەش وەک بڵێی تەنیا دەبوو ئەوە ڕوویدابا و دەبوو بەو شێوەیەبووبا بەکوورتی (قەدەرێکی نەگۆڕبوو!) .
ژیان ژوورێکە یەک دەرگای هەیە هەتا توانات هەیە کە لە بدە لە دیوارەکانی تەنیا سەری خۆت دەهێنیتە ژان، بۆیە تاکە چارەت ئەوەیە لە دەرگاکەوە بڕۆیتە ژوورەکەی تر. ژیان تەنیا ڕێت پێ ئەیات لەو ڕێگەیەوە دەربچیت کە خۆی بۆ دیاری کردوویت، بۆیە قبووڵی بکە و خۆشتبوێ و پەلەقاژەی بێسوود مەکە.[1]