=KTML_Bold=ڕاگەیاندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی فەرماندە مەنسوور ئەمیری=KTML_End=
کۆچی دوایی فەرماندەیەکی دێرینی حیزبی دێموکڕات!
بە داخەوە ئەمڕۆ 23ی ئاگۆستی 2021 کاک مەنسوور ئەمیری یەکێک لە فەرماندەکانی دەیەی 60 هەتاوی لە وڵاتی تایلەند بە هۆی سەکتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
کاک مەنسوور ئەمیری کوڕی حەمەدەمین خانی ئەمیری ساڵی 1959 لە شاری مهاباد لە دایک بوو. ئەو لە سەرەتای لاویەتیدا یەکێک لە گەنجە جسوورانە بوو کە ئازایانە لە ڕێپێوانەکانی دژی ڕژیمی پاشایەتی، لە شاری مهاباد بەشداری دەکرد.
ساڵی 1358، مەنسوری تازە لاو، وەک گەنجێکی خاوەن هەست و نیشتیمان پەروەر، وێرای هەزاران گەنجی دیکەی کورد، چەکی بەرگری لە خاک و وڵات و نەتەوەی کوردی کردە شان و تێکەڵ بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات بوو.
ڕەوانشاد مەنسوور ئەمیری، لە لکی دووی هێزی شەهید پێشەوا سازمان درا. مەنسوور وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و جەسوور، زۆر زوو لە مەیدانەکانی شەڕ و بەربەرەکانی لە بەرامبەر هێزە دژی گەلییەکانی ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا خۆی نیشاندا و پلەکانی بەرپرسایەتی وەک سەرپەل، فەرماندەی دەستە و فەرماندەی لک یەک بە دووی یەکدا بڕین و ببوو بە فەرماندیەکی کارامە و لێهاتوو. ئەو ئەرکی پێسپێردراوی بەو پەڕی لە خۆبردوویی جێ بە جێ دەکردن. چەندین جاریش لە بەرەکانی شەڕ دا بریندار بوو و پاشان دوای سارێژ بوونەوەی برینەکانی ڕێگای خەبات و تێکۆشانی دریژە پێدەدا.
کاک مەنسور ئەمیری بەشێکی زۆری تەمەنی لاویەتی خۆی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا تێپەر کرد. دواتر کە بە هۆی هەل و مەرج نەیتوانی چیتر وەک پێشمەرگە درێژە بە خەبات بدات، ڕێگەی غوربەتی گرتە بەر و لە وڵاتی نۆروێژ گریسایەوە. ڕەوانشاد مەنسور، لە دەربەدەری و غوربەتیشدا هەر وەفادار بە خەباتی نەتەوایەتی و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و وەک ئەندامێکی دلسۆزی حیزبی درێژەی بە تێکۆشان دا. چەند جاریش وەک ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ هەڵبژێردرا.
لەم ساڵانەی دواییدا ناوبراو زۆرتر لە وڵاتی تایلەند دەمایەوە، بەڵام چوونکە هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی لە نێو هەموو وجوودی دا هەبوو، لە هەر شوێنێک بایە، بیر و هۆشی هەر لای کورد و کوردستان بوو. لە تایلەندیشەوە لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی حیزب و گەلەکەی دەژیا و هیچ کاتێک لە کاروانی خەباتکارانی ڕێگەی ڕزگاری دانەبڕا و هەتا کاتی کۆچکردنی وازی لە بیر و باوەڕ و ڕابردووی خۆی نەهێنا و هەمیشە چاوەڕێ بوو کە ئامانجی خۆی و هاوڕێیانی وەدی بێ. مخابن مەرگ دەرفەتی زیاتری نەدایەوە و ئەوی لە حیزب و بنەماڵەی نیشتمان پەروەری ئەمیری و نەتەوەی کورد ئەستاند و کۆمەڵێک ئاوات و ئارەزووی وەدی نەهاتووی لە دوای خۆی بە جێ هێشت.
کاک مەنسوور ئەمیری باوکی کیژێکی ڕووسوورە بە ناوی ژینۆ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وێرای کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەرێزی ئەمیری و تاقانە کچەکەی، ژینۆ و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها خەڵکی مەهاباد و دەوروبەر دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.
بەرێز بێت یاد و ناوی مەنسوو ئەمیری
ڕێگا و ڕێبازی پڕ ڕێبوار بێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات
#23-08-2023# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=