لەنێو بارەگەی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی #16-07-2023# م. شێرزاد محەمەد حەسەن، سکرتێری یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی م. ئیبراهیم قاسم ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆک و هەردوو خاتوون، کەلسوم محەمەد و نەشمیل محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، پێشوازی کرد لە ئاسۆ ئەحمەد تۆفیق سەرۆکی یەکێتی ناوەندی باسکەی کوردستان کە بە مەبەستی ئاڕاستەکردنی سوپاس و پێزانینی یەکێتییەکەیان سەردانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی کردبوو.
ئەمە و لەو میوانداریەدا سەرۆکی یەکێتی باسکەی کوردستان سوپاسی یەکێتییەکەیانی ئاڕاستەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە و کارگێڕی یانەکە کرد لە پایی ئەو هاوکارییە بەردەوامانەی یانەکە بۆ یەکێتی ناوەندی باسکەی کوردستان و ئەنجام دانی چالاکیییەکانی ئەو یەکێتییە وەرزشییە لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگەدا.
هەروەک دووپاتی کردەوە کە یانەی وەرزشی پێشمەرگە خەمخۆر و دڵسۆز و پاڵپشتیکاری وەرزشکارانن و ئەوەش دەبێتە هەوێنی پێشکەوتنی وەرزش چ لە شاری #سلێمانی# یاخود لە کوردستان و ئێراقدا.
پاشان سکرتێری یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ناوی سەرۆک و جێگری سەرۆک و یانەکەیان سوپاسی یەکێتی باسکەی کوردستانی کرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیەیان و سوپاسکردنی یەکێتییەکەیانی بەرز نرخاند و دوپاتی کردەوە کە یانەی پێشمەرگە جیاوازی ناکات لەنێوان یەکێتییەکانی کوردستان و ئێراق و هەمیشە خەمخۆر و پاڵپشتیان دەبێت تا شەقامی وەرزشی ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ بەرەو ئاڕاستەی پێشکەوتن بڕوات و هەنگاوەکانی خێراتر بکات .
لە کۆتایی ئەو میوانداریەشدا، ئاسۆ ئەحمەدی سەرۆکی یەکێتی باسکەی کوردستان قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە یانەی وەرزشی پێشمەرگە. [1]