سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش ڕایدەگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دیناری بۆ پڕۆژەکانی پەرستگەی لالش تەرخان کردووە و بەردەوام پڕۆژە لەو پەرستگەیە جێبەجێ دەکرێن.
خالید نەرمۆ، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش، بۆ باسنیوز ڕایگەیاند: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگیی بە پەرستگەی لالش داوە و چەندیین پڕۆژەی تێدا جێبەجێ کردوون، لەوانە، درووستکردنی شەقامی دووسایدی پەرستگا، کە بووەتە هۆی نەهێشتنی قەرەباڵغیی زیارەتکاران و ڕێکخستنی هاتوچۆ و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان، کاتێ کە سەردانی پەرستگای لالش دەکەن.”
ئاماژەی بەوەش دا: ”کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەیەکی درووستکردنی زەیتی زەیتوونی لە لالش درووست کردووە و زەیتەکە بۆ تەواوی چرا و ڕووناککەرەوەکانی پەرستگاکە بەکار دەهێنرێت، کە ساڵانە خەڵکی کوردی ئێزدی لە لالش، زەیتوونەکانیان کۆ دەکەنەوە و زەیتی لێ دەگرن، بۆ ئەوەی بۆ هەڵکردنی چرا و ڕووناککەرەوەکانی لالش بەکاری بهێنن.”
وتیشی: ”پڕۆژەی ئاویش بۆ لالش درووست کراوە، بەمەش کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار پڕۆژەی لە لالش جێبەجێ کردوون.”
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش، جەختیشی کردەوە: ”کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش هەر بەردەوامە و زیاتر لە 30%ی کارەکانی لەسەر شێوازی کۆن نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها مەزارگە و نیشانگەکانی پەرستگاکە بەردەوام کاریان تێدا دەکرێ و نۆژەن دەکرێنەوە.”
پەرستگای لالش دەکەوێتە شارۆچکەی شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، تاکە پەرستگای کوردانی ئێزدییە، کە لە سەرانسەری جیهان، کوردانی ئێزدی بۆ ڕێوڕەسمە ئایینی و کولتوورییەکانیان سەردانی دەکەن.[1]