دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دابەشکاری پەنجا بە پەنجا، لە #وەزارەتی پێشمەرگە# و گۆڕینی بۆ 57 لە سەد بۆ #پارتی دیموکراتی کوردستان# و 43 لە سەد بۆ #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و وەستانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە. بەرپرسانی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە پابەندی بڕیارەکە نابن و دابەشکاری نوێ ڕەت دەکەنەوە و لە هەر پێکهاتەیەک و دابەشکاریەک ڕێژەی یەکێتی 50 لە سەد کەمتر بێت پابەندی نابن.
بەرپرسانی سەربازی سەربە یەکێتی لە نووسراوەکانیان بۆ سەروی خۆیان لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتی دەکەنەوە پابەندی ئەو خشتانە بن کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی پەنجا بە پەنجا دانراوە و لیوا کەمال سدیق حسێن بەڕێوەبەری ئەشغاڵ و نیشتەجێکردنی سەربازی لە نووسراوێکدا کە ڕێکەوتی #09-07-2023# بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە ناردوویەتی جەدوەل ڕوکنی نوێ ڕەت دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەداوە بەبێ ئاگاداری ئەوان تێپەڕێندراوە و هاوسەنگی تێدا ڕەچاو نەکراوە و ڕەتی دەکەنەوە.
ڕۆژی #16-07-2023# لیوا سەعید عومەر مستەفا بەڕێوەبەری ئیدارەی ئەفسەران لە نووسراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەدوەل ڕوکنی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕەت دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە داوە پێوەی پابەند نابن.
لە ئێستادا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبوونێکی قوڵ لەنێوان یەکێتی و پارتی ڕوویداوە و پابەندی نووسراوی یەکتر نابن. هەر لایەکیان بۆ ڕاییکردنی کارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ لای بەرپرسانی خۆی و وەک دوو وەزارەت لەناو وەزارەتی پێشمەرگە مامەڵە دەکەن. [1]