پزیشکێکی پسپۆڕی ددان ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو کەسانەی قەستەرە، شەبەکە و باڵۆنی دڵیان بۆ دەکرێت، دەبێ سەرەتا پشکنینی دەم و ددان بکەن، چونکە هەندێک نەخۆشیی دڵ ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەم و ددان هەیە.
د. هیدایەت ئەبابەکر، پزیشکی پسپۆڕی ددان، ئەوەی خستەڕوو، کە زۆربەی جار، پزیشکی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، نەخۆشیان بۆ دەنێرن، بۆ ئەوەی پشکنینی ددان بۆ نەخۆشەکە بکەن، ”ئێمە پشکنینی دەم و ددان بۆ ئەو کەسانە دەکەین، کە نەخۆشیی دڵیان هەیە، دواتر وەڵامی پشکنینەکە دەیدەنەوە پزیشکەکە، بۆ ئەوەی بزانرێ نەخۆشەکە دەتوانرێت شەبەکە و باڵۆنی بۆ دابنرێت، یان نا؟
لەبارەی ئەوەی چ پەیوەندییەک لەنێوان نەخۆشییەکانی دڵ و تەندرووستیی دەم و دداندا هەیە، ئەو پزیشکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو نەخۆشییەدا هەیە و دەڵێت: ”پزیشکی نەشتەرگەر، نەخۆشیی دڵ ناباتە هۆڵی نەشتەرگەری، تا ڕای پزیشکی ددان وەرنەگرێت، بەتایبەت لە ڕووی نەخۆشییەکانی پووکەوە، چونکە زیاتر خوێن لە ڕێی پووکەوە دەچێتەوە ناو دڵ، نەخۆشییەکی تایبەتیی دڵ هەیە، کە بە هەوکردنی دیواری دڵ ناسراوە، هۆکارە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە بەکتریا و پیسی لە ڕێگەی پووکەوە دەچێتە ناو دڵ، بۆیە ئەوانەی قەستەرە و باڵۆنیان بۆ دەکرێت، نابێت هیچ نەخۆشییەکی دەم و ددانیان هەبێت، چونکە دوای نەشتەرگەری، تا شەش مانگ ئەو نەخۆشە نابێت دەستکاریی دەم و ددانی بکرێت.“
ئەوەشی باس کرد، کە بەر لە نەشتەرگەری، قەستەرە و باڵۆن بۆ دڵ، دەبێ چارەسەری ددانی نەخۆشەکان بکەن، بەر لە نەشتەرگەری، بە پلەی یەک پشکنینی پووکیان بۆ بکرێت، دواتر ددان، ئینجا هەوکردن، ”ئەگەر نەخۆش دەماربڕینی بوێت، یان کلۆرییەکی زۆر لە ددانیدا هەبێت، دەبێت ئەمانە چارەسەر بکرێن، ئینجا نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت.“ [1]