ناونیشان: دین ئەفیۆنی گەلانە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #13-07-2023#
زۆر بە سانایی دەتوانم بڵێم گەر نەتوانین لە مارکس تێبگەین ئەوا نەمانتوانیوە لە سەدەی بیست تێبگەین. مارکس بەتەنیا مرۆڤێکی خاوەن دیدێکی جیاواز نییە بۆ ژیان و ئابووری و ئیدارە و سیاسەت، بەڵکوو جۆرە ڕێبازێکە بەرانبەر چەندین مۆدڵی جیاواز لە تەرزی ژیان و ئابووری و ئیدارە. هەرچەندە خۆی لە نامەیەکیدا بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە مارکسیزم ئایدۆلۆژیا بێت و خودی خۆشی مارکسی بێت دەڵێت: گەر نادڵنیابم لە هەموو شتێک، ئەوە لەوە دڵنیام کە خودی خۆم مارکسی نیم. مارکسیزم و مارکس دو شتی تەواو لێک جیاوازن، یەکەمین کەسێکیش ئەم جیاوازییەی کردبێت و مارکسیزمی ڕەتکردبێتەوە خودی مارکس خۆیەتی و دەڵێت: (If anything is certain، it is that I myself am not a Marxist).
ئەم قسەیەی مارکس تراژیدیکۆمیدیایەکی زۆر سەرنجڕاکێشە بەوەی هەرگیز خۆی بە مارکسی نەزانیوە وەک ئایدۆلۆژیا.
مارکس بەتەنیا کەسایەتییەک نییە کە خاوەن تەنیا یەک دیدی فەلسەفی بێت بۆ حوکم و سیاسەت و ئیدراە ، کە دەیخوێنیتەوە مارکس وەک ئەڵمانییەک زۆر جیاوازە لە مارکسی فەرەنسی و ئینگلیزی. لە ڤێرژنە ئەڵمانییەکەیدا مارکس فەیلەسوفێکی تەمام عەیارە، بەڵام مارکس کە دەبێتە فەڕەنسی وەک شۆڕشگێڕێک و لە ڤێرشنە ئینگلیزییەکەشیدا وەک ئابووریناسێک خۆیمان پێ دەناسێنێت. مارکس توانایەکی سەرسوڕهێنەری بەسەر هەر سێ زمانی ئەڵمانی و فەڕەنسی ئینگلیزیدا هەبووە، هەر ئەم توانا لەڕادەبەدەرە وایکردووە بتوانێت ئەوەی ویستویەتی بیڵێت و بینووسێت و خێرا کاریگەریی درووستبکات.
=KTML_Bold=مارکس وەک فەیلەسوف=KTML_End=
مارکس لە ڤێرشنە ئەڵمانییەکەیدا لەسەر هەمان ئەو جادەیە دەجوڵێت کە هیگڵ درووستی کردبوو، بەڵام بە سایدی پێچەوانە. ئەوەی مارکس دەیکات پێچەوانەکردنەوەی هێمای هاتوچۆی ئاڕاستەی شەقامە هیگڵییەکەیە. ئەو لە ڕەخنەی هیگڵدا کە دەیوت ئەوە ئاگاهی ئێمەیە بوونی ئینسانی ئێمە و فۆڕمی ژیانمان درووستدەکات دەڵێت: نەخێر هەرگیز ئاگاهی ئێمە ناتوانێت بوونی ئینسانی ئێمە درووستبکات، بەڵکوو ئەوە هەلومەرجی ژیانن کە ئاگاهی ئێمە فۆڕمەلە دەکەن و دەینەخشێنن. بۆ ئەم مەبەستە مارکس بە پێچەواەی هیگڵەوە کە ئارگیومێتێکی دیدەکتیڤیانەی هەبوو بۆ ئاگاهی و بوون و ئایدیاکان ئەم ئاڕاستەی ئارگیومێنتەکە دەکاتە ئاڕاستەیەکی ئیندەکتیڤی.
ئەوەی کە هیگڵ دەیوت ئایدیاکان واقیع درووستدەکەن، مارکس بە تووندی لێیدا و شکاندی، تێزێکی نوێی بۆ ئایدیاکان سەرڕێخست و پێی وابوو ئایدیاکان بەرەنجامی واقیعن، واقیع ئایدیاکان درووستدەکەن ، ئەم دژوەستانەوە ڕادیکاڵەی مارکس دژ بەهیگڵ دیبەیتێکی توندی لە فیکری خۆراوایی وبەتایبەتیش ئەڵمانیدا درووستکرد تا ئەوەی کەسێکی وەک ماکس ڤیبەر هات و لە چاپتەرەکانی کۆتایی پەڕتووکی ئەخلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی کاپیتالیزم دا نێوەندگیری نێوان ئەم دوو تێزە دژ بەیەکەی کرد و هێڵەکانی نێوان ئەم جادە یەک سایدەی هیگڵ و مارکسی کردەوە و کردییە جادەیەکی دوو ساید بەوەی هەردوو بۆچوونەکە دەشێت شیمانەی درووستبوونیان وەک یەک هەبێت، بەوەی هەم ژیان و هەلومەرجەکەی درووستکەری ئاگاهی وئایدیاکانن و هەمیش ئایدیاکان دەتوانن ببنە هەوێنی لەدایک بوونی ئاگاهی و واقیع و هەلومەرجەکانی ژیان.
=KTML_Bold=دین ئەفیۆنی گەلانە=KTML_End=
ماستەرمایندی درهێنانی ئەم قسەی مارکس لە کۆنتێکستی پەرەگرافە ئۆرجیناڵەکەی خۆی کەسێکی وەک میشێل فۆکۆیە. ئەم قسەیە گەورەترین کێشەی تێنەگەیشتن لە مارکس درووستدەکات لە مەعریفەی ئێمەدا وەک ڕۆژهەڵاتی و دیندار. دەشێت ناوی لێ بنێین قەیرانی دابڕینی ڕستە لە سیاق و سیباقی خۆی، دەرهێنان و وەرگرتنی ڕستەیەک لە ناوجەرگەی پەرەگرافێک و تەحریفکردنی بۆ مەبەست و میتۆدی جیاواز و دواتر تەئویلکردنی بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەواوی پەرەگرافەکە و ئەو ئامانج و هەلومەرجە فیکری و ژیارییەی کە پەرەگرافەکەی تێدا نووسراوە. ئەم جۆرە ڕوانینە هیچ نییە جگە لە ئیجحافێکی نازانستی بەرانبەر دەق کە دەکرێت.
مارکس لە پەرەگرافی دین ئەفیۆنی گەلانە و لەکاتی بەرگریکردن لە نەدار و هەژار و برسییەکاندا کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە و تەنیا دینیان بەدەستەوە ماوە تا خۆیانی لەو دونیا بێ ڕەحمەدا پێ بەنج و تەخدیر بکەن و پاڵی پێوە بدەن دەڵێت:
دین ناڵە و ئاﮪ و نزولەی چەوساوەکانە، دڵی جیهانێکی بێ دڵ و ڕۆحی هەلومەرجە بێ ڕۆحەکانە. بەڵێ دین ئەفیۆنی کۆمەڵگەکانە (Religion is the sigh of the oppressed creature، the heart of a heartless world and the soul of soulless conditions. It is the opium of the masses).
تەماشای جیاوازی نێوان ئەم پارەگرافە و ڕستەی دین ئەفیۆنە گەلانە بکە و بزانە چ تەحریف و ئیجحافێک دەرحەق بە خودی دین و دونیابینی مارکسیش کراوە.
مارکس و بە دیاریکراویش لەم نووسینەیدا لە جیهانێکی تەواو ئاوێتەدا لە دینی ڕوانیوە. نە دژی دین نە بۆ دینی نەنووسیوە، ئەو پێی وابووە لە قۆاغێکدا دین ڕۆڵی تەخدیر و بەنجێک دەبینێت بۆ ئەوەی خەڵک بەهۆش خۆیان نەیەنەوە لەو هەژاری و ژێردەستەیی و ئازارەی کە تێیکەوتوون، بەهۆی دینەوە خۆیان بەنج دەکەن تا کەمێک لە ئازارەکانیان کەم ببێتەوە. ئەم ڕوانین و چاوەڕوانییەیان لە دین وا دەکات لەو دۆخەدا هەر بەهەژاری و نەداری بمێننەوە کە دەسەڵاتدار و بۆرژواکان بۆیان خوڵقاندوون. دین دێت هەندێ جار لە ڕێگەی وەهم و هەندێ جاری دیکەش لە ڕێگەی حەقیقەتی ئیمانی دینی ئاڕاستەکراودا ناهێڵێت هەست بە ئازارەکە بکەن، لە ڕێگەی زوهد و قەناعەتەوە باس لە پوچێتی ئەم دونیایە و گرنگی دونیاکەی دیکەیان بۆ دەکات و خێروبێری ئێرەش بە غارە و بەتاڵان دەداتە بۆڕژواکان. هەندێ جاری دیکە دین دێت لەفۆڕمی عەقیدەی سەرکوتکەردا پێیان دەڵێت ئێمە تەقوامان نییە بۆیە هەژار و نەدارین، ئیمانمان لاوازە بۆیە نەوتەکەمان پارە ناکات، نوێژ بە جەماعەت ناکەین بۆیە مووچە دوا دەکەوێت، ڕیشمان پاک دەتاشین بۆیە بێکارین، خەتای ئەوەیە لەەیامی خودا لامانداوە بۆیە ڕۆتین زۆرە و ژیان قوورس بووە.
بەڵێ ئەو دۆخەی دین دەیخوڵقێنێت لە هەلومەرجێکی وەهادا هەمان ئەو دۆخەیەی کە ئەفیۆن و تەخدیر دەیخوڵقێنن، خودی ئازارەکە لانابەن بەڵام هەستی ئازارەکە کەمدەکەنەوە، دەقیق وەک ئەو قاچەی لە کەسێکی نەخۆشی شەکرەدا تووشی گانگرین دێت و نەخۆشەکە پێی نازانێت، بۆچی؟ چونکە هەستە دەمارەکانی نەماوە و هەست بە ئازار ناکات. دین دێت لە ڕێگەی پیاوە ئایینییەکانییەوە دۆخێک دەخوڵقێنێت ناهێڵێت هەست بەو دونیایەی کە هەیە وەک خۆی بکەیت بەڵکوو دونیات وەک ئەوەنیشان دەدات کە چینی سەرەوە دەیەوێت، ناهێڵێت خۆت دەستوپەنجە لەگەڵ واقیع نەرم بکەیت، هەوڵی چاککردنی بدەیت و شۆڕش دژی زاڵم و بۆرژواکانی بکەیت. دونیایەکت بۆ درووستدەکات جیاواز لە دونیا واقیعییەکە، ئەمەش کارێک دەکات تۆ ڕازیبیت و هەستی شۆڕشگێڕیت تێدا بەتەواوی خامۆش دەکات. [1]