ناونیشان: کێ ئیماندارە، کلیلی هیدایەت لای کێیە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #16-07-2023#
جارێک کریستیانیەک لە قۆنیا دێتە مەجلیسی مەولانا، خوێندکارەکانی مەولانا جەلالەدین پێی دەڵێن: کابرا تۆ تەمەنێکت لە کریستیانەتدا بەسەر برد، ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە موسوڵمان ببیت و بێیتە سەر دینی حەق؟ هەزار و یەک دەلیلی عەقڵی و نەقڵی لەسەر ڕاستێتی ئیسلام و هەڵەبوونی کریستیانییەتی بۆ دێننەوە. کابرا قەناعەت دەکات دەڵێت ئەوەی دەیڵێن ڕاستە، من وەڵامێکی قەناعەتپێکەرم پێ نییە بۆتان، بەڵام لەڕاستیدا شەرم لەو شەست ساڵە دەکەم کە لەخزمەتی حەزرەتی مەسیحدا بەسەرم بردووە، ئێستا چۆن بێم هەروا بە ئاسانی دەستی لێبشۆم و بیدەم بە ئاودا و دەستی لێبەردەم .مەولانا ڕوو دەکاتە خوێندکارەکانی و پێیان دەڵێت وازی لێبێنن، ئەو شەرمەی ئەو باسی دەکات لە مەسیح هەمان ئەو تەقوایەیە ئێوە بەشوێنیدا وێڵن، گەر بێتو ئەو تەقوایەیە دابەش کات بەسەرتاندا بەشی هەمووتان دەکات. لای مەولانا تەقوا لە سادەترین مانایدا واتە شەرم و حەیا.
پسپۆڕانی دەروونناسی بەشێکی زۆرێکیان پێیان وایە خراپترین کارێک مرۆڤ بشێت بەرانبەر دەروونی مرۆڤێکی دیکە بیکات ئەوەیە بێدینی بکات و لەدینەکەی هەڵگەڕێنێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت شتێکی دیکەی وەک بەدیل بداتێ تا ئەم مایە لە دەروونی خۆی بگرێت بۆی، لەو دینەی هەڵگەڕێنێتەوە کە ئەم پێی وایە هیدایەت و ڕێنیشاندەرێتی و تەمەنێکی تێدا بە ئیخڵاسەوە بەسەر بردووە. زۆر کەم و دەگمەنن ئەو مرڤانەی دەتوانن بەبێ دین و لەڕێگا عەقڵانی و ویژدانییەکانەوە بگەنە ئاسوودەییەکی ناوەکی خۆیان و خوای خۆیان، دین لە مێژوودا ئەم کارەی لەسەر ئاستی دەستەجەمعی ئاسانتر و مەیسەرتر کردووە، توانیوێتی بە ئاستی جیاواز ئێمە وەک مرۆڤ لەخۆمان نزیکتر بکاتەوە و ئاسوودەییمان پێ ببەخشێت. بەقەولی هانتینگتۆن لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکانیش ئێمە تا ئەم چرکەیە کۆمەڵگەیەکمان نییە بێ دین بێت، دەشێ مرۆڤێک، دەستەیەک یان کۆمەڵە مرۆڤێک بێدین بن بەڵام دۆزینەوەی کۆمەڵگەیەکی بێ دین کەمێک سەخت و نەکردەیە.
لە تەحریفی بێدین و بانگەشەکارانی بێدینی گەڕێ، ئەم شەڕە دەنوکەی ئەمڕۆ دینداران و پیاوانی ئایینی لەسەر مەسائیلی زۆر بچوک و فەرعی عەرەزی دەیکەن و خەڵکی لەبازنەی ئیمان و هیدایەت پێ دەکەنە دەرەوە، ئەو جۆرە لەتەکفیر و لە دین کردنە دەرەوە کە بە مەبەست و بێ مەبەست دەستیان داوەتێ خراپترین جۆری ئازاردانی دەروونی خەڵکە لەلایەک و گەورەترین و ناماقوڵترین نیشانەیەکی پرسیاریشە کە دەخرێتە سەر ئیمان و هیدایەت و ڕەحمانییەتی خوایی و ناوەکانی الهادی و الرحمن ئەو.
ئایا پەیوەست بوون بە تایەفەکی دیاریکراوی دینی و کردنە دەرەوەی ئەوەی لە بازنەکەی ئەودا نییە کارێکی ڕاستە؟ ئایا پێغەمبەران خودی خۆیان دەیانویست لەپاش خۆیان ئەم هەموو فیرقە جیاوازە لە دینەکانیاندا درووست بێت؟ ئایا گەر ئێمە مەفهومی هیدایەت لە تەنیا دید و دین و بۆچوونێکدا کوورت بکەینەوە و مەفهومی هیدایەتی خوایی تێدا قەتیس بکەین خودامان لە سیفەتی الهادی بوون نەخستووە؟
بۆ دووربوون لەو خۆپەرەستییەی کە ئەمڕۆ دوازدە ملیۆنێک یەهوودی تێکەوتووە تەنیا خۆیان پێ ڕاستە، مەفهوم و بازنەی هیدایەت دەبێت کەمێک گەورەتر بێت کە ئەمڕۆ بە ئێمە دەناسێندرێت، تەماشا ئەمڕۆ خاوەن دینە ئاسمانییەکان دەرەوەی خۆیان پێ گومڕایە، موسوڵمان کریستیانی پێ گومڕایە ، لەناو موسوڵماندا سوننە شیعەی پێ گومڕایە، لە ناو سوننەدا سەلەفی ئەشعەری و موعتەزیلەی پێ گومڕایە، لەناو سەلەفیدا باڵە جیهادییەکەی بەهۆی باپەندبوون بە بڕیاری وەلی ئەمرەوە باڵە مەدخەلییەکەی پێ گومڕایە، ئەی کێ ئیمادارە و لەسەر هیدایەتە؟ کەس! لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە بۆچوونێکی یەهوودیانەیە زیاتر کە تەنیا خۆی پێ ڕاستە.
مەفهومی هیدایەت مەفهومێکە گەورەترە لە مەفهومی حەق و باتڵ، کەمتر پەیوەندی بە حەق و باتڵەوە هەیە. ئێمە لە هیدایەتدا وەک ئەوەی لە ماتماتیک و فیزیادا هەیە دەستوپەنجە لەگەڵ فاکت و ژمارەدا نەرم ناکەین تا بڵێین گەر ئەم یاسایە ئەزموون نەکرێت و لەگەڵ فاکتدا نەیەتەوە ئەوسا باتڵە. هیدایەت ڕەش و سپی نییە، باینەری و سفر و یەک all or none نییە، لە دونیای ئینسانیدا شتێکی دیکەمان هەیە پێی دەگوترێت عیشق و وابەستەیی و نییەت و دڵسۆزی، کە زیاتر ڕووی لە ئیمانە وەک لەوەی ڕووی لە عەقیدە و ئایدۆلۆژیا و پێدراوە دەرەکییەکانیان بێت.
ئەوەی ڕۆڵی سەنتەری دەبینێت لە هیدایەتدا ئەو نییەت و عیشق و شەوقەی تۆیە بۆ ئەو دین و باوەڕەی کە هەتە نەک سەلماندن و حەق و باتڵ بوون. بەدڵنیایی گەیشتن بە حەق و حەقیقەت بەلەززەترین گەیشتنێکە کە مرۆڤ بشێت پێی بگات، بەڵام زۆر جار ئەم گەیشتنە وەک یەک بە نسیبی هەموومان نابێت. وَمَا يُلَقَّاهَا إِلا ذُو حَظٍّ عَظِيمٍ. نوێژێک بەبێ نییەت و بەبێ حزوری دڵ و بەبێ ئیخڵاس چەند ڕێکوپێکیش ئەدا بکرێت نابێتە نوێژ. ڕۆژوو و هەموو عیبادەکانی دیکەش هەروان.
گەر بە زمانی دەرمانسازی و پزیشکی قسە بکەین دەتوانین ئەم باسە بەم جۆرە شی بکەینەوە. لە دونیای پزیشکی دا دوو شتمان هەن بۆ چارەسەرکردن، یەکێیان دەرمانە، ئەوی دیکەیان پێی دەگوترێت پلاسیبۆ یان زڕە دەرمان. دەرمان ماددەیەکی کیمیاییە دیارە کە چۆن کار دەکات و چۆن چارەسەر دەکات، بەڵام ئەوەی کە پێی دەگوترێت پلاسیبۆ هیچ نییە جگە لە ماددەیەکی ناکارا کە لەشێوەی دەماندا درووستکراوە بەڵام دەرمان نییە، گەچ و ماددەی بێ کەڵک و زیانە. لە پلاسیبۆدا نەخۆشەکە خۆی ڕۆڵی هەیە لە چارەسەر کردنی خۆی، خۆی دەبێت بێتە پێشەوە تا چارەسەر وەرگرێت و پلاسیبۆکە کاری تێ بکات. بەو گومانەی کە بەباش بوون هەیەتی و خۆی پێ تەڵقین دەکات باش دەبێت و هەست بە باشبوون دەکات.
کە ئەم پلاسیبۆیە دەدرێتە نەخۆشەکە کاردەکات و نەخۆشەکە هەست بەباشبوون دەکات لەکاتێکدا ئەم پلاسیبۆیە ماددیەکس بێ کەڵک و زییانی وەک زڕە دەرمان بووە و دەرمان نەبووە، ئەوەی وادەکات کاربکات ئەو سیقە و تەڵقین و ئامادەسازییە دەروونییەیە کە کەسی نەخۆش بۆ ئەم پلاسیبۆیە دەیکات و ئەم کارە لە پزیشکیدا پێی دەگوترێت کاریگەریی پلاسیبۆ Placebo effect.
مەسەلەکانی هیدایەت و ئیمان و عیشق و نییەتی پاکیش هەر لە جۆرەن. لە کۆتاییدا مرۆڤەکە بەئەندازەی پوختی نییەت کەسەکان دەگەیەێت بە خۆشبەختی وئاسوودەیی ناوەکی. ئەوەی گرنکە ئامادەیی و نییەت و هاتنەپێشەوەی کەسی وەرگرە. گەر کەسی سالیک بە حەقیقەتێک گەیشتیت زۆر خۆشبەختە، ئیدی پێویست بە شەڕە دەنوک جیدال ناکات لەسەر هەموو وردەکاری و عەرەزیاتێکی عەقیدەیی و فیقهی.
گەر بەم چاوە پلورالیستییە بۆ هیدایەت و لە ڕوانگەی ئیمانەوە نەک ڕوانگە عەقیدەیی و ئایدۆلۆژییەکانەوە تەماشا بکەین شەڕ و پێکدادان ئیختلافە دینییەکان زۆر ئاسانتر چارەسەر دەبن، ئەوسا
خەڵک لە ڕەحمەتی خوا بەئاسانی ناکەینە دەرەوە و ناوەکانی الهادی و الرحمن و الرحیم ی خودا ناپێچینەوە و لە کاریان ناخەین.
گەر بێتو خودا بە الهادی بزانین ئەوسا یەهوودییەکان کە دوازدە ملیۆنێکن ناڵێن تەنیا ئێمە لەسەر حەقین، ئەمە چ خودایەکی هادییە کە کەمینەیەک هیدایەت دەدات؟ بۆچی ئەم بازنەی هیدایەتە ئەوەندە بچوکە کە تەنیا 12 ملیۆن کەس بگرێتە خۆی؟ هیدایەت بەشێکی عەقڵە و زۆرینەی ئیمان و نییەتە، دەبێت ئەمانە گرنگ بژمێرین. لە ئیسلام و کریستیانەتیشدا دۆخەکە هەروایە. ئۆرتۆدۆکسەکان کاسۆلیکەکان بە خیانەتکار و سەلەفییەکان سۆفی و ئەشعەرییەکان بە گمڕا دەزانن.
لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە حوسنی نییەت و ڕاستگۆییە لەگەڵ خۆت و باوەڕەکەت، ئەوی دیکەی فروعات و عەرەزیاتە، زۆر جار حوسنی نییەت مرۆڤ لەڕێگای حەرامیش دەگێڕێتەوە بۆ ڕێگای حەڵاڵ و بە پێچەوانەشەوە سوئی نییەت ڕێگاکانی حەڵاڵیش بۆ حەرام دەگۆڕێت. ئەوەی لە دونیا و قیامەت ئێمە بەخۆمان دەگەیەنێت و ڕزگارمان دەکات ئیمان و حوسنی نییەتە نەوەک عەقیدە و یاساکان. [1]