ناونیشان: کەوتنە داوی سیاسییەوە
نووسەر: #جەبار ئەمین#
ڕۆژی دەرچوون: #21-07-2023#
زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1809، وڵاتی سوید یەکەم یاسای بنەڕەتی (دەستوور) ی خۆی پەسند کرد. لەوکاتەوە تاوەکوو ئەمڕۆ کار بەو یاسا بنەڕەتییانە دەکرێت، هەرچەندە ماوەماوە هەندێک ماددە و بڕگەی ئەو یاسا بنەڕەتییانە هەموار دەکرێن. دەستووری سوید ئەم چوار یاسا بنەڕەتییە لەخۆ دەگرێت: یاسای بنەڕەتی مافی ڕادەربڕین، یاسای بنەڕەتی مافی چاپەمەنی، یاسای بنەڕەتی حوکمڕانی و یاسای بنەڕەتی پادشایەتی.
دامودەزگە سویدییەکانی وەک پۆلیس، دادگە، حکومەت و هتد.. بەپێی یاساکان کار دەکەن و لە سەرووی هەموویانەوە یاسا بنەڕەتییەکان، جا یاساکان باش بن یان نا.
لە ماددەی یەکەمی دەروازەی دووی یاسای بنەڕەتی حوکمڕانی دا هاتووە کە هەموو کەسێک لە سوید مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئینجا کەسەکە وڵاتینامە (جنسیە) ی سویدی هەبێت یان نەبێت. ئەم ئازادی ڕادەربڕینە: ڕەخنەگرتن، خۆپێشاندان، مانگرتن، سووکایەتیکردن بە ئاڵا و سووتاندنی، سووکایەتیکردن بە پەڕتووک و سووتاندنیان (جا پەڕتووکەکە قورئان بێت، تەورات بێت، ئینجیل بێت یان پەڕتووکێکی دیکەی ئاسایی بێت) و زۆر هێمای دیکە لەخۆ دەگرێت.
لە کاتی نووسینی ئەم دەستوورە و لەکاتی هەموارکردنەوەکانیش دا کەس بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ڕۆژێک دێت کەسێکی ڕەگەزپەرست یان نەخۆش یاخود کەسێکی دیکە، پەڕتووکێکی ئایینی بسووتێنێ و سووکایەتی بە ملیۆنان کەس بکات.
لە مێژووی 214 ساڵەی دەستووری سوید دا، تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا قورئان لە سوید بەم شێوەیە سووتێنراوە. جاری یەکەم بەر لە چەند ساڵێک بوو لەلایەن کەسێکی ڕەگەزپەرستی دانیمارکی بە ناوی (راسموس پالودان) .
ئێستاش لەلایەن هاووڵاتییەکی ئێراقییەوە بە ناوی سەلوان مۆمیکا کە کەسێکی 37 ساڵەی کریستیان خەڵکی تەلەعفەری دەشتی نەینەوایە، قورئان سووتێندراوە. ئەو کەسە چەند ساڵێک میلیشا بووە و لەگەڵ #حەشدی شەعبی# بووە. بەر لە چەند ساڵێک ئەم (سەلوان مۆمیکا) یە چووەتە سوید و داوای پەنابەری کردووە. دوو ساڵ لەمەوبەر مافی نیشتەجێبوونی سێ ساڵیی پێدراوە و نازانرێت ئایا مافەکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە یان نا.
جا لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی بێت یان لەبەر ڕق و کینە بێت، یان لەبەر هەر هۆیەکی دیکەبێ، ئەم کابرا ئێراقییە هاتووە و یاسا بنەڕەتییەکانی سویدی خراپ بەکارهێناوە و قورئانی سووتاندووە و سووکایەتی بە ملیۆنان خەڵک کردووە. پۆلیسی سویدی بێبەرییە لە کاری ئەم کەسە. بەپێچەوانەوە پۆلیسی سویدی ویستویەتی مۆڵەتی قورئان سووتاندنی لە شوێنێکی گشتی پێنەدات و داواکەی سەلوان مۆمیکای ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ئەو کابرا ئێراقییە چووە بۆ دادگەی سویدی و تانەی لە بڕیارەکەی پۆلیس داوە. دادگەش کە کار بە یاساکان دەکات نەک بە ڕای حکومەت و ڕای گشتی و بۆچوونی تایبەتی، ڕەتکردنەوەکەی پۆلیسی بە نایاسایی داناوە و بە پشتبەست بە ماددەی یەکەمی دەروازەی دووەمی یاسای بنەڕەتی حوکمداری ڕێگەی بە کەسەکە داوە قورئان یان هەر پەڕتووکێکی دیکە بسووتێنێت.
حکومەتی سویدی دژی کرداری قورئان سووتاندنەکە بووە و بە کارێکی قبووڵ نەکراو پێناسەی کردووە. خەڵکێکی زۆری سویدیش دژی ئەو جۆرە کردارانە ڕای خۆیان داوە.
واتە پۆلیس، حکومەت و خەڵکی سوید بەگشتی دژی قورئان سووتاندن بوون. ئەگەر کەموکووڕییەک هەبێت، لە هەندێک دەقی یاسای بنەڕەتی سویدە کە دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لۆبی درووستکردن کار بۆ گونجاندنی ئەو یاسایە بکرێتەوە بە شێوەیەک کە ئازادی ڕادەربڕین گرێبدرێت بەوەی نابێت ئازادی ڕادەربڕین بۆ سووکایەتیکردن بە باوەڕدارانی ئایینێک یان نەتەوەیەک یان گرووپێکی دیکە بێت. ئەم کارەش کاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە.
بۆیەش نەدەبووایە حکومەتی ئێراقی بچێتە ژێر کاریگەریی ئەجیندای سیاسی و مەزهەبیی موقتەدا سەدرەوە و دەبووایە ڕێگە بە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید نەدات. جگە لەوە حکومەتی ئێراقی کارێکی خراپی کرد کە پەیوەندییە دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتی سوید تێکدا. حکومەتی ئێراق دەبووایە تێبگەیشتبووایە کە کەسێکی ئێراقی قورئانی سووتاندووە و پێویست بە شەڕ لەگەڵ حکومەتی سوید و گەلی سوید ناکات.
ئەوەیان لەلایەک، با بێینە سەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023 نوێنەرایەتیی خۆی لە سوید بەکاتی داخست، لەکاتێکتدا قورئان سووتاندنەکە نە خەتای حکومەتی سویدیە و نە گوناحی گەلی سویدە.
دەبووایە هاوکاری مەعنەوی 50 ساڵەی سوید بۆ خەڵکی کوردستان ڕەچاو بکرابووایە.
دەبووایە بیر لەو هەموو هاوکارییە دارایی، چەک و هاوکارییە سەربازییەی سوید بۆ هەرێمی کوردستان بکرابووایەوە لەکاتی شەڕی #داعش# دا.
دەبووایە بیر لە هەڵوێستی جوانی پەڕڵەمانی سوید لەمەڕ ئەنفال و #هەڵەبجە# بکرابووایەوە.
دەبووایە بیر لەوە بکرابووایەوە کە سوید وا بۆ 50 ساڵ دەچێت پەنابەری کورد وەردەگرێت.
دەبووایە بیر لە پشتگیری سوید بۆ زمان و ئەدەبی کوردی بکرابووایەوە.
دەکرا پێش بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕای چەند کەسێکی پسپۆڕ و بێلایەن وەربگیرێت بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو هەڵەیەوە. بەشێکی دیاری ڕاوێژکار و کاربەدەستەکانی حکومەت سویدین.
بەڕێزان، نەدەبووایە ئێوە بکەوتنایە داوی ئەجیندای سیاسی و تاکەکەسی کەسی سیاسی - مەزهەبییەوە. [1]