ناونیشانی بابەت: شەوێک لە نەخۆشخانە
ناوی نووسەر: #دونیا پوشۆ مستەفا#
تەواوی شەوەکە لە نەخۆشخانە مامەوە، لەپەنجەرەکەوە سەیری شەقامەکەم دەکرد سەیری ڕووناکییە ڕەنگاوڕەنگەکان لە دوورەوە چەنێ قەشەنگ دەدرەوشێنەوە!
هەر یەکەیان چیڕۆکێکی لە خۆگرتووە ئەممان چ هەرایەکی ناوەتەوە دەنگی ئۆتۆمۆبێلکان، لەوسەرەوە منارەی مزگەوتەکە هەستێکی خۆشی پێ دەبەخشیم کە لەناخەوە ئاسوودەی دەکردم، ئاسوودەی ڕۆح دەبێت ئەوە بێت کە هەمووان باسی دەکەن و لێشی بێبەشن.
لەولاشەوە لەوێستگەی چاوەڕوانی پاسەکان پیاوێکم بەدی کرد ناڕوونیەک لە ڕوخساری دەبینرا، هاوارێک لەناخیدا دەبیسترا، ئاخۆ دەبێ چ ناڵەیەکی هەبێ دەروونی.
تێبینی شتێکم کرد ئەمڕۆ کە دەمڕوانییە جیهانی دەرەوە
کەسانێکم بینی کە گفتوگۆی گەرمی نێوانیان ئاشوبی گەردوونی بیر بردبوومەوە لە پڕێکدا هاوارێک هات
دەنگێ وتی کە باوکتان ڕۆشت هەموو تێکڕا کردیانە هاوار
شین و گریان تا حەوت تەبەقەی ئاسمان دەڕۆیی
ژیان وایە دەمێک خەندە و لەناکاو دەیکات بە فرمێسک
دەنگی ئەمبوڵانسەکە لە گوێمدا دەزرینگێتەوە وەک ئاوازی بیتهۆڤن کە بۆ بێدەنگی دەژەنێت.
لەلایەکیتر کەسێتر گوڵی دەهێنا بۆ لەدایکبوونی منداڵە تازەکەی، چەن هاوکێشەیەکی سەیرە ژیان!
بەرە بەری خۆر ئاوابوون بوو لە پڕ باران دەستی پێکرد خەڵکەکە بەپەلە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لەوبەری شەقامەکەوە لەژێر چەتری پاکەت فرۆشەکەوە منداڵە بچووکەکە دەیویست بچێتە ژێر باران و یاری بکات بەڵام دایکی توند دەستەکانی گرتبوو پێی دەگووت کوڕەکەم مەڕۆ با تەڕ نەبیت و نەخۆش بکەویت ئەوکات ناچاردەبم بتبەم بۆ دکتۆر و دەرزیت لێ بدات ، ڕاستە منداڵ لەدەرزی دەترسن هۆکارێکی باشە بۆ ترساندنیان.
لەبەرانبەرمەوە پیاوێکی پیر کە گۆچانێک بەدەستییەوە بوو پشتی چەمابوو هەروەکوو گۆچانەکەی ئایا لەو دوو هاوڕێتییە بەتینتر هەیە کە هەردووکیان دەستی یەکتریان گرتووە و بەری نادەن، ڕەنگی قژە سپیەکەی بەفری سارد و سوڕی زستانی خستمەوە یاد کە خەڵک لێی ڕادەکەن ، لە ڕوخسارە خامۆشەکەی و هەنگاوە لەرزۆکەکانی بەدیم کرد سیما و تەمەنێکی پڕ حەسرەت و زەحمەت کێشان.
گەنجێکی تر لەلایەکی پردی شەقامەکەوە وەستابوو چاوەکانی داخستبوو هەردوو دەستەکانی واڵاکردبوو وەک ئەوەی بیەوی بفڕێت، باوەشی بۆ باران کردبوویەوە وەک ئەوە وابوو دەردە دڵی لەگەڵدا بکات.
لێرەدا پرسیارێک بە مێشکم داهات منداڵەکە نەیدەزانی کە باران دەبێتە هۆی نەخۆش خستنی هەر لەبەرئەوە ڕایدەکردە ژێر بارانەکە ، هەرچی پیاوە پیرەکە بوو دەیزانی کە بارانەکە دەبێتە هۆی نەخۆش خستنی بەڵام نەیدەتوانی ڕێ بکات، هەرچی گەنجەکەیە هەم دەیزانی هەم توانای هەبوو ڕێ بکات کەچی هەر وەستابوو، بیرم کردەوە ژیان هاوشێوەیە لەگەڵ باران هەندێکمان لێی ڕادەکەین، هەندێکمان بەرەو ڕووی دەڕۆین ، هەندێکێشمان دەوەستین تاوەکوو باوەشێکی پر موحیبەتمان لێ بدات کەچی ژیان ناوەستێ وەکوو باران دەڕوات هیچ کات لە هیچ شوێنێک و بۆ هیچ کەسێک ناوەستێ. [1]