نزیکەی 80 ساڵ لەمەوبەر، لە کۆتایی ساڵی 1941 دا شێخ مەحمودی حەفید نامەیەک بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەنێرێت بە بۆنەی ئەوەی توانیویانە بگەنە ڕووسیا (یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات) . بەپێی وتەی مامۆستا حەسەن ڕەحیم قازی، نامەکە لەلایەن ڕەحیمی قازی (ئامۆزای پێشەوا قازی محەمەد) نووسراوە.
لە نامەکەدا شێخی نەمر داوا لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەکات بە متمانەوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت پتەوتر بکەن بەو هیوایەی ئەو پەیوەندییە ببێتە مایەی ڕزگاربوونی کورد لەدەست دوژمنەکانی. نامەکە گوزارشت لە ئاستی خەمخۆری شێخی نەمر دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.
دەقی نامەکە:
کاغەزی شێخ مەحمود بۆ نوێنەرانی کوردستانی ئێران
نووسراوە لە ئاخیری ساڵی 1941-دا
ئەمن لە قوڵایی دڵمەوە شادم بەوەی کە ئێوە توانیوتانە بچنە یەکێتی سۆڤێتی خۆشەویست (شاری باکۆ) .
ئەی برادەرانی هاوخوێنی کوردم، تکاتان لێ دەکەم و پێتان دەڵێم جگە لە یەکێتی سۆڤیەت بە هیچ کەسێکی تر باوەڕ مەکەن، بە هیچ چەشنە درۆ و بەڵێنێکی پێچەوانەی سۆڤیەت باوەڕ مەکەن، گوێ بۆ قسەی شیرینی دوژمنان شل مەکەن، خائینانی میللەتی کورد هەمیشە لە دەستی ئەوانەدا کە خۆمان ئەیانناسین (واتە ئیمپریالیمزمی ئینگلیزی) وەکو ئەنگوستیلەن یا داردەستن. زۆر بە هێزەوە دەستی یەکێتی سۆڤیەت بگرن، چونکە هەر ئەوە کە ڕزگارکەر و قەڵای تەواوی میللەتە ژێر دەستە ستەموەرەکانە.
لە 26ی ئازاری ساڵی 1946 بەهۆی فشاری هێزە ڕۆژئاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا لە ئازەربایجان بکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا ئێران توانی ئازەربایجان کۆنتڕۆڵ بکات و کۆماری کوردستان لە سۆڤیەت داببڕێت، ئەمەش بووە هۆکاری پچڕاندنی سەرچاوەی دارایی پاشان داڕمانی کۆماری کوردستان. لە 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1946 حکومەتی ئێران شاری مهابادی داگیرکرد و دواتریش لە ڕۆژی 31ی ئازاری ساڵی 1947 پێشەوای کوردان قازی محەمەد لەسەر کوردایەتی لە هەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستان ی لێ ڕاگەیاندبوو شەهید کرا.
لێرەدا بە پێویستی ئەزانم ئاماژە بەوە بکەم لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیەوە لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، کورد زۆر ڕێگای تاقیکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەی کە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستانە. بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و فشاری دوژمنانی کورد و خیانەتی نێوخۆیی، نەتوانرا ئەو ئامانجە بەدی بهێنرێت. لە ئێستاشدا پرسی سەربەخۆیی لای زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبیرکراوە یان ئەگەر ڕوونتر بڵێین دژایەتی دەکرێت! ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەيى دروست کردووە و حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ لاوازکردنى پێگەی هەرێمی کوردستان.
تێبینی:
- نامەکە لە ئەرشیفی مامۆستا ڕەفیق حیلمی وەرگیراوە و بۆیەکەم جار کاک مەجید ساڵح لە ڕێککەوتی 2019/1/22 بڵاوی کردووەتەوە.[1]
$تێبینی:$
ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!