ناونیشانی بابەت: ئیسلامییەکان لەهەڵەیەکی قوڵ و عەبەسییەتێکی سیاسیدا دەژین
ئامادەکردن و نووسین: #بارام سوبحی#
بەبڕوای نووسەرێکی شارەزا لەکاروباری پارتە ئیسلامییەکان، ئەستەمە لەمەودایەکی بەرچاودا هێزە ئیسلامییەکان بەتایبەتیی یەکگرتو ببنە دەسەڵاتدار، هەروەها پێیوایە ئەو هێزانە لەهەڵەیەکی قوڵ و عەبەسییەتێکی سیاسیدا دەژین، بۆیە بەپێویستی دەزانێت ستراتیج و میکانیزمی کاریان لەبناغەوە بگۆڕن.
پەڕتووکی زستان و بەهاری ئیسلامی سیاسی لە نووسینی عومەر عەلی غەفور، لەبڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراسە و (336) لاپەڕەیە. لەم پەڕتووکەدا نووسەر باس لەڕۆڵی پارتە ئیسلامییەکان و هەوڵەکانی گەیشتنیان بەدەسەڵات دەکات، ئیدی ئەو هەوڵانە لە ڕێگەی خەباتی چەکداری و توندوتیژی یاخود هەڵبژاردن یان خۆپیشاندانی مەدەنیانەوە بێت. زۆربەی باسەکانیشی تەرخانکردووە بۆ باسکردن لەپارتە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم پەڕتووکە لەسێ بەش پێکهاتووە، لەبەشی یەکەمدا بە ناونیشانی ئیسلامی سیاسی لەچارەکە سەدەیەکدا، باس لەئەزموونی حزبە ئیسلامییەکان لە ئێران و سوودان و جەزائیرو چیچان و ئەفغانستان و تورکیاو فەڵەستین و ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. پاشان باس لەبەهاری عەرەبی و کاریگەرییەکانی لەسەر حزبە ئیسلامییەکان دەکات. لەبەشی دوەمدا بە ناونیشانی ئیسلامی سیاسی: فیکرو سیاسەت، باس لەعەقڵی ئایینی و عەلمانی و توندڕۆییی ئایینی و لەتبوونی حزبە کوردی و ئیسلامییەکان و ئیسلامییەکانی ئێراق و کوردستان لە بەردەم بەخششەکانی یاسای وەزعیدا دەکات. لەبەشی سێیەمدا بە ناونیشانی: ئایین و سیاسەت، باس لەبەهاری عەرەبی و کوردی دەکات و بەشی زۆری تەرخانە بۆ باسکردن لەحزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و باس لەرۆڵی ڕۆشنبیرو نوێکردنەوە و نوێبوونەوەی ئیسلام دەکات.
دەوڵەتی ئیسلامی خەیاڵە
دوای باسکردنێکی ورد و مێژویی لەئەزموونی ئیسلامییەکان، هەر لە شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا دەگات بەئیسلامییەکانی کوردستان لە قۆناغی بەشداریکردن لەدەسەڵات و بوون بەئۆپۆزسیۆندا، نووسەر دەڵێت: هێزو حزب و حکومەتەکانی ئیسلامی سیاسی وەک هەر هێزێکی تری ئاسایی شتی باش و شتی خراپیشیان بوە.. ئەوان مرۆڤن و پڕۆژەکەشیان پڕۆژەیەکی بەشەرییە، هەر بۆیە وەک هەر ئەزموونێکی بەشەری سەرکەوتن و شکست، هەروەها کەڵک و زیانی بۆ کۆمەڵگە هەیە. لەم ڕوانگەوە دەبێ خۆیان و دەوروبەرەکەشیان بەم چاوەوە لێیان بڕوانن، چەندە بتوانن بەئاڕاستە پۆزەتیڤەکەدا هەنگاو هەڵگرن و پێشڕەوی بکەن هێندە جێ دەگرن و پێش دەکەون، چەندەیش بەدیوە نێگەتیڤەکەدا خلۆر ببنەوە، هێندە بەرەو داهێزران و شکست و پوکانەوە و لەناوچون دەچن.
نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە هەرچەندە حزب و تەوژمە ئیسلامییەکان خۆیان بەهەڵگری پڕۆژەیەکی چاکسازی ڕاستەقینە و بێ هاوشێوە دادەنێن، کە لەسایەی باڵادەستیی شەریعەتی ئیسلامی لە دەوڵەتدا دێتەدی، بەڵام ئەزموونی پراکتیکییان چ وەک حزب و چ وەک دەسەڵات تا ئەم ساتە زۆر دورە لەو وێنە ئەرخەوانییەی لەئەدەبیاتیاندا باسی دەکەن. پاشان زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت ئەو دەوڵەتەی لەئەدەبیاتی سیاسی ئیسلامییەکاندا باسی دەکرێ، زیاتر تێزێکی خەیاڵکردە نەک واقیعی.
ئەستەمە یەکگرتو ببێتە ئەکەپە
بە بۆچونی نووسەر حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا، ناکاراو کەم گەشەن و نەیانتوانیوە ببنە ڕەقەمێکی قوورس لەهاوکێشە سیاسییەکەدا، یاخۆ بەشدارییەکی میحوەری لەدەسەڵاتدا. بۆیە دەڵێت بەئەستەم دێتە بەرچاو لەمەودایەکی بەرچاودا ئەو هێزانە و بەتایبەت یەکگرتو کە سەر بەقوتابخانەی ئیخوان و قوڵاییەکی زیاتری هەیە، ببنە دادوگەشەپێدانی تورکیاو حەماسی فەڵەستین و نەهزەی تونسی و ئیخوانی میسرو بەڕە لەژێر پێی یەکێتی و پارتی دەربکێشن، ئیدی مەگەر شتێک ڕوبدا کە بەخەیاڵدا نەهاتبێ.
نووسەر بەپێویستی دەزانێت حزبە ئیسلامییەکان سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆیاندا بچنەوە، چونکە قەبارەی سنوورداری ئەو حزبانە دوای ئەوەندە ساڵ و ڕۆڵی پەراوێزییان لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و ئێراقدا، هیی ئەوەیە ئەو حزبانە ڕابچڵەکێنێ و بیانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە پڕۆژەکەیان سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، پێویستە پێداچونەوەی جیدی بەسیستمی بیرکردنەوە و کاری سیاسیاندا بکەن.
لەبارەی بەدەسەڵات نەگەیشتنی حزبە ئیسلامییەکانەوە، نووسەر هۆکارەکەی بۆ خودی ئەو حزبانە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئاخر حزبێک یان کۆمەڵە و گرووپێک کە ئامانجی گەیشتن بەدەسەڵات بێ بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی فیکری و ئایدۆلۆجیی خۆی، ئەگەر نەیتوانی دوای بیست چل پەنجا ساڵ و هەشتا ساڵ دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، یان لانی کەم ببێتە جومگەیەکی سەرەکی و گرنگی دەسەڵات، ئەوە دەبێ بزانێ لەهەڵەیەکی قوڵ و عەبەسییەتێکی سیاسیدا دەژی و پێویستە ستراتیج و میکانیزمی کاری لەبناغەوە بگۆڕێ.
لەبەراوردکردنی وتاری کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتودا، نووسەر دەڵێت: لە کوردستان وتاری کۆمەڵی ئیسلامی ئایینیترە تا وتاری یەکگرتوی ئیسلامی، تەنانەت هەندێ لەسەرکردەکانی یەکگرتو پێیانوایە حزبەکەیان ئیسلامی نییە، بگرە عەلمانیی موحافیزکارە. پاشان ئاماژە بەوەدەکات هەرچەندە یەکگرتوی ئیسلامی لەڕوی ڕێکخستنەوە هێشتا حزبێکی تۆکمەیە، بەڵام لەبەر زۆر هۆکار ئەو تۆکمەییە هێندەی بایسی پاراستنی بووە لە لەتبوون، هێندە نەبووەتە مایەی گەشەکردن و بەرەوپێشچونی. هەر بۆیە دەڵێت قەبارەی ئەو حزبە لەچاو ساڵانی تەمەنیدا قەبارەیەکی بچوکە، هێشتا نەبووەتە ڕەقەمێکی قوورس و بەڵانسێکی بەهێز بۆ هاوکێشەی سیاسی کوردستان، دەبو ئێستا لانی کەم بیست کورسی پەڕڵەمانی هەبوایە.
نان و ئیمان یان ئیسلامی و عەلمانی؟
نووسەر ڕایدەگەیەنێت ئیسلامییەکان توانیویانە وەک تاکەکەس نەوەیەک پەروەردە بکەن، لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتییەکە نموونە بێ لەبەها جوانەکانی وەک: دەستپاکی، داوێنپاکی، دڵسۆزی، لێبڕان، خەمخۆری و یاساپەروەریدا، بەڵام لەسەر ئاستی کاری دەستەجەمعی و ڕێکخراوەیی یاخۆ حەرەکی، ئەو بزاڤە نەک نەیتوانیوە پڕۆژەی بۆ چارەسەری کێشە گشتییەکانی کۆمەڵگە پێ بێ، بگرە تەنانەت نەیتوانیوە لەمومارەسەکردنی کاری حەرەکی و ئیدارەکردنی حزبەکە و مامەڵەکردنی لەگەڵ حزب و گرووپە ئیسلامییەکانی تری ڕکابەریشیدا بەپێی ئەو بەهاو درووشمانە بجوڵێتەوە، کە لەڕوی تیۆرییەوە بانگەشەیان بۆ دەکا.
دوای شیکردنەوەی وتاری پارتە سیاسییەکانی کوردستان بەئیسلامی و عەلمانییەوە، نووسەر دەگاتە ئەو ئەنجامەی عەقڵی ئایینی چ لەڕوی تیۆرییەوە و چ لەڕوی پراکتیکیەوە تەواو ئایینی نییە و دەمارێکی عەلمانییەتی تێدایە. هەروەها عەلمانییەکانیش لەشیکردنەوەی کۆتاییدا نە لەسەر ئاستی تیۆرو نە لەسەر ئاستی پراکتیک عەلمانییەتی پوخت و تەواو نین، بگرە دەمارێکی ئایینیان تێدایە کە زیادو کەم دەکا.
بە بۆچونی نووسەر ئەوەی بەلای خەڵکەوە گرنگە ئەوەیە ژیانێکی ئاسایی و ئارام بژی، کە تیایدا نان و ئیمانیان سەلامەت بێ و دەڵێت کێ ئەمانە دەستەبەر بکا دەیباتەوە. پاشان دەڵێت پێم وایە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تەقسیمبەندییەی کۆمەڵگە بۆ عەلمانی و ئیسلامی لەئەدەبیاتی فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیریماندا، یان لانی کەم هێندە زەقنەکردنەوەی و سەرقاڵنەکردنی خەڵک بەشەڕێکی بێسوود لەسەر چەمکە تەجریدییەکان، بڕیارێکی گرنگ و مێژویی دەبێ.
گرفتەکانی عەقڵی ئیسلامی
نووسەر ڕەخنە لەئیسلامییەکان دەگرێت کە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەخۆداچونەوەیەکی جدی بەوتارو هەڵوێستیاندا بکەن، لەوبارەیەوە دەڵێت عەقڵی ئیسلامی جورئەتی بەخۆداچونەوەی نییە، یان زۆر لاوازە، تا ئێستا کەمترین هەوڵ لەو ڕوەوە نەدراوە و هەمولا سوورن لەسەر ئەوەی هێشتا لەسەر هەقن و پڕۆژەی ئیسلامی هیچ گرفتێکی نییە جگەلەپیلانی ناحەزانی. هەروەها دەڵێت عەقڵی ئیسلامی کوشتەی دەستی نەریتی پاساوهێنانەوەیە (تبریر) یە، هەر کارێک حەزی لێ بێ و بیکا پاساو تەئویلێکی بۆ ئامادە دەکا، هەر لێرەوەیە بیرمەندێکی ڕیفۆرمخوازی ئیسلامی عەرەب ناوی ئەو جۆرە تەوژمانەی ناوە حزب التبریر الاسلامی.
یەکێکی دیکە لەڕەخنەکانی نووسەر لەپارتە ئیسلامییەکان بریتییە لەتێکەڵاوکردنی ئایین و سیاسەت، چونکە پێیوایە لە مێژوودا تێکەڵیی ئایین و سیاسەت ناسۆری بۆ مرۆڤ هێناوە، چونکە سیاسییەکان ئایینیان وەک ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی و سەرکوتکردنی نەیارەکانیان بەکارهێناوە، ئەمە خاڵی لاوازی سەرەکیی مێژوی سیاسی ئیسلام بووە تا بەئەمڕۆیش دەگا. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=