ناونیشانی بابەت: شوێنەواری بەندیخانەی میرنشینی سۆران لە گەڕەکی پاشای گەورەی ڕواندز
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دوای چەند سەدەیەک بەسەر ڕووخانی فەرمانڕوایی #میرنشینی سۆران#، تا ئێستا لە ڕواندز و ناوچەکانی دەوروبەر، چەندین شوێنەواری قەڵا و قوللە و ئامرازەکانی ئەم میرنشینە ماون، یەکێک لەوانەش بریتییە لە بناغەی بەندیخانەی میرنشینەکە.
سامان عەزیز، نووسەر و لێکۆڵەر، دانیشتووی گەڕەکی پاشای گەورە لە شاری #ڕواندز#، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: دوای تێپەڕبوونی سەدان ساڵ بەسەر ڕووخان و نەمانی میرنشینی سۆران، کە بارەگا و پێگەی سەرەکی لە ناوچەی ڕواندز بووە، کەچی تا ئێستا شوێنەواری قەڵا و قوللە و پرد و ئامرازەکانی ئەم میرنشینە تا ئێستا لە دەڤەرەکەدا ماون، وەک باسیش دەکرێت، زۆربەیان لە سەردەمی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز درووست کراون. یەکێک لە بناغەی ئەو شوێنەوارانەش بریتییە لە بەندیخانەی میرنشینەکە، کە دەکەوێتە سەر خەرەند لە خوارەوەی ڕواندز، لەو پێچانەی ڕێگاکە، کە لە گەڕەکی پاشای گەورە (کاولۆک) بۆ ڕواندز بەسەر دەکەون.
وتیشی: بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانمان، واتە بەقسەی بەتەمەنەکانی ڕواندز، کە پشتاوپشت بۆ نەوەکانیان گێڕاویانەتەوە، ئەو شوێنەی کە بناغەکەی دیارە، پێشووتر لە سەردەمی میرنشینی سۆران بەندیخانە بووە، ئەگەر سەیری شوێنەکەش بکەین، دیارە ڕاوێژکار و کەسانی کارا و زانا هەبوونە، تا ئەم شوێنە لەو سەردەمدا بکرێت بە بەندیخانە، کە هەندێ تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێشی هەیە، بۆ نموونە، دیواری پشتەوەی بەندیخانەکە لەسەر خەرەند لە شوێنێکی سەخت و بەرز درووست کراوە، کە بەندییەکان بەئاسانی نەتوانن دیواری بەندیخانەکە بشکێنن و لەوێیەوە ڕابکەن، لە دەوروبەریشی بەهەمانشێوە، واتە پێشەوەی بەندیخانەکە لەژێر چاودێریکردندا بووە، بۆیە بە هەموو پێوەرەکان توانیویانە جگە لە پاسەوانان، لە دەوروبەریش چاودێر بن بەسەر بەندیخانەکە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە سەردەمی میر محەمەد میری میرنشینی سۆران، مەلا محەمەد کوڕی مەلا ئادەم، ناسراو بە (ئیبن ئادەمی، یان ئیبنوئادەمی باڵەک) ، یەکێک بووە لە زانا ناسراوەکانی #کوردستان#، باوکی زانایەکی خاوەن خوێندنگە و پەڕتووکخانە بووە. سەرەتای خوێندنی ئیبنوئادەم لای باوکی بووە، لە کۆتاییدا لای مامۆستا عەبدوڵڵای بایەزید، کە قوتابیی زانای گەورە سیبغەتوڵای حەیدەری بووە، مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە دوای تەواوکردنی خوێندن، لەلایەن میر محەمەد، میری ڕواندز، ڕێزی لێ گیراوە و مزگەوت و خوێندنگەی بۆ دابین کراوە، کراوەتە مامۆستا و موفتیی میرنشینەکە، بەهۆی ناوبانگی زانستی و بلیمەتییەوە، ژمارەیەکی زۆر قوتابی و فەقێ لەدەوری کۆبوونەتەوە و لەلای ئەو درێژەیان بە خوێندن داوە.
دەگوترێت، دوای ماوەیەک مانەوەی لە ڕواندز، بەهۆی ئەوەی لە ئاستی ستەم و نادادیی هەڵسوکەوت بەرانبەر بە بەندکراوەکان بێدەنگ نەبووە، بۆیە لەگەڵ میری سۆران نێوانیان تێکچووە و ناچار بووە ڕواندز بەجێ بهێڵێ و ڕووی کردووەتە گوندی وەڵزە لە باڵەکایەتی و میرنشینەکەی جێهێشتووە.[1]