ناونیشانی بابەت: ڕانانێک بۆ پەڕتووکی شا عەباس و پینەچی
ئامادەکردن و نووسین: #هۆشیار جەمال#
ڕۆمانی شا عەباس و پینەچی لە نووسینی دکتۆر محەمەد حسێن و وەرگێڕانی لە زمانی فارسیەوە بۆ زمانی کوردی لەلایەن تەها سێکانیانییە، کە ڕۆمانێکی کوورتە بەڵام هەڵگری پەیامی زۆرە پێکەوە بەستنی ئەدەب و مێژووە، کە بە زمانێکی زۆر سادە و ڕەوان پەیامێکی گەورەی هەڵگرتووە.
شوێنی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە وڵاتی ئێرانە و سەردەمی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ حکومڕانی شا عەباسی سەفەوی و گرنگترین دیالۆگی ڕۆمانەکە بەرکەوتەی نێوان شای وڵات وەک خاوەن بە دەسەڵات ترین کەس و هاووڵاتییەکەی سادەی چینی خوارەوەی کۆمەڵگەیە، کە پیشەی پینەچییە.
شا عەباسی سەفەوی سەرباری زۆری ڕاوێژکارو بەرپرس لە چواردەوری، بەڵام بڕیار دەدات خۆی سەردانی ماڵان بکات لە بەرگی دەروێشێکدا، هەر بۆیە دەچێتە ماڵی کابرایەکی پینەچی کە داهاتەکەی هێندە کەمە تەنیا بەشی ژەمەکانی دەکات و زۆر هەژارە، بەڵام ڕازیە بە کارو پێشەکەی، چونکە حەڵاڵە و دەست درێژی نەکردۆتە سەرسامانی کەسانی تر یاخود سامانی گشتی، شا عەباس لە پاش یەکەم سەردانی ئێوارەی بۆ ماڵی پینەچی بۆ بەرەبەیانی دواتر بڕیاری قەدەغە کردنی کاری پینەچێتی دەدات لەشاردا ئەو دەیەوێت بزانێت پینەچی چۆن بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات، هەر بۆیە یەک لە دوای یەک چەند کارێک دەگۆڕین کە هەر کارەی سوودی زیاتر دەبینت لە پینەچێتەوە بۆ جگەر فرۆشتن و چەندین کاری تر و هەموو ئێوارەیەکیش شاعەباس لە بەرگی دەروێشدا دەگاتە ماڵیان و زانیاری تازە بەدەست دەهێنێت و هەموو بەیانییەکی نوێش بڕیاری قەدەغەکردنی کارێکی تری دەدا، کە ئەبووە سەرچاوەی بژێوی ئەو خێزانە.
شا عەباس دەیویست لە بڕینی نانی هاووڵاتییەکانی ئەوەی دەستکەوێت کە هاووڵاتی هەردەم چاوی لە دەستی شا بێت و زەلیلی بەردەمی بن، هەروەها بزانێت خەڵک کەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەو هەموو ستەمەی کە لێیان دەکات و بووەتە هۆی بێکاریان.
بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا ئەوە بوو کە ئەو هاووڵاتییانەی کارەکانیان لە دەستدا لە جیاتی بوونی هۆشیاری بۆ داواکردنی مافەکانیان و دژایەتی کردنی شا عەباس کەوتە کاری نایاسای و سەرانە سەندن لە هاووڵاتییانی تر کەمەیان دەرگای پر لە گەندەڵی دامو دەزگاکانی حکومەتی شا عەباسی دەرخست کە چۆن بە بەرتیل کاری هاووڵاتی بەڕێ دەکەن، تەنانەت بەرپرسە گەورەکانی نزیک لە شا عەباس تێوەگلابوون لە گەندەڵی و سەرپەرشتی کردنی خانەکانی لەشفرۆشی لە وڵاتدا.
دواین دانیشتی شا عەباس لەبەرگی دەروێشدا لەگەڵ کابرای پینەچی تەواوی ڕاستییەکانی بۆ ڕوون بۆیەوە کە چۆن داموو دەزگاکەی پڕە لە گەندەڵی و هەواڵنێرەکانی ڕاستییەکانی شاریان لێ شێواندوە، هەر بۆیە بڕیاری درووستکردنی چەندین پڕۆژە دەدات کە بێتە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتی و ڕێگەدان بە کارکردنەوەی هاووڵاتییان لەو پیشانەی کە پێشتر ئەنجامیان دابوو.
ئەوەی لەم کوورتە ڕۆمانەدا گرنگە ئەوەیە کە سیاسییەکان و خاوەن بڕیارەکانی وڵات لەوە تێبگەن کە ئەوان خودانین ئەوان مرۆڤن و ناتوانن ئاگاداری سەرجەم کێشەکانی کۆمەڵگەبن، پێویستە لە جیاتی دیکتاتۆرێک بە ئامانجی زەلیلکردنی کۆمەڵگە بیر لەوە بکەینەوە لە ڕێگای دابینکردنی کار و بژێوی بۆ کاسبکار و مووچەی شایستە بۆ فەرمانبەرانیان، چونکە دیکتاتۆرێک لە بڕیاردان دەبێتە هۆی گەندەڵ بوونی سەرجەم کۆمەڵگە لە کۆتایشدا ڕووخانی خۆیان و لە ناوچونیان. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=