گریان بۆ ئازارێک کە نۆ ساڵە ڕەشپۆشی کردوون، ئەو کچانەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیانبینن کوردی ئێزدین و ڕزگاربووی دەستی داعشن لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەشێکیان چیرۆکی خۆیان بۆ ڕووداو دەگێڕنەوە.
زینە عەباس تەنیا 16 بەهاری ژیانی بینیوە و لە تەمەنی 7 ساڵی کەوتووەتە دەستی داعش، ساڵێک لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا ماوەتەوە. ئەو جگە لە خۆی چوار خوشکی لە خۆی گەورەتریشی کەوتوونەتە دەستی #داعش# و سیانیان ڕزگارکراون، هێشتا خوشکێکی سۆراخی نییە.
زینە لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئامادەبوو کە لە ڕێوڕەسمەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی، تاوەکوو یەک کوردی ئێزدی لەژێر دەستی داعش مابێت، نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی بەردەوام دەبن لە کارەکەیان.
هەر لە ڕێوڕەسمەکە چوومە لای زینە و قسەم لەگەڵی کرد، وتی، بە سەتان کچی ژێر دەستی داعش لە کەمپەکان هەن، بۆ نموونە لە کەمپی هۆڵ ناتوانن بڵێن ئێمە ئێزدین، چونکە دەترسن، ئێمە داوا لە کوردستان دەکەین و لە حکومەتی ئێراق دەکەین ئەگەر دەتوانن ئەو ئێزدیانەی لە کەمپەکانن ڕزگاریان بکەن بۆ وڵاتانی دیکە.
دایە شەمێ لە تاو دڵی پڕ ئازاری باوەش بە نێچیرڤان بارزانیدا دەکات، ئەو دایکە 33 منداڵ و نەوەی کەتوونەتە ژێر دەستی داعش و 15 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. بە ڕووداوی گوت: ئەوە نۆ ساڵە لەنێو خێمەداین، هەر یەکێکمان چوار مەتر نایلۆنیان پێداین، کفنەکەشمان ئەو چوار مەتر نایلۆنەیە هەر نازانین چ کات ئاگرمان تێبەردەبێت، لە ڕەوشی ئێمە خراپتر و ڕەزیلتر نییە، دۆخمان لە دۆخی مەڕی دەشتاییەکان خراپترە.
جگە لە وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتان، دوو پانێڵیش لەسەر ڕەوشی ئێزدیەکان بەڕێوەچوون.
مژاری گرنگی پانێڵەکان، ڕزگارکردنی ئەو ئێزدیانەبوو کە لەژێر دەستی داعشدا ماون و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆیان. لە بەرپرسانی نێوخۆیی و بیانیم پرسی تاکەی ژیانی ئێزدیەکان لەم کوللەمەرگییەدا دەبێت و بۆچی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال خەریکە وەک خەونی لێدێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێی وتم، ئەوەش بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو ناوچانە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێراقیدایە، بۆیە حکومەتی ئێراق پێویستە بە زووترین کات ئاوڕ بداتەوە.
جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراقیش بە ڕووداوی ڕاگەیاند، چەند لایەنێکی زۆر هەن لەنێوخۆ و لەدەرەوەدا هەوڵدەدەن کە بەربەستی زیاتر درووستبکەن. دەزانم کە پابەندییەکی گشتی هەیە لە هەردوو لایەنی بەغدا و هەرێمدا، بەڵام ئێستا، هەروەکوو ئەو بەیانییە کە لە بەغدا و ئەم نیوەڕۆیە لە هەولێر باسم کرد، ئەوان [هەولێر و بەغدا] هیچ کاتیان نییە تاوەکوو بەفیڕۆی بدەن و دەبێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت.
بەگوێرەی داتاکان تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 135 هەزار کوردی ئێزدی هێشتا لەنێو کەمپەکاندا ماڵاوایی لە ڕۆژەکانی ژیانیان دەکەن. [1]