ناونیشانی بابەت: مرۆڤ چی دەوێت؟ لە زۆربای ئێرانی
ئامادەکردن و نووسین: نەجات نووری
ڕۆمانی (#زۆربای ئێرانی#) قادر عەبدوڵڵا، لەسەر ئەم پرسە دەوەسێت، مرۆڤ چی دەوێت؟ تێکڕای بەشەکانی ئەم دەقە لە جوڵەو تێڕامان و پرسیارەکانی پاڵەوانەکەیەوە (سوڵتان) بەشوێن ئەو وەڵامەدا دەگەڕێت، پاڵەوانێک وەکوو پاڵەوانی ناو ڕۆمانی (کاتژمێر بیستوپێنج) (یوهان مۆریتس) دەبێتە کەسێکی سەرگەردان و وردوخاش بووی ناو هەموو ئایدۆلۆژیا نەفرتە لێکراوەکان کە تێکڕا مرۆڤایەتی دەهاڕن، سوڵتانیش لەم دەقەدا وەکوو یوهان پێکەوە کۆمەڵێک بیری جیاجیا دەیکەنە ئەو مرۆڤەی کە تا مردن نازانێت مرۆڤ چی دەوێت و لە کوێدا بە خەونێکی ڕەش و سپی دەگات، ئایدۆلۆژیاکان لە ئێراندا ئیتر بۆ سوڵتان و دۆستەکانی و خەڵکی نابنە جێگەی ئومێد، دەبنە سەرهەڵدانی ئەو هۆکارە تۆقێنەرانەی کە بەدوای یەکدا مرۆڤایەتی دەخەنە سەر ڕێگای مەرگ و زیندان و ئاوارەبوون. لەهەر ڕۆژگارێکدا لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەنیدا سوڵتان پرسی مرۆڤ لە ڕۆحی خۆیەوە دەهێنێتە بەرباسێکی بێ وەڵام، لە کوڕیژگەیەکی ناو قەڵایەکی کۆنەوە کە دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ڕۆژگاری مرۆڤ دۆستی و بێ گوناهی تا سەرهەڵدان و گەیشتن بە قووڵایی ئایدۆلۆژیا کوشندەکان، سوڵتان لەم دەقەدا دەچێتە بەردەم یەکە بەیەکەی کاربەدەست و شۆڕشگێڕەکانی ئەو ڕۆژگارەی ئێران، شا و و فەرەح و ڕابەری شۆڕشگێڕەکان و خومەیینی و کۆشک و زیندانیان دەبینێت، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە مرۆڤ چی دەوێت؟ پێ دەچێت لەدەقەکەدا خوێنەران هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لەسەر ئەم پرسە دەست نەکەوێت، چونکە هێشتا سوڵتان و ئێرانیەکانی دۆستی لەم دەقەدا هەر بەشوێن ئەو وەڵامەدا وێڵن، سوڵتان وێڵی ئەو ساتانەیە و تێکڕا دەپرسێت کێ لەمانە دەبێتە فریادڕەسی خەڵکی ئێران؟ بەش بەش سوڵتان دێت لەگەڵ خۆیدا کە خۆیشی دەبێتە دوا قوربانی ئامانجە دڕندە و شێواوەکانی ئەو کەس و بیروباوەڕانە هەموومان نائومێد دەکات، لە گۆشەیەکی بچوکیشەوە نامانخاتە بەردەم ڕووناکییەکی کز و ئومێدبەخشانە، یەک یەک وەکوو خۆی تێکمان دەشکێنێت، لە خۆی دەپرسێت مرۆڤ چی دەوێت؟ کۆتا وەڵامێک ئەمەیە لەم خۆرهەڵاتەدا تەنیا سەرگەردانی و هەر سەرگەردانی.
ئەم دەقە دەبێت وەکوو پەڕتووکەکەی (ئیحسان نەراغی) (لە دەرباری شاوە بۆ زیندانەکانی شۆڕش) بە کۆمەڵێک پرسی گرنگە وە کە دەکەنە ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ چەند دەیەیەکی پڕ لە کێشمەکێشم و جەنگ و خوێن و بەرەنگاری و زیندان و هەڵهاتن لەوەدا ڕادەوەستێت کە مرۆڤ چەند ماندووی ناو ئەم پێکدادانە وێرانکەرانەیە.
(قادر عەبدوڵڵا) ی خاوەنی ئەم دەقە (زۆربای ئێرانی) وەکوو چۆن لە ڕۆمانەکانی تریدا (خەتی بزماری و سەفەری بوتڵەبەتاڵەکانوخانۆکەی مزگەوتێ) دا کار لەسەر کۆمەڵێک چەمک و تێڕامانی دژوار دەکات بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناو نەتەوەکەی خۆیدا، ئاواش هەر لەم دەقەدا دەگەڕێتەوە سەر هەمان پرس و تێڕامان بۆ ئەو پرسە گرنگ و بیرە وێرانکەرانەی کە بوونەتە هۆکاری وێرانبوونی ڕۆحی مرۆڤ لە ئێراندا لە چەند دەیەیەی تاقەتپڕوکێن و ماڵوێرانکەردا... ئەم دەقە هەڵدانەوەی دەیان لاپەڕەی مێژوی وڵاتێکە کە ئیتر دوای داگیرکردنی قەڵاکۆنەکان کە لای قادر عەبدوڵڵا دوا وێنەی ئینسانە بۆ خۆشبەختی و سادەی و پێکەوە ژیان، بەهێزی ئایدۆلۆژیا مەرگ هێنەرەکان ئیتر هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی بوونیان نامێنێت، مرۆڤ دەبێتە خۆڵی بەردەم ڕەشەبایەکی وێرانکەری ئەو بیرە شێواو خەتەرناکانەی کە لەپێناو دەسەڵاتی کۆمەڵێک کەسدا هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان تێکوپێک دەدرێت...
سوپاس بۆ هاوڕێمان کاک (#شەفیق حاجی خدر#) کە جارجار ئاوا بە ڕۆحی دەقەکانی قادر عەبدوڵڵا ئاشنامان دەکات، خۆزگەیشم دەخواست دەقەکە هەر ناوە ئەسڵیەکەی خۆی هەبوایە ( ڕێچکەی قاپقاپە زەردەکان) کە ناوێکە بۆ هەڵدانەوەی ڕۆحی دەیان مرۆڤی وەکوو سوڵتان و قادر عەبدوڵڵا خۆیشی، ناوێکە بۆ ڕێچکەی ئەو ئینسانانەی کە بە ڕۆحێکی زەردو ماندووە، هەموو بەهاکانیان لەلایەن کۆمەڵێک کاربەدەستی ستەمکارەوە بێ بەهادەکرێن. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=