ناونیشانی بابەت: خودایە، دەبێ هەموومان بمرین؟
نووسەر: نیکۆس کازانتزاکیس
وەرگێڕان: #دلاوەر قەرەداغی#
سوودوم و گۆمۆرە بە درێژایی بەستەری ڕووبارەکە وەک دوو سۆزانی، کە خەریکی ماچکردنی یەکتر بن، ڕاکشابوون. پیاو لەگەڵ پیاو و ژن لەگەڵ ژن و پیاوان لەگەڵ ماین و ژنان لەگەڵ کەڵەکێویدا ئاوێزانی یەکتر دەبوون. هەمووان تا سنووری ئینتەلاکردن لە درەختی ژیان و لە درەختی مەعریفەیان دەخوارد. کاتێک پەیکەرە پیرۆزەکانیان شکاندن، بینییان جگە لەدار و بەرد چیدیکە نەبوون، کاتێک ئەندێشەکانیان شکاندن، بینییان پڕ بوون لە هەوا. کە لە خودا نزیک و نزیکتر بوونەوە، وتیان:”ئەم خودایە باوکی ترس نییە، بەڵکوو فەرزەندی ترسە! ئیدی ترسیان شکا. لەسەر هەر چوار دەروازەی شار بەپیتی زەرد و درشت نووسییان:”هیچ خودایەک لێرە نییە! دەستەواژەی خودا لێرە نییە مانای چ بوو؟ مانای ئەوە بوو هیچ سانسۆرێک لەسەر غەریزەمان نییە. کاری چاک پاداشت و کاری خەراپ سزای نییە، نە چاکەخوازیی هەیە و نە شەرم هەیە و نە دادپەروەری، واتە ئێمە هەموومان گۆڵەگورگ و دەڵەگورگین لە دۆخی ناوەکوتێدا*.
خودا تووڕە بوو. بانگی ئیبراهیمی کرد:”ئیبراهیم!
مەولا، ئەمرکه!
ئەی ئیبراهیم، مەڕ و وشتر و سەگ و خزمەتکار و کەنیزەک و ژن و کوڕەکەت ببە و بڕۆ، بڕۆ... من گەیشتۆمەتە بڕیارێک!
گەورەم، (گەیشتۆمەتە بڕیارێک) لە کەلامی تۆدا واته بڕیارم داوە بکوژم!
ئاخر ئەقڵیان زیاد لەپێویست چەقاوەسوو بووە، دڵیان زیاد لەپێویست شادمان بووە، ورگیان پتر لە ئەندازە هەڵاوساوە، قێزم لێیان دێتەوە. لە ئاسن و بەرد خانوو ڕۆ دەنێن وەک بڵێی نەمر بن. کوورە بەکار دێنن و ئاگری تێدادەکەنەوە و ئاسن دەتوێننەوە. من بیابانەکەم وەک مرۆیەکی گەڕوگول لەسەر عەرد داناوە. بۆچی؟ چونکە ئیرادەم وای خواستووە! کەچی خەڵکەکەی سوودوم و گۆمۆرە ئاویان بۆ ڕاکێشاوە و کێڵاویانە و کردوویانەتە باخوباخات. توخمە نەمرەکانی ئاو و ئاسن و بەرد و ئاگریان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. ئیدی من لێیان وەڕس بووم و گەییوەتە تینم. ئەوانە لە درەختی مەعریفەیان خوارد، سێویان ڕنی. ئەوانە دەبێ بمرن.
خودایە، دەبێ هەموویان بمرن؟
هەر هەموویان! ئەی مەگەر من قادیری ڕەها نیم؟
خودایە، تۆ قادیری ڕەها نیت لەبەرئەوەی دادپەروەریت. ئاخر ناعەدالەتیی و عەیب و عەبەست لێنایەت!
ئێوە... ئێوەی کرمەیلی سەر لەژێر خاک دەرهانیو، لە خاکەوە تین تێهاتوو، لەخاک بوو، بۆ خاک گەڕاوه.... ئێوە کەنگێ عەدل و ناعەدل، سەروەریی و شورەیی، مەنتیق و نامەنتیق دەفامن؟ حیکمەتی کامڵی من کەنگێ لە بازنەی درکی ئێوەدا جێی دەبێتەوە! ئیرادەی من خەرەندێکە، ئێوە ناتوانن تاماشای بکەن و زیڕە نەکەن!
تۆ خاوەنی عەرد و ئاسمانیت. ژیان و مەرگت لەپاڵ یەکدا به دەستێک ڕاگرتووە و هەڵیان دەبژێریت. من لە کرمێک زیاتر نیم، لە ئاو و خاکم. بەڵام تۆ ڕۆحی خۆت پێبەخشیوم، تۆ ڕۆحت بە بەری ئاو و گڵدا کردووە. هەر بۆیە جورئەتی ئەوەم هەیە بدوێم! هەزاران ئینسان لە سوودوم و گومۆرە هەن کە دەخۆن، دەخۆنەوە، لاف لێدەدەن، پێدەکەنن، گاڵته دەکەن، دەزێن و دەزێنن. هەزاران ئەقڵ هەن هەروەک مار هەڵدەستنە سەر کلک و بە فیکەیەک ژەهری خۆیان بەرەو ئاسمان هەڵدەدەن. بەڵام گەر لەنێو ئەو هەمووەدا چل ڕۆحی چاکەخواز هەبن، گەورەم ئایا ئەوانیش دەسوتێنیت؟
ناویان بهێنە! ئەو چل کەسە کێن؟
پەروەردگاری من، ئەی ئەگەر بیست کەس بن چیی؟ بیست ڕۆحی چاکەخواز؟
ناوەکانیانم دەوێ! تا پەنجەژمێریان بکەم!
پەروەردگاری من، ئەی ئەگەر دە کەس بن؟ دە ڕۆحی چاکەخواز! ئەی ئەگەرپێنج کەس بن؟
ئیبراهیم، ئەو دەمە بێ ئەدەبەت داخە!
مەولا بەزەییت هەبێ. تۆ نەک هەر بە تەنیا دادپەروەریت، بەڵکوو میهرەبانیشیت. هاوار بەماڵمان ئەگەر تۆ تەنیا قادیری ڕەها بایت، ئەوسا هەموومان تەفروتوونا دەبووین. بەڵام ئەی پەروەردگار تۆ میهرەبانیت. هەر بۆیە ئادەمیزاد هێشتا دەتوانێ لەسەر لاقی خۆی ڕابوەستێ!
کڕنۆش مەبە، دەست مەهێنە بۆ گرتنی ئەژنۆم. من ئەژنۆم نییە. بێهودەیە، مەکڕوزێرەوە و مەناڵێنە. من دڵم نییە. من سەرسەختم، لە گابەردێکی ڕەشی خارا دەچم. هیچ دەستێک ناتوانێ شوێنی خۆیم لەسەر جێبهێڵێ. من بڕیاری خۆم داوە: سوودوم و گۆمورە دەسووتێنم!
مەولا پەلە مەکە! بۆچی ئاوها پەلەی کوشتنیت. یەکێکم دۆزییەوە...
ئەی کرمی چنگ لە خۆڵ گیرکردوو، کێت دۆزییەوە؟
کەسێکی دادمەند!
کێ؟
ڵوت، کوڕەکەی هاروونی برام!
هەروا کە بێجووڵە لەسەر تەپۆڵکە لمینەکە ڕاوەستابووم، هەستم دەکرد لاجانگەکانم دەیانسیرکاند. لە ناوەوەمڕا دەنگی خودام دەژنەوت کە لەگەڵ دەنگی ئینساندا دەستەویەخە لێکئاڵابوون. بۆ ساتێک وا پێدەچوو هەوا ئەستوور بووبێ و ڵوت، پێ خاوس و تووڕە، بە ڕیشی گرێگرێ و گڕێکی شاقووڵی بە هەنیەیەوە لەبەرانبەرمدا ڕاوەستابێ. ئەم (ڵوت) ە، کۆیلەکەی ناو تەورات نەبوو، بەڵکوو (ڵوت) ی خۆم بوو. یاخییەک بوو کە بە گوێی خودای نەدەکرد و هەڵدەهات، بەزەیی به و شارە خۆش و گوناهبارەدا دەهاتەوە و بە ویستی خۆی، خۆی لەنێو ئاگر دەنا و لەگەڵ شارەکەدا تیادەچوو.
ڵوت بە دەنگی بەرز بانگی ئیبراهیمی کرد:”بە (ئەو) بێژە من لێرە ناڕۆم. من سوودوم و گومۆرەم. ئەمەی پێبڵێ و پێشی بڵێ من ناڕۆم. چما ئەدی خۆی ناڵێ و شانازی بەوەوە ناکات کە منی ئازاد خوڵقاندووە؟ دەی کەواتە هەرچیم پێخۆش بێ ئەوە دەکەم. کەواتە من ناڕۆم!
ئیبراهیم وەڵامی دایەوە:ئەی یاخیگەر، من ناچمە ژێر باری ئەوەوە. ماڵئاوا!
ماڵئاوا ئەی چاوگەی پیری فەزیڵەت، ماڵئاوا ئەی بەرغۆڵەی خودا! بە ئاغاکەت بڵێ که (ڵوت) ی پیر سڵاوت لێدەکا. ڕاوەستە، پێی بڵێ کە ئەو دادپەروەر نییە، میهرەبانیش نییە، بەڵکوو ئەو تەنێ قادیری ڕەهایە. تەنێ قادیری ڕەهایە، ئەو تەنێ بەهێزە و هیچی تر!
ناوەکوتێ: ترۆپکی هەوەسی سێکسواڵی لای ئاژەڵی مێ.
چەند پەراگرافێکە لەڕاپۆرت بۆ گریکۆی نیکۆس کازانتزاکیس، دلاوەر قەرەداغی وەریگێڕاوە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=