ناونیشانی بابەت: بەراوردێک لەنێوان ڕۆمانی تاعوونی کامۆو دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان
ئامادەکردن: #هێمن ئەحمەد#
ھەرچەندە ڕۆمانی (#تاعوون#) ی کامۆ تێڕوانین و لێکدانەوەیەکی زۆرھەڵدەگرێت بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە شایەتحاڵیەکە بۆ سەدەی بیستەم ، بەتایبەتیی بۆ ڕووداوە ترسناکەکانی دوای سەرھەڵدانی فاشیزم و نازیزم و جەنگی جیھانی دووەم ، بەو واتایەی پەتای تاعوون ھەڵکەوتەی ھەمان ئەو ئایدۆلۆژیانەی ھەیە کە بوونەتەھۆی کوشتنی ملێۆنەھا مرۆڤ .
وە دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە وەک خوازە (metaphor) وایە بۆ نازیزم و تیرۆر و توندوتیژی. لەو شوێنانەی نووسەر باسی لە شاردنەوە و ناشتن و سووتاندنی قوربانییەکانی پەتای تاعوون دەکات ، کە سەرەتا بەڕێکی دەیانناشتن، دوایی ناچارن بەکۆمەڵ بیانێژن یان جەستەکان بەکۆمەڵ بسوتێنن. شێوە پێکچونێک ھەیە لەگەڵ کامپەکانی جینۆسایدی قوربانیانی نازیزم.
ئەمە تەنیا پێشەکیەک بوو دەربارەی ڕۆمانەکە. بەڵام ئەوەی دەمانەوێت بەراوردی بکەین ناوەرۆکی ڕۆمانی تاعوون و کاریگەریی و دەرئەنجامەکانییەتی لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان . کامۆ ئەم ڕۆمانەی لەنزیکەی 400 لاپەڕەدا نووسیوەتەوە .ڕووداوە سەیر و سەرنجڕاکێشەکانی ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەھێنن بۆ ساڵانی 1940 دەگەڕێنەوە ، ھەمووی لە شاری (وەھران) ڕوویانداوە. بەڕای گشتی ئەم ڕووداوانە لەجێی خۆیان نەبوون و لە نۆرمی ئاسایی بەدەربوون. ھەرچەندە وەھران شارێکی ئاساییەو ھیچی زیاترنیە لە پارێزگایەکی فەرەنسی کەنارەکانی جەزائیر.
سەرەتای نیشانەکانی تاعوون لەبینینی چەند جرجێکی مردوو لەسەر پلیکانەو ناو چێشتخانەو کۆڵان و شەقامەکاندا بەدەرکەوت. ھەرچەندە لەسەرەتادا کەس ھەستینەدەکرد ئەمەنیشانەی نەخۆشییەکی بەربڵاوو کوشندەیە تا بەبەردەوامی ژمارەی ئەم جرجە مردووانە لە بەرزبوونەوەدا بوون و ئەم دیادەیە لەھەموو شوێنە گشتییەکان ھەستیپێدەکراو ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەم جرجە مردووانە دەبینران. پاشان پەتاکە گوێزرایەوە بۆ ناو ماڵ و شوێنە گشتییەکان .سەرەتا نیشانەکانی تاعوون لەیەک کەسدا بەدیکرا و پاشانیش بۆ کەسانێکی زۆر گوازرایەوە .لەسەرەتادا بەدەیەھا کەس و دوای چەند مانگێکیش ئامارەکان ھەفتانە سەدەھا کەسی تووشبو و مردوویان بە ئەم پەتایە تۆمارکرد .
لەبەرئەوە زۆر بەخێرایی کاربەدەستان و لێپرسراوانی شار فەرمانیاندا بە داخستنی دەروازەکانی شار و بەندەرەکان و قەدەغەکردنی ھەموو ھاتنو دەرچونێک لە شار .
کارمەندانی درووستی دەستیانکرد بە جیاکردنەوە و دابڕانی تووشبوان لە ئەوانیتر ، ھەندێکجار ئەم جیاکردنەوە بەگوێزانەوەی نەخۆش بو بۆ نەخۆشخانە و ھەندێکجاریش لەماڵەکەی خۆیدا لەکەسانیتر دادەبڕێنرا . ھێشتا ھەمو ئەم کاردانەوانە تێروتەسەل نەبوون بەرانبەر بە مەترسییەکانی تاعوون ، لەبەرئەوەی ژمارەی تووشبوان و قوربانیان زۆر بەخێرایی لەزیادبووندا بوو بۆیە ھەندێک خوێندنگە و شوێنی گشتی کرانە شوێنی چارەسەرکردن و پاشانیش یاریگای شارەکە کرایەخێوەتگە و تووشبوانی بۆ دەنێررا ، لەھەر شوێنێکیش تیم و کەسانی خۆبەخش سەرپەرشتی و یاریدەدەری ئەم شوێنانە بوون .
بەردەوامبوونی تاعوون بۆ چەند وەرز و ساڵێک درێژەی کێشا ، ھاوڵاتییەکی زۆر بوونە قوربانی ، سەرەتا مردووان زۆر بەشێوەی ئاسایی و نەریتی باو بەڕیز دەنێژران .
ڕەگەزی نێر و مێ بەجیا ژێرخاک دەکران ، ھەر زوو ئەم شێوەیە گۆڕا بووبە کۆمەڵ و تێکەڵناشتن .
ھێشتا شوێنی تەواو بەردەست نەبوو ، بۆیە شارەوانی ھەرزوو دەستی بە درووستکردنی گۆڕستانی نوێ لەناو موڵکی گشتی و ھەندێجاریش موڵکی تایبەتیی کرد .
سەرەڕای ئەنجامدانی ھەموو ئەم کارانە ھێشتا شوێنی پێویست بەردەست نەبوو بۆ ژێرخاککردنی تەرمەکان ، دەستکرا بە گوێزانەوەی تەرمەکان بۆ کەناردەریا و سووتاندنیان لە شەودا و پاشانیش تێکەڵکردنی پاشماوەی جەسەتەکان بۆ ناو ئاوی دەریا ، ھەتا وایلێھات خاوەن مردووەکان شەڕی یەک بکەن لەسەر شوێنی سووتاندنی تەرمەکان .
لەھەموو ئەمانەش سەیرتر ئەوەبو کەسانێک لەم شارە قەتیس مابوون کە خەڵکی ئێرە نەبوون ، خواستو بەرژەوەندیان لە مانەوە لەئەم شارە نەبوو لەوانەش ؛ بازرگان و پەیامنێر و گەریدە و گەشتیار....ھتد. ئەمانەش وەکوو ھەموو خەڵکانی تر لەژیر ھەڕەشەی تاعووندا ژیانیان بەسەردەبرد .
شوێنی چارەسەر و ڤاکسین و خواردن و کاڵا و کەلوپەل لەشارەکەدا بەرەو کەمیو پاشان بەرەو نەمان دەڕۆیشت .سەرەڕای ئەمەش تاعوون خۆی گەیاندبووە ھەموو سوچ و کۆڵان و زۆربەی ماڵەکانی شار ، بەڵام لەھەموی گرنگتر خەڵکی چۆکی دانەدا و خۆیان نەدابەدەست ئەم دۆخە سەختەوە .
بەبێ جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین ، ھەموو دانیشتووانی شار ھاوکاربوون لە چاودێریکردنی تووشبوان و دوورخستنەوەی مردوانو ئارامگرتن و خۆڕاگری بۆماوەی چەندساڵێک ، لەھەموو وەرزەکانی ساڵ .ھەندێجاریش قوربانییەکان ئەو خۆبەخشانەبوون کەچاودێری تووشبوانیان دەکرد .ھەرچەندە خەڵکی شار بەگشتی زەرەرمەندبوون لە پەتاکە بەڵام ھەمووشیان بە یەکەوە قوربانیاندا لەپێناو کەمکردنەوەی زیان و بنەبڕکردنی پەتاکە .
ھەموو ئەم کردە دڵسۆزیانەی خەڵک توانی کۆتایی بە پەتاکە بھێنێت ، سەرلەنوێ ژیان بۆ شارەکە گەڕایەوە ، دەروازە و بەندەرەکان کرانەوە و خەڵکیش تێکەڵ بەجیھانی دەوروبەر بوونەوە .
تا ئێرە باسی ناوەرۆک و پوختەی ڕۆمانی تاعوون بوو .ھەستیش دەکەم ئەوەندە بەسە بۆ تێگەیشتنی خوێنەر.
ئێستا دێیینە سەر باسکردنی بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان .
گەر سەرنج بدەین لێرە لە ھەرێم لەجیاتی پەتایەک چەند پەتایەکی زۆر کوشندەتر لەتاعوون تووشی کۆمەڵگە ھاتووە لەوانەش ؛ خیانەت و نیشتمان فرۆشتن و تاڵانی و گەندەڵی (سیاسی و بەڕێوەبەری و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی....ھتد) و برسیکردنی خەڵک و قۆرغکردنی ھەمو کایەکانی ژیان و فەسادکردنی ڕۆح و ڕەوشتی منداڵ و گەنج .
گەر بڕوانینە دەرئەنجامەکانی ڕیفڕاندۆم و ھاوکاریکردن و ھاوپەیمانی وڵاتانی داگیرکەر ، ھیچی کەمتر نەبوو لەزیانەکانی پەتای تاعوون .
لێرە دەکرێت بپرسین کە ؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵگە یان ئەو ھەموو پەتا دەستکردانە ؟ئایا کۆمەڵگە خۆی بەشدارە لە درووستکردنی ئەم ھەموو پەتایانەی باس کران یان ھەموو بەچۆکداھاتوون ورە و خۆڕاگریان لەدەستداوە و خۆیانداوەتە دەست قەدەر ؟
تۆبڵێییت کۆمەڵگەێ ئێمەش ڕۆژێک گیانی بەرەنگاری تێدا بخرۆشێت و ئەم پەتایانە بنەبڕ بکات و لەڕەگ و ڕیشە ھەڵیانکێشێت و ژیان و گوزەران و خۆشی بگەڕێتەوە ھەروەک چۆن لە وەھران گەڕایەوە ؟
واھەستدەکەم لەئێستادا ھیچ خواست و ئارەز و بوێریەک بەدیناکرێت بۆ ئەم مەبەستە ، ھەربۆیە کۆمەڵگە تەواو شپرزە و بێشیرازە دێتە پێشچاو . ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی ئەمدۆخەش ھەستپێکراوە ، وەھای لەتاکی کورد کردووە تەنیا خۆی ببینێت و خەمسارد بێت بەرانبەر بەکەسانی ترو ئەرکەکانی ھەتا بەرانبەر بە مافەکانیشی. وابیردەکاتەوە کە کونبوونی بەلەمەکە لەلایەکی ترەوە ھیچ کاریگەریی لەسەر ژیان و ڕۆحی ئەو نییە ، گەرچی ھەموومان لەیەک بەلەمداین و بەیەکیشەوە نوقومی ژێرئاو دەبین. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=