ناونیشانی پەڕتووک: گەشتەکەی باڵداسار
ناوی نووسەر: ئەمین معلوف
ناوی وەرگێڕ: #لوقمان باپیر#
شوێنی چاپ: #هەولێر#
دەزگای پەخش: فێربوون
ژمارەی چاپ: یەکەم
ڕۆمانی گەشتەکەی باڵداسار لە سێ گۆشەی (فەلسەفە، ئایین، ژن)دا. زۆر بە کورتی...
کە ئەڵێین فەلسەفە، گەڕانێک دەبینین بەدوای وەڵامی پرسیارێکی جەوهەری، کە لەوەتەی مرۆڤ هۆشی بەبەرداکراوە و باش دیقەتی دەوروبەری خۆی داوە ئەو پرسیارەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، پرسیاری کۆتایی هاتنی ژیان، یان ڕۆژی پەسڵانێ، هەرچەندە ئەو پرسیارە لەلایەن ئایینەوە وەڵامی دراوەتەوە، بەڵام وەڵامەکەی لەڕێی ئاماژەکانەوەیە نەوەک ژمارە بە دیاریکردنی ڕۆژ و مانگ و ساڵ! کەواتە ئەوەش وەڵامێکی لاستیکییەو و دەکەوێتە دەرەوەی هۆشیاری مرۆڤەوە.
بەدەر لەوەش هەمیشە بەدەرکەوتنی هەندێک نیشانە لەو نیشانانەی باسیان لەبارەوە کراوە، لە هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، هەندێکجار و لە هەندێک سەردەم کەسانێک بەدیار دەکەون، کە خۆیان بە مەهدی چاوەڕوانکراو، یان مەسیحی جەجاڵ دەناسێنن و بۆ ماوەیەک تا سەردەمەکە بەسەردەچێ خەڵکی بەخۆوە سەرقاڵ دەکەن.
ئەم ڕۆمانە ڕێک دەمانخاتە ناو ئەو ئەندێشەیەوە، لەبەرئەوەی ساڵەکەیشی دیاریکردووە و پێبەپێی نزیکبوونەوە لەم بەروارە ڕووداوەکان دەچنە پێش.
ئەمین مەعلوف،نووسەری ئەم ڕۆمانە دیسان (کتێب )دەکاتە چەقی گفتوگۆ، وەک چۆن لە ڕۆمانی سەمەرقەند کەشکۆڵی خەیامی کردۆتە ئامرازێکی نادیار و وای لێکردووین، تا ژیانمان ماوە عەوداڵی دۆزینەوەی بین! ئەو کەشکۆڵەی لەگەڵ کەشتی تایتانیک ونی دەکات و وامان لێدەکات، ئەوەندەی خەم بۆ ونبوونی ئەو کەشکۆڵە بخۆین، ئەوەند لە خەمی غەرقبوونی کەشتیی تایتانیکدا نەبین.
لێرەش لەم ڕۆمانەدا کتێبێکمان بە گوێدا دەدات، لەبارەی سەدەمین ناوی یەزدان، دوای ئەوەی نۆهەدو نۆ ناوی لە کتێبی پیرۆزدا بەیان دەکرێن، گومانی هەبوونی سەدەمیین ناومان بەڕوودا دەکاتەوە. ئەو دەڵێ: ئەمە کتێبێکە لەلایەن ئەبوماهیری مازەندەرانی نووسراوە و لەڕێی پیاوێکی پیری شەپڕێوەوە بەناوی ئیدریس دەکەوێتە دەست پاڵەوانی ڕۆمانەکە( باڵداسار). باڵداسار کە کاری بازرگانی دەکات و دوکانی ئەنتیکی هەیە، ئەو کتێبەش وەک زۆربەی کاڵاکانی دی لەدەست دەدات، بەڵام دواجار لە بەهاو نرخی ئەم کتێبە بە ئاگا دێت و جارێکی دی عەوداڵی دۆزینەوەی دەبێت و گەشتێکی درێژ بۆ دۆزینەوەی دەکات، چەندین شارو مەڵبەند و تەنانەت کیشوەر دەبڕێ، هەر لە شارەکەی خۆی کە جبیلە، بەرەو ئەنادۆڵ و کۆستانتینە و حەلەب و سمیرنا و ژەنەوا دەڕوات تا سەرەنجام لە شاری لەندەن لەژێر باری مەرجێک بەم کتێبە ئاشت دەبێتەوە، کە ئەو کەسەی دەستیکەوتووە هیچی لەبارەی ناوەرۆکەکەدا بۆ ڕوون نابێتەوە لەبەرئەوەی بە زمانی عارەبی نووسراوە، ئەو مەرجەی بۆ دادەنێ کە وەریگێڕیتەوە سەر زمانی ئەو، تا دواجار کتێبەکە حەڵاڵ بکات و لەگەڵ خۆیدا بیبات. ئەویش بەم مەرجە ڕازی دەبێت و دواجار کتێبەکەی دەست دەکەوێت، بەڵام کە بەدەستی دەگات، ئەوەمان پێدەڵێت لە ئەفسانەیەک بترازێ زیاتر نییە. وەلێ باڵداسار هەموو ئەو کارەساتانەی لەم ماوەیەدا ڕوودەدەن بەو کتێبەیان گرێدەداتەوە، لە مردنی لەناکاوی ئیدریسی پیر، کە خاوەنی کتێبەکە بووە و لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی ئەم کتێبە پێشکەش بە باڵداسار دەکات، تا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعون و سووتانی شاری لەندەن، هەمووی بە پەرجووێک دەبینێ، کە ئەم کتێبە هەڵیگرتووە.
ئەوەی باسمانکرد، دەچنە خانەی باوەڕ و پەرجوو و خورافە، کە کۆمەڵی پیاوی ئایینی هەمیشە لە پشتیانەوە بە کارامەییەوە وەستاون.
ئەوەی پەیوەندی بە ژنیشەوە هەیە، عەشق ڕایەڵەکانی ڕێک ئەخات، جا ئەو عەشقە، خۆشەویستیێکی کۆن بێ و لە سەردەمێکی دی نوێ ببێتەوە یان ڕێکەوت دروستی بکات. نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکانی ئەم چیرۆکانە، چونکە نووسینەوە و خوێندنەوەی نزیکەی شەش سەد لاپەڕە لە هێزی چەند پەرەگرافێک دانیین، ئەمەوێ خۆت بچیتەوە سەریان و وەک من سەرسامیی ئەو تەکنیک و شارەزاییەی نووسەر بیت، لەو هەموو گەمەیەی بە ڕووداوەکانی دەکات.
(حەسەن هەندرێنی).
[1]