ناونیشانی بابەت: ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی کێشە لە بۆرییەکانی خوێنی دڵ و چووک، کە هۆکارن بۆ نەخۆشی (ڕەپنەبوونی چووک)
(زنجیرەی دووەم)
ئامادەکردن و نووسین: د. #دێراو سەعید عوسمان#
لەم زنجیرەیەدا باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ئەو نەخۆشیانە کاردەکەنە سەر بۆریەکانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەپنەبوونی چووکی لێ دەکەوێتەوە.
- بوونی نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەڵەوی و جگەرەکێشان و کەمی هۆڕمۆنی نێرینە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ماددەی (oxidative stress) ئەم ماددەیەش دەبێتە هۆی برینداربوون و هەوکردنی ناوپۆشی موولوولەکانی خوێن کە ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ کۆبوونەوەو مەیینی خەپلەکانی خوێن لەناو موولوولەکاندا.
- کۆبوونەوە و مەیینی خەپلەکانی خوێن دەبێتە هۆی باریکبوونەوەی موولوولەکان و بەمەش بەباشی خوێنی بۆ ناڕوات و زووزوو گرژ دەبێت و ناتوانێت بە باشی خاوببێتەوە و لەئەنجامدا دەردانی مادەی نایتریک ئۆکساید کەم دەبێت و دەبێتە هۆی ڕەقبوونی موولوولەکان و لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی ڕەپنەبوونی چووک و نەخۆشی دڵ دەبێت وەک جەڵتە یاخود سنگەکوژە.
- ئەو کەسانەی کە ڕەپنەبوونی چووکیان هەیە ئەکرێ نەخۆشی دڵیان هەبێت یاخود لە داهاتوودا تووشی نەخۆشی دڵ ببن چونکە لە 20-30% ی ئەو کەسانەی ڕەپنەبوونی چوکیان هەیە دوای پشکنین بۆمان دەرەکەوێت کە کێشەیان هەیە لە موولوولەکانی خوێنیاندا.
- یاخود لە 20% ی ئەوانەی ڕەپنبوونی چووکیان هەیە دەرەکەوێ کە نەخۆشی شەکرە یاخود بەرزی چەوری خوێن یا کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی نێرینەیان هەیە یاخود کێشەی دڵیان هەیە و پێشتر هەستی پێ نەکراوە.
- ئەو کەسانەی کێشەی ڕەپنەبوونیان هەیە کواڵیتیی ژیانیان کەمدەبێتەوە ئەکرێ تووشی خەمۆکی و بێتاقەتی ببن، زۆرجار دەبێتە هۆی کێشەی سۆزداری و لەدەستدانی متمانە و زۆرجار ترسیان بۆ درووستدەبێت لە ئەنجامدانی پڕۆسەی زەواج یاخود زەواجیان کردووە و ناتوانێت بەباشی کرداری سەرجێی ئەنجام بدات. [1]