ناونیشانی بابەت: چەند ڕێگاچارەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی خەو
ئامادەکردن و نووسین: د. هەڤین کەمال شا محەمەد
ئازاری بەردەوامت ھەیە کە خەوت تێکدەدات؟
چۆن خەوت باش دەکەیت، چییە ڕێگاچارەکان؟
توێژینەوەکان دەریان خستووە 3/2ی ئەوانەی ئەناڵێنن بەھۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە کێشەی کەمخەوی و ناڕێکی خەویان ھەیە، وە لەبەر ئەوەی کەمخەوی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازار و بەھەمان شێوەش ئازار دەبێتە ھۆی ناڕێکی و کەمخەوی کە ھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن.
بۆیە ھەندێک ڕێنمایی ھەیە کە گرنگە پەیڕەوی بکرێت بۆ نەھێشتنی کەمخەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە..
=KTML_Bold=ڕێنماییەکان=KTML_End=
1- پەیڕەوی کردنی ھەندێک عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە ھەندێکی تر:
زۆرێک ھەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر نووستن ، ھەندێکیش وا لە جەستەمان دەکات کە تێ بگەین ئیتر کاتی خەوە و خۆمان ئامادەکەین بۆ نووستن ، ھەندێک لەو کردارانەی دەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن:
- دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەکوو: چا ، قاوە ، بیبسی و خواردنەوەگازییەکان بۆ ماوەی 6 کاتژمێر پێش خەوتن..
- دوورکەوتنەوە لە وەرزش 4-6 کاتژمێر پێش کاتی خەو ، چونکە یارمەتیی ھۆشیار کردنەوەی لەش دەدات ، کە کاتی پێویستە ھەتا وات لێ بێتەوە بخەویت.
- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەھارات نزیک کاتی خەوتن ، ئەمانە ھەمووی کاتی دەوێت بۆ ھەرس کردن.
- دوورکەوتنەوە لەبەکارھێنانی ماددە کحولییەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تیادایە وەکوو جگەرە کە تووشی کەمخەویمان دەکەن.
=KTML_Bold=بەھەمان شێوە ھەندێک کردار ھەیە کە کردنیان دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی خەو وەکوو:=KTML_End=
- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا ، دەبێتە ھۆی زوو خەوتن لە شەودا .
- خۆشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە ھۆی خاو کردنەوەی ماسوولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا.
- خۆ کێشانەوە و ڕاکێشانی ماسوولکەکانی لەش بۆ ماوەی 3-5 خولەک پێش نووستن یارمەتیی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان و جومگەکان دەدات.
- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت کاتژمێرێک پێش خەوتن یارمەتیی زوو خەوتن دەدات وەکوو: شیری گەرم ، چای ڕووەکی.
-لەھەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک ھەموو ڕۆژێک لەھەمان کاتدا بچیتە ناو جێگا و لەھەمان کاتدا ھەڵسیت ، یارمەتیی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە.
2- بەکارھێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا:
- ھیپنۆسیس (hypnosis) : ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێک ڕێگا بۆ ئارام کردنەوە و لەبیرکردنی ئازار ، وەکوو کوژاندنەوەی گڵۆپ ، داخستنی دەرگا و پەنجەرە ، درووست کردنی کەشێکی بێ دەنگ.
- بینینی ھەندێک دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە: سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان ، سەیرکردنی ھەور لە ئاسماندا ، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئەو ستریس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە ھۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین ..وە ئارام بەخشن.
- میدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە ھەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسوولکەکان و ئارام کردنەوەی بیر و ھۆش و نەھێشتنی ستریس و بێزاری.
- دانانی دەفتەری بیرەوەری ، بۆ نووسینەوەی ستریس و بێزاریەکانت چەند کاتژمێرێک پێش نووستن ، بۆ ماوەی 10-15 خولەک و بەجێھێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت ، ھەر جارێکیش بە بیرت ھاتەوە دەبێت خۆت دڵنیاکەیت کە بەیانی کاتی تەواوت ھەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.
3- درووست کردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام:
- بەکارھێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو ، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتیی خاووبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات.
- بەکارھێنانی دۆشەکی تەندرووست کە نەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم.
- کۆنتڕۆڵکردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوە و نەھێشتنی کەمخەوی ...ھەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتیی زوو خەوتن بدات.
- دورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان و کوژانەوەیان و لابردنیان لەو ژوورەی کە لێدەخەویت.
4- بەکارھێنانی دەرمان: ھەنێک جار پزیشک ناچار دەبێت ھەندێک دەرمان بەکاربھێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن وە نەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە ھیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بێنێت وەکوو:
-ئازارشکێنەکان: وەکوو ئەسپرین ، ڤوڵتارین ، پڕۆفین ..ھتد
- ماسوولکە خاو کەرەوەکان.
- ھێورکەرەوەکان یاخود دژە پەرکەمەکان ھەندێک جار بەکار دەھێنرێن.
- نارکۆتیکەکان: کە ئەمانە تەنیا دوای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن ، لەبەر ئەوە دەبێت ھەتا ئەتوانرێت بە دوور بین لێیان.
- ھەندێک دەرمان ھەن خەولێخەرن وەکوو ئەو دەرمانانەی بۆ حەساسیەت بەکار دەھێنرێن (ئەنتی ھستامینەکان) .
- میلاتۆنین:
کە بەشێوەی کەپسولی تەواوکەر (supplement) ھەیە
کە ئەمیش ئەو ھۆرمۆنەی تیادایە کە یارمەتیی زوو خەو لێخستن دەدات.
ھەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەگرێت و دەبێتە ھۆی شەونخوونی و کەمخەوی بۆیە باشترە ھەمیشە ئەو ڕێنماییانە پەیڕەو بکەین کە دەبنە ھۆی کەم کردنەوەی ئازار. [1]