ناونیشانی بابەت: ئازاری کلێنچکە
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
کە بە ئازاری (coccydynia) ناودەبرێت ، کە ئازارێکی بێزارکەرە لە ناوچەی ئێسکی خوارەوەی بڕبڕەکانی پشتدا ڕوودەدات کەپێ دەوترێت کلێنچکە.
=KTML_Bold=ھۆکارەکانی:=KTML_End=
- لەئەنجامی پێکان و کەوتن بەپشتدا.
- دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕوویەکی تەسک و ڕەق کە دەبێتە ھۆی ھەوکردنی جومگەکە.
- داخورانی جومگەکە بەھۆی ھۆکارەکانی داخوران وەک ھەر جومگەیەکی تر.
- لە ئافرەتدا زۆر جار بەھۆی منداڵبوونی سرووشتی ڕوودەدات، کە ئێسک و جومگەکەکە زەبریان پێدەگات لەئەنجامی فشاری منداڵەکەوە.
=KTML_Bold=نیشانەکانی:=KTML_End=
ئازاری کلێنچکە، ئازارێکی بێزارکەرە و جاڕسکەرە، ھەندێک جاریش تیژە، لەھەندێک چالاکیدا زیاتر دەبێت؛ وەکوو دانیشتن، لەکاتی ھەڵسان لە دانیشتنەوە بۆ وەستان بەسەرپێوە، یاخود وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر، پیسایکردن و لەکاتی سێکسکردندا . بۆ ئافرەتان ھەندێک کات لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئازارەکە زیاد دەکات.
=KTML_Bold=بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە چی دەتوانیت بکەیت؟=KTML_End=
- لەکاتی دانیشتندا دۆشەکەڵەی تایبەت بەکاربێنە، کەناوەکەی کونێکی تیادابێت، یاخود لەشێوەی حەرفی (V) ی ئینگلیزی بێت.
- لەکاتی دانیشتندا دەتوانیت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.
- جەوەنە و پاکی سارد یاخود گەرم دەتوانیت بەکاربێنیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بەپێی نەخۆشەکە بەکامیان ئارامتر دەبێت.
- ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربھێنرێن بە تایبەتیی دژەھەوکردنە ناستێرۆیدەکان ، بەڵام باشترە لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا بێت لەبەر زیانە لاوەکییەکانیان.
- ئەنجامدانی چارەسەری سرووشتی و وەرزشی تایبەت بەو کێشەیە، کە پزیشکی پسپۆڕ بۆت دادەنێت.
ئەگەر ئازاری کلێنچکەت بەو ڕێگا چارانەی سەرەوە چاک نەبوو، ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە پشکنینی کۆمت بۆ بکات بۆ زانینی ھۆکاری تر، تیشکی ڕەش و سپی (x ray) و تیشکی تەنووری ھەندێک جار پێویستن بۆ بینینی شکاوی، داخوران، یاخود ھەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک شێر پەنجە.
=KTML_Bold=چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچکە:=KTML_End=
- لێدانی دەرزی ستیرۆید ، پرۆلۆتێراپی ، پلازما بۆ کلێنچکە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا.
- بەکارھێنانی ئامێری شۆک وەیڤ و تێنس لەگەڵ یەکدا بۆ شوێنی ئازارەکە.
- سووتان و سڕکردنی گرێ دەماری (ganglion impar ) بەهۆی ئامێری ڕادیۆفریکوینسی (radiofrequency) لەژێر دەلالەتی ئامێری (C arm) دا بۆ نەھێشتنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچک.
- نەشتەرگەری؛ کە ئەمیش زۆر بەدەگمەن دەکرێت و ئێسکەکە لادەبرێت. [1]