ناونیشانی بابات: پڕۆژەى بەدیجیتاڵکردنى ژمارەیەک شوێنەوار جێبەجێ دەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور لە #وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار#ى حکوومەتى هەرێمى #کوردستان# ڕایگەیاند، بە پاڵپشتى و هاوکاریى ڕێکخراوێکى بیانى، کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنى ژمارەیەک پێگەى شوێنەواریى گرنگ دەکەن، کە ئارەزوومەندان بتوانن لەسەر مۆبایلەکانیان زانیارى و وێنەى بەڕوونى ببینن.
کەیفى مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: وەک بەڕێوەبەرایەتیى شوێنەوار و زانکۆی تیشک، بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی (DAAD) ڕێک کەوتووین لەسەر کارکردن لەسەر بەدیجیتاڵکردنی پێگە شوێنەوارییەکان لە هەرێمی کوردستان.
وتیشى: ناوەرۆکى کارەکە بریتییە لە داخڵکردنى ژمارەیەک خانووى کەلەپوورى و قەڵا و ئەشکەوت و هەندێ شوێنەوارى گرنگى دیکە و کردنى بە ئەپێک، کە خوازیار زۆر بە ڕوونى شوێن و زانیارى و وێنە بەشێوەى (D3) ببینێ و شارەزایى لەسەر پەیدا بکات و دەتوانێت سەردانیشى بکات.
کەیفى مستەفا باسى لەوەش کرد: پڕۆژەکە بۆ ماوەى 10 ساڵ کارى لەسەر دەکرێت و لەو ماوەیەدا کارمەندانى خۆشمان لەسەر کارکردن لەسەر بابەتەکە ڕادەهێندرێن، بۆ ئەوەى بتوانین لەداهاتوودا زیاتر پەرەى پێ بدەین.
بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: بەدەر لەوەش، لەگەڵ زانکۆیەکى بیانیى دیکە کار لەسەر تۆمارکردنى ناوچە شوێنەوارییەکان لەسەر نەخشەى گۆگڵ دەکەین، بەوەش بە شێوەیەکى سستم و داتا دەبینە خاوەن ئامار و بەڵگە و دۆکیۆمێنتى خۆمان لەسەر شوێنەوارەکانى هەرێمى کوردستان و لە کاتى هاتنەپێشەوەى کار و پڕۆژە و لێکۆڵینەوە، ئاسانکارى و بەرچاوڕوونیمان دەبێت.[1]