ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە عەشق تێیدا کاری نەکردەیە. من باس لە نامومکینی عەشق دەکەم. ڕاستی جەنگ ئاسانترین کارێکە لە خۆرهەڵات دەیکەین و عەشق سەختترینیانە.
ئەوەی لە تەواوی کارەکاندا پێداگری لەسەردەکەم ئەو بەربەستە گەورانەی بەردەم عەشقە. بەربەستەکان تەنیا بەربەستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دینی نین، بەڵکوو بەربەستی دەروونیشن، ئینسانەکان ئامادەگی عەشقیان تێدا نییە، یان عەشق وەک کەرەستەی ئەشکەنجەدانی خۆیان و ئەوانیتر بەکاردەهێنن.
لەنێو کورددا تا ئازارمان زۆرتر بێت خۆمان بە عاشقتر دەزانین، خۆشەویستی وەک پڕۆسەی خۆوێرانکردن و ئەویدی وێرانکردن سەیردەکەین. پرسیاری سەرەکی «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان» ئەوەیە، مرۆڤەکان لە جۆرە ژینگەیەکی وەهادا، لە جۆرە شارێکی وەهادا چەندە ئامادەن بۆ عەشق، هەستەکانیان چەند ڕاستگۆ و جێگرە و لە تێگەیشتنەوە هاتووە.
عەشق شتێک نییە لەدەرەوەی کێشەکانی تر قسەی لەسەر بکرێت. کێشەی گەورەی ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتی لەوەدایە، هەمیشە عەشقی وەک دۆخێکی میتافیزیکی، ڕۆحی، دابڕاو لە ڕەهەندەکانی دیکە تەماشاکردووە. عەشق وەک حاڵەتێکی سۆفییانە، وەک جۆرە شێتییەک کە یەکێک بۆ مەحبوبە هەیەتی. شیعری خۆرهەڵاتی بە گشتی زۆر فۆکەسی خستۆتە سەر شەیدابوونی عاشق بۆ مەعشوقەی خۆی، بە جۆرێک لە ئیفتیخارەوە عەشق و شێتی پێکەوە گرێدراون، لەیل و مەجنون، شیرین و فەرهاد، شەم و وەلی دێوانە نموونە بەرجەستەکانی ئەو پەیوەندییەن، شێتبوون وەک پلەیەکی باڵای عاشق بوون. ئێمە ئەو پڕۆسەی خۆوێرانکردنەمان ناوناوە عەشق.
بە گشتی دەمەوێت بڵێم، کۆمەڵگەیەک ئازادی تێدانەبێت، عەشقیشی تێدا نییە. عەشق لە ئەدەبدا تەنیا گێڕانەوەی وابەستەبوونێکی عاتیفی ڕووت نییە بە بابەتی عەشقەوە، بەڵکوو دەرگایەکە بۆ ڕوانین لە ناخی ئادەمیزادەکان، لە ناخی کۆمەڵگە.
سەوسەن گوڵدانچی لە کۆشکی باڵندەکاندا پێی وایە، مرۆڤ ناتوانێت گەر جیهانی نەبینیبێت لە عاشق بوونی خۆی دڵنیابێت. عەشق بە هەموو پێودانێک سەختە، چونکە دەتوانین وەک پێوەری ئازادی مرۆڤ تەماشایبکەین و وەک پێوەریش لەسەر توانای مرۆڤەکان لەسەر تێگەیشتن لە مرۆڤەکانی دی تەماشایبکەین.
عەشق چارەسەری هیچ کێشەیەکی قووڵ و گرنگ ناکات، بەڵام کۆمەکمان دەکات زیاتر لە مەحاڵە گەورەکانی ژیان و کۆمەڵگە تێبگەین. عەشق بە کۆمەڵێک وەهمی ترسناکەوە گرێدراوە، خراوەتە بری عەقڵ، خراوەتە بری ئازادی، خراوەتە بری چارەسەری کێشە دەروونییەکان. من هەوڵدەدەم شتێک لەو وەهمانە بڕەوێنمەوە. ئێمە بە جۆرێک عەشق بە باری قوورس باردەکەین، جگە لەوەی تێکبشکێت ڕێگایەکی تری لە بەردەمدا نامێنێتەوە.
#بەختیار عەلی# لە پەڕتووکی #وەک دەریایەک پڕ لە نهێنی# [1]