شاندی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لە سەردانەکانیاندا پەیامێکی #مەسعود بارزانی# سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە بەرپرسانی باڵای هێزە شیعەکان گەیاندووە. ناوەرۆکی پەیامەکە پەیوەندی بە مانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە بەغدا.
ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناردنی ئەو شاندە باڵایە بۆ شاری بەغدا ئەوە بووە ڕێگری بکرێت لەو پلانانەی کە لە بەغداوە لە دژی هەرێم بەڕێوەدەچن. بەتایبەت کە بەشێک لە هێز و لایەنە شیعەکان پلانی ئەوەیان هەیە کە سکاڵایەکی نوێ لەسەر هەرێم تۆمار بکرێت لە دادگای فیدڕاڵی و هەرێم پاشەکشە بکات بۆ سنوورەکانی ساڵی 2003.
لە گفتوگۆکاندا شاندی پارتی ئەوەیان بەڕوونی بە بەرپرسانی شیعە گوتووە کە ئەگەر حکومەتی ئێراق بیەوێت هەرێم بگەڕێننەوە بۆ پێش ساڵی 2003، ئەوا هیچ مانایەک بۆ شەراکەت و حکومەتی تەوافوقی نامێنێتەوە. بۆیە پارتی ناچار دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی لە پڕۆسەی سیاسی لە ئێراق بکشێتەوە.
بەرپرسانی شیعە بەڵێنی ئەوەیان بە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. [1]