بەپێی وتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق، بڕیارە لە 18 بۆ 25ی مانگی 8ی 2023 بەغدا پشکی #هەرێمی کوردستان# لە بودجە ڕەوانەبکات و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بکرێت.
#نەرمین مەعروف#، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی ئێراق دەڵێت: لە دوای بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی لە ڕۆژنامەی وەقایعی ئێراقی بۆ یەکەمجار هەرێمی کوردستان پشکی خۆی بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی بە تەواوی وەردەگرێت، کە مانگانە تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە بەبێ داهاتی ناوخۆ.
پەیوەست بە وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق دەڵێت: وادەی خەرجکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەنێوان 18 بۆ25ی مانگدا دەبێت، لەو ماوەیەدا لیستی مووچەی فەرمانبەران لە ئێراق خەرج دەکرێت، بەگەیشتنی پارەش دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ئێستا بەرەو ناوەڕاستی مانگی هەشت دەڕۆین، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە و ڕوونیش نییە کەی بە فەرمی وادەی دابەشکردنی ئەو مووچەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە ڕادەگەیەنرێت.
وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشیش دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر ڕاگەیاندراو و ناوی چەندین وەزارەتیش لەنێو لیستەکەدا نەبوو ئەوەش ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی بەدوادا هات، دواتر و پاش چەند ڕۆژێک ناوی ئەو وەزارەتانە بۆ لیستەکە زیاد کرا کە لە لیستەکەی پێشوودا نەبوون. [1]