ڕوونکردنەوە لەسەر وشەی پەرتووک:
#فازڵ ئوسوڵیان#
وشەی پەرتووک وشەیەکی نوێ و داتاشراو نییە. وشەی نوێ زیاتر لەنێو خەڵکی ڕۆشنبیر و خوێندکاراندا بڵاو دەبێتەوە و جێ دەکەوێت. بەڵام وشەی پەرتووک/ پرتووک لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا و بەتایبەتیی لەنێو خەڵکی بەتەمەن و نەخوێندەواردا هەر لە مێژەوە وشەیەکی باوە. بە باوەڕی من ئەمە وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی پەروەردەک لە زمانی پەهلەویی ئەشکانیدا. پەروەردەک لە دەقەکانی پەهلەویدا بە واتای نووسراوە و نامە هاتووە. بەڵام با بزانین خودی وشەی پەروەردەک لە چییەوە هاتووە.
لە سەردەمی کۆندا بۆ نووسین لە باتی کاغەز چەرمیان بەکار دەهێنا، ئەو چەرمەش دەبووایە لە پێشدا خۆشەیان بکردایت. بە پیواژۆی خۆشەکردنی چەرم دەگوترا پەروەردەک. خودی وشەی پەروەردە کردن بە واتای بەرهەمهێنان و ئامادەکردنە. ئێستاش لە کوردی و تەنانەت لە فارسیشدا بۆ بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی زۆر شت دەڵێن پەروەردە، بۆ نموونە بە پێواژۆی ئامادەکردنی ترشیات یان زەیتون دەڵێن ترشیاتی پەروەردە یان زەیتونی پەروەردە. بۆیە بەو چەرمانەیش کە پەروەردە دەکرا بۆ ئەوەی کە شت لەسەری بنووسن دەیان وت پەروەردەک، لەسەر ئەم چەرمانە نامە و قەباڵە و نووسراوەی تریان دەنووسی. هەر وەک چۆن ئەمڕۆ کاغەزیش جیا لەوەی کە پەڕەیەکە کە شتی لەسەر دەنووسرێت بەڵام وشەی کاغەز بە شێوەی مەجازی واتای نووسراوە یان نامەش دەدات وەک دەڵێن کاغەزێکم بۆ هات، یان کاغەزێکم بۆ بەڕێ کرد.
جا بۆیە من پێم وایە ئەم وشەی پەرتووکی کوردییە هەمان وشەی پەروەردەک بووە کە لە پاش هەزاران ساڵ گۆڕان بەسەریدا هاتووە و ئێستا بووە بە پەرتووک. [1]