دکتۆر #شادمان فوئاد مەستی# لە مەکدۆنیاوە بۆ چیاکانی کوردستان.
نووسین و ئامادەکردنی: #گۆران سەلام محەمەد#
ناوم (شادمان فوئاد مەعروف) ە باوکم لە ساڵی 1938 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، برا گەورەکەم ناوی (میران) ە لە ساڵی 1939 لە دایکبووە، منیش لە ساڵی 1943 لە سلێمانی لە دایکبووم، مامم (#تۆفیق وەهبی# ) ئەو ناوی کوردی لێناوین، واتە ناوی کوردی لە ماڵی ئێمەوە دەستی پێ کرد و بڵاوبوویەوە، بۆ نموونە هیچ کەسێک نییە ناوی شادمان بێت و لە من پیرتر بێت، هەرچی نازناوی (مەستی) یە تورکەکان بۆ باوکمیان داناوە، لە قۆناغی سەرەتایی لەسەر پرسیارێک کە لە مامۆستایەکم کرد یەک ساڵ دواخرام لە خوێندن، پرسیارەکەش ئەوە بوو مامۆستای ئایین وتی هەرچی کارێک لە ژیانماندا ئەنجامی دەدەین ئەوە خودا پێمان دەڵێت: منیش وتم مامۆستا وانییە، ئەوە مرۆڤ خۆیەتی بیر دەکاتەوە کە چی بکات و نەکات، خودا شتێکی دیکەیە و بیرکردنەوە شتێکی دیکەیە، وتی چۆن؟ وتم ئەگەر باران ببارێت هەندێک لە کۆڵانەکان کە گڵە دەبن بە قوڕ، ئەو کۆڵانانەش کە پاکن، نابن بە قوڕ، ئەگەر من لە قوڕەکانەوە بڕۆم ئەوە قوڕاوی دەبم، ئەگەر لە پاکەکانەوە بڕۆم قۆڕاوی نابم، واتە ئەوە خۆمم بیر دەکەمەوە و بڕیار دەدەم لە کوێوە بڕۆم، کە وام وت کەوتە جنێودان پێم، بە شەق کردمییە دەرەوە، بە دار لێی دام و قاچم شکا، ساڵێکی خوێندنم فەوتا.
ئیدی قۆناغەکانی خوێندنی سەرتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە شاری سلێمانی تەواوکرد، لە پۆلی شەش نمرەیەکی بەرزم هێنا و لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی موسڵ ناوم هاتەوە، ساڵی 1963 لە موسڵ خوێندکار بووم، لەلایەن خوێنکدارانی زانکۆی موسڵەوە سووکایەتیمان پێ دەکرا، بەتایبەت کچەکانیان دەچوون دەفتەرەکانیان دەدڕانین و جنێویان پێ دەداین، بەهۆی ئەوە و بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی ئێراقەوە هەروەها شەوێک لەلایەن کەسێکەوە ئاگادارکرامەوە کە سبەی بڕیارە لە موسڵ کۆمەڵکوژی بکرێت، بۆیە هەرچی زووە سبەی موسڵ بەجێبهێڵە، موسڵم جێهێشت، هۆکاری ئەوە بوو ژمارەیەک سەربازی حکومەتی ئێراقی لەلایەن پێشمەرگەوە کوژرابوون، حکومەت ویستی تۆڵە بکاتەوە، ئەو کەسە کە پاسەوانی شوێنی مانەوەی ئێمە بوو، وتی دەتوانم تەکسیت بۆ بگرم و بگەڕێیتەوە بۆ سلێمانی، منیش هاتمەوە هەولێر و دواتر هاتمەوە سلێمانی و لە ماڵی خاڵۆم (باوکی دکتۆر یادگار) خۆم شاردەوە.
باوکم پێشتر کۆلێژی سەربازی لە تورکیا تەواوکردبوو زمانی تورکی دەزانی، داوای لێکردم لە ئەستەنبوڵ بواری پزیشکی بخوێنم، منیش قایل بووم، خۆی هات لەگەڵم لەوێ مامەڵەکەشی بۆ کردم، ئێمە لە تورکیا وەکوو خوێندکارانی کورد چالاکی سیاسیمان هەبوو، بە ناوی یاری تۆپی پێ دەچووینە دەرەوەی ئاوەدانی و کۆبوونەوەمان دەکرد، دواتر و لە ساڵی 1963 بە مەبەستی خوێندنی پزیشکی لەسەر ئەرکی دارایی خۆم ڕووم لە وڵاتی چیکۆسۆڤاکیا کرد و دەستم بە خوێندن کرد، تا قۆناغی شەشی پزیشکی لە چیکوسلۆڤاکیا بووم، ئەو کات بۆنی شەڕ دەهات، حکومەتی چیکۆسلۆڤاکیا زۆر نزیک بوو لە حکومەتی ئێراقییەوە، پەیمانی سۆڤیەت بوونی هەبوو، منیش چووم هەموو کاغەزی تاقیکردنەوەکانم دەرهێنا و لە زانکۆ مۆرم کرد، چونکە گومانی مەترسیم هەبوو بۆ سەر کوردانی ئەوێ، خۆم چووم بۆ پۆلیس و وتم من نامەوێت لەم وڵاتە بم، خزمم هەیە لە تورکیا دەمەوێت بڕۆم، لە کاتێکدا چوار تاقیکردنەوەم مابوو بڕوانامەکەم وەربگرم، هەروەها هەموو هاوڕێکانم ئاگادار کردەوە ئەوەی پێی دەکرێت بچێت دۆسیەکەی دەربهێنێت، چونکە زۆر ئەستەمە بتوانن بمێننەوە، بۆیە خۆتان بڕۆن باشترە، لەو کاتە میرانی برام لە مەکدۆنیا بوو، چوومە مەکدۆنیا هەر لەوێ ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێنا و خێزانیشم کۆلێژی پزیشکی تەواوکرد، دواتر چوومە یوگسلافیا و ساڵی 1978 کۆلێژی پزیشکیم لەوێ تەواوکرد.
بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، هاتمە ئەستانبوڵ پاسپۆرتێکی نایاساییان بۆ گەڕانەوە لە ئێرانەوە پێدام، ئەو کات بەو پاسپۆرتەوە لە ئێران دەستگیربکرامایە لە سێدارە دەدرام، پاسپۆرتەکەم لە هەڤاڵ عومەر دەبابە وەرگرت، تەماشام کرد پاسپۆرتێکی تەزویری ئیتاڵییە، منیش یەک وشە زمانی ئیتاڵیم نەدەزانی، بیرم کردەوە بچم فەرهەنگێک بکڕم و خۆم فێری چەند وشەیەکی زمانی ئیتاڵی بکەم، تاکوو لە دۆخی لێکۆڵینەوە و گوماندا خۆمی پێ دەرباز بکەم، چووم کڕیم و هاتمە ئوتێل و دەستم پێ کرد، جارێکی دیکە تەماشای پاسپۆرتەکەم کردەوە دەبینم چەندین فیزای تەزویری لێ دراوە، بەڵام ئەوەی جێی پرسیار بوو مێژووی دەرچوونی پاسپۆرتەکە لەو فیزایانە نوێ تر بوو واتە بەپەلە کرابوو هەڵەی تیا کردابوو، من بە بینینی ئەوە زۆر تێکچووم، بەخۆم وت ئەمە وەک لەسێدارەدان وایە، دواتر هەڤاڵانم تێگەیاند و هەڵەکەیان خستە سەر یەکێک لە هەڤاڵان، وتم ئەمە هەڵە نییە، ئەمە بە کوشتدانە، ئیدی پاسپۆتەکەم پێدانەوە.
کوردستان لە بیری مندا دەرنەدەچوو بڕیارم دابوو بگەڕێمەوە، لە مەکدۆنیا خێزان و منداڵم هەبوو، کوڕێکم سێ ساڵ بوو ئەوی دیکە سێ مانگ بوو جێمهێشتن، خێزانم مەکدۆنی بوو، کچی خێزانێکی شۆڕشگێڕ بوون لە دۆخی من تێدەگەیشتن، چونکە باوکی خێزانم کاتی خۆی پارتیزان بووە، بۆیە ئەگەر شۆڕشیش نەبووایە من هەر دەهاتمەوە خزمەتی گوندەکانم دەکرد، کە گەڕامەوە چوومە نەخۆشخانەی شۆڕش، پێش من لە شۆڕشدا تەنیا د. خدر بوونی هەبوو، دواتریش د. هەژار عوسمان هات، بووین بە سێ پزیشکی شۆڕش، لە ڕاستیدا نەخۆشخانە نەبوو، واتە زۆر سادە بوو، بەڵام پێیان دەوت نەخۆشخانە، پێش من د. خدر زۆر ماندوو بوو بوو، چونکە هەموو کارەکان خۆی کردبووی، من کە گەیشتم زۆر هاوکاریم کرد.
ئەو نەخۆشخانەیە لە ڕاستیدا ژوورێکی بچوک بوو، تووشی شۆک بووم لەبەرئەوە ژیان تێیدا زۆر قوورس بوو، بەڵام کۆڵم نەدا، ئەوکات کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەهێزترین ڕێکخراوی ڕێکخستنی سیاسی بوو، لە ڕووی بیروباوەڕ و ئازایەتی و مەردایەتی و هەتا جلوبەرگیشەوە جیاواز بوون و لە پێش هەمووانەوە بوون، واتە بەهێزترین پێشمەرگەکان پارتیزانەکانی کۆمەڵە بوون، بە بینینیان دڵم دەکرایەوە، من لەسەر کۆمەڵە ئەژمار دەکرام، هاوکات جیاوازیم لەنێو پێشمەرگەکاندا نەدەکرد کە سەر بە ڕەوت و ئایدیای جیاواز بوون، من وەک و پزیشک کارم دەکرد، زۆر جار ساڕێژی دیل و زیندانییەکانم دەکرد.
من و د. خدر و د. هەژار هێندە ئەرکمان قوورس بوو، هەر یەکەمان لایەکی تەندرووستی شۆڕشمان دەبرد بەڕێوە، د. هەژار زۆر چالاک بوو، دەیویست جەولە بکات، نەیدەتوانی دابنیشێت، زۆر ئازابوو، جارێک پێشمەرگەیەکی بریندار پێویستی بە خوێن بوو، د. هەژار خوێنی خۆی پێدا، وتم مەکە نەخۆش دەکەویت خوێنت کەمە، گوێی پێنەدام، کەچی نەخۆشیش کەوت، ئەو سنوورانەی ئێمە زەڵێ و خڕی ناوزەنگ و شێنێ بوو، شەوێک هەڤاڵ نەوشیروان مستەفا نەخۆش بوو، کەس نەیدەوێرا دەرزی لێ بدات، هەر کەس لەوە دەترسا نەوەک لەسەر دەستی ئەو شتێکی لێ بەسەربێت، داوایان لە من کرد، منیش چووم چەند دەرزییەم بۆ کرد، میوانی هەبوو هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام میوانەکانی فەرامۆش نەکرد.
کاری تەندرووستی و نەشتەرگەری و تەداوی بۆ من زۆر ئاسان بوو، چونکە من سێ مانگی لەسەر یەک لە یەکێک لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی یوگسلافیا کارم کردبوو، داوام لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کرد کە دۆخی کوردستان زۆر خراپە پێویستیان بە منە، بۆیە تکات لێدەکەم ماوەی شەش مانگ مۆڵەتم پێ بدە بچمەوە خزمەت بکەم، بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک وتی باشە و ڕێگەی پێدام، هەروەها داوای بینینی وێنەی بریندار و چۆنێتی چارەسەرکردنی بریندارانی جەنگی جیهانیم کرد، تاکوو ئەزموونی پزیشکی جەنگم هەبێت، ئەوەشیان پێدام، من لەو نەخۆشخانەیە هەموو کارێکی قوورسم کردبوو، تەنیا کونکردنی قورگ نەبێت بۆ هەناسەدانی دۆخی مەترسیدار ئەویش ڕێکنەکەوێت بێتە بەردەستم.
ئیدی گەڕامەوە کوردستان یەکێک لەو ڕووداوانە برینداربوونی هەڤاڵ محەمەدی حاجی مەحمود بوو، خوێن لە سنگیدا بوو، دۆخی زۆر خراپ بوو چارەسەرمان کرد، هەروەها هەڤاڵێکی دیکە بریندار بوو لە مردندا بوو، زۆر ئازاری هەبوو، من دەستم کرد بە چارەسەر کردنی و ڕزگارمان کرد، هەروەها گوندنشینان کێشەی زۆری مار و دووپشکیان هەبوو، بەردەوام دەهاتنە لای ئێمە چارەسەرمان دەکردن، لە نەخۆشخانەکە دوو کچمان لابوو کە تازە بوو بوون بە پێشمەرگە بە ناوی (بەیان و نازەنین) ، کە خوێندکاری بەشە پزیشکییەکان بوون، واتە هەر وەکوو پزیشک وابوون، من ڕۆژێک ئەو دوو هەڤاڵەم نارد بۆ تاران بۆ پەیداکردنی دەرمان.
لە شەڕێکدا تۆپباران کراین، بریندارمان زۆر بوو، هەمیشە ئاگاداریان دەکرمەوە کە پاڵ بکەوم، بەڵام من هەر بەپێوە چارەسەری بریندارەکانم دەکرد و بەسەر بریندارەکاندا دەگەڕام، لەو شەڕە بیرمە سەرەڕای کاری پزیشکی من یەکەم کەس بووم یەک مەخزەن فیشەکم نا بە فڕۆکەکەوە، پێیان دەوتم بۆ وا دەکەی خۆ فیشەکی پێناگات، وتم بەڵکوو پێی بگات! دەیان وت نا فیشەکەکان بە فیڕۆ دەچن.
لێرەدا دەمەوێت باسی د. نەبەز بکەم، کە کادیرێکی تەندرووستی وریا و پێشمەرگەیەکی ئازا بوو، لە هیچ نەدەترسا، لە شەڕێکدا بریندار دەبێت، بۆ ئەوەی بەدیلی نەکەوێتە دەست دوژمن خۆی شەهید دەکات، دواتر پێشمەرگەکان بۆیان گێڕامەوە کە ئەگەر وای نەکردایە هێندەی نەمابوو بگەین پێی و ڕزگاری بکەین، بیرمە لە تۆپبارانەکاندا کۆتا کەس بوو دەهاتە چاڵی خۆشاردنەوەکەوە (کونە تەیارە) ، بێ ئەوە خۆی تێک بدات، زۆر شێنەیی بوو، کە دەهاتە چوورەوە جگەرەیەکیشی دادەگیرساند.
پاش ماوەیەک تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووم، کێشم لە 74 کیلۆگرامەوە بوو بە 57 کیلۆگرام، دوای ماوەیەک پێیان ڕاگەیاندم بگەڕێ دواوە، واتە ناردیانم بۆ سووریا، پاش ماوەیەک ویستم بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، ڕێگەیان نەدام، دواتر چوومەوە بۆ مەکدۆنیا، لەوێ لە کار دوورخرابوومەوە، پاش هەوڵدانێکی زۆر لە ساڵی 1983 کاریان پێدامەوە، ڕۆشتنەوەم بۆ مەکدۆنیا لەسەر داوای هەڤاڵ مام جەلال بوو، حکومەتی چیکۆسلۆڤاکیا پەیوەندی پتەوی هەبوو لەگەڵ حکومەتی ئێراقیدا، لە بەرانبەر ئەوە ئێمە ویستمان پەیوەندی لەگەڵ مەکدۆنیا پتەو بکەین، بۆیە هەڤاڵ مام جەلال پێشنیاری گەڕانەوەی هەمان وڵاتی پێشووی بۆ کردم، وتی تۆ دەبی بە لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ئێمە، هەروەها ئەوانیش ستەملێکراو بوون.
من لە شاخ تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆژم دەنووسیەوە، بریندار و دۆخی پێشمەرگە و چارەسەرەکان، هەروەها لە مەکدۆنیاش بەردەوام زانیاری و نەخشەی ڕەنگاوڕەنگ و پێویستم دەناردەوە بۆ شۆڕش، ئێستا نازانم لە کوێن، بەهیوام ئەگەر ماوە پێم بدەنەوە یان چاپی بکەن، هەروەها هەڤاڵ حەمەتۆفیق ڕەحیم لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو، شتەکانم دەدا بە ئەو، یەکێک لەو کارانەی دیکە کە لە مەکدۆنیا بۆ پرسی کورد کردم، پیشاندانی وێنەی بەرکەوتەی کیمیایی بوو بە جیهانی دەرەوە، لە ڕاستیدا دەچووم وێنەی بەرکەوتەی کیمیایی جەنگی جیهانیم دەهێنا و وەکوو برینداری کورد دەمناساندن، تا ڕایەکی گشتی لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا لەسەر درووست بکەین.
ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە خۆم و خێزانم و هەردوو کوڕەکەم لەدەرەوەی وڵات دەژین و لە وڵاتی خۆم خاوەنی یەک دەرزی نیم، هیچ قەرەبوو و پاداشت و مووچەکم نییە.
بەداخەوە د. شادمان لە 24-07-2023 لە مەکدۆنیا کۆچی دوایی کرد.
چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ شادمان فوئاد مەعروف (د. شادمان فوئاد مەستی) ، 03-08-2022.
[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=515714&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دکتۆر شادمان فوئاد مەستی لە مەکدۆنياوە بۆ چياکانی کوردستان=KTML_Link_External_End=