ناونیشانی بابەت: ئاراس بە هێزەوە دەگەڕێتەوە و دەبێتە پێشکەشکاری بەرنامەیەکی گرنگ
هونەرمەندی ناوداری کورد ئاراس فاتیح ڕەسوول, (#ئاراس کۆیی#) کە لەنێو خەڵکدا بە (ئاراسی خەپە گیان) ناسراوە، بە پڕۆژەیەکی هونەری و میدیایی نوێوە دەگەڕێتەوە و دەبێتە پێشکەشکاری بەرنامەیەکی گرنگی هونەری و لە دوو کەناڵەوە پەخش دەکرێت.
بەرنامەی (کوردستانس کیدس ڤۆیس) خۆشترین دەنگی منداڵانی #کوردستان# کە بەرنامەیەکی هەفتەنامەی پڕبینەری هونەریی پێشبڕکێئامێزە و تایبەتە بە دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی دەنگخۆشترین منداڵی کوردستان و هونەرمەندی ئاییندەی کورد، وەرزی یەکەمی لە کەناڵی (پێلیستانک) ی منداڵان سەرکەوتووانە پەخش کرا، بۆ وەرزی دووەمی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ستۆدیۆ و تەکنیک و پێشکەشکار و لیژنەی دادوەرییدا کردووە و بە بەشداریی ژمارەیەکی یەکجار زۆر منداڵانی دەنگخۆش بەم زووانە دەست پێدەکات و پێشکەشکاری سەرەکیی بەرنامەکە ئەم جارە هونەرمەندی بەتوانا و خۆشەویستی منداڵان و گەورەکان ئاراس فاتیحە.
پێوەند بەم پڕۆژە تازەیەی ئاراس لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: ”ئەم جارە بەرنامەکە لە هەردوو کەناڵی (کوردستان تی ڤی) و (پێلیستانک) پێشکەش دەکرێت، کاری پێشکەشکاری بۆ من ئەزموونێکی تازەیە، بەڵام بەرنامەی (کوردستانس کیدس ڤۆیس) کە بۆ هەڵبژاردنی دەنگخۆشترین منداڵی کوردستان و هونەرمەندەکانی ئاییندەی کوردستانە، بەرنامەیەکە لە ڕۆحی هونەریی من و دنیابینی و شێوازی کاری هونەریی من زۆر نزیکە، ئەوەش زۆر خۆشحاڵی کردووم لیژنەی دادوەریی ئەم وەرزەی بەرنامەکە، پێکهاتووە لە سێ هونەرمەندی بەئەزموون و لێزان و شارەزا و بەتوانا، ئەوانیش هونەرمەندان خاتوو هانی و برایانی بەڕێزم ئەیووب عەلی و دەلیل دیلانار.“
ئاراس ئاشکراشی کرد: ”یەکێک لە باشترین گرووپەکانی موزیکییش لە هەموو ئەڵقەکان لەگەڵمان دەبن، ئەویش گرووپێکی موزیکژەنی بەتوانان بە سەرپەرشتیی هونەرمەند بەیار سەعید، وەک پێشکەکاری پشت ستەیجیش خاتوونی بەتوانا (شاهی حەمۆ) لەگەڵمان دەبێ، ئەو منداڵە دەنگخۆشانەش کە بۆ ئەم وەرزە بەشدار دەبن، بە بڕیاری لیژنەی دادوەری هاتوون و یەک لە یەکیان دەنگیان خۆشترە و کێبەرکێکە زۆر بەهێز دەبێ و منداڵی زۆر بەتوانای تێدایە بە کچ و کوڕەوە، بەگشتی دڵنیام بینەرانیش جۆش و خرۆشێکی جیاوازیان دەبێ لەگەڵ ئەم بەرنامەیە و ئەوانیش لە ئەڵقەکانی کۆتایی بە دەنگدان بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی دەنگخۆشترین منداڵەکانی کوردستان.“[1]