ناونیشانی بابەت: هاودیان.. یەکەم پایتەختی میرنشینی سۆران و مەڵبەندی پێکەوەژیان
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هەسنانی مێژووی گوندی هەودیان بۆ سەردەمی #میرنشینی سۆران# دەگەڕێتەوە، گوندەکە بە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایین و ئایینزاکان ناسراوە و تیادا موسڵمان و کریستیانییەکان، زیاتر لە سەدەیەکە بەئاشتی و تەبایی پێکەوە دەژین و مزگەوت و کڵێسە پەرستشیان تێدا دەکرێ و ئەوەی پێکهاتەکانی گوندەکە لێک جیا دەکاتەوە، تەنیا ئایینەکەیانە.
فازل هاودیانی، نووسەر و لێکۆڵەری مێژوو، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: گوندی هاودیان سەربە شارەدێی دیانا، دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی ناوەندی سۆران، لە خوار زنجیرە چیای برادۆست، واتە کۆتا گوندی سۆرانە، کە هاوسنوورە لەگەڵ سنووری شارۆچکەی #مێرگەسۆر#، ناوچەیەکی شاخاوییە و لەدەوروبەریدا چەند ئەشکەوت و ناوچەی شوێنەواری هەن، وەک (گۆڕستانی میرانی سۆران، قەڵاتی میرکەلۆس، #ئەشکەوتی بەستوون#، ئەشکەوتە دیان، بابەخال، ئەشکەوتی مام وەیسی، ئەشکەوتی حەسەن ئاغا، ئەشکەوتی حەمەدە کۆر، ملەجوو) لەگەڵ چەندین شوێنی دیکە، لەناو گوندەکەشدا زۆر بایەخ بە ڕەز و باخ و دراوە و چەندین جۆر دارو درەخت چێنراوە، ئەمەش ژینگەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە گوندەکە بەخشیوە، هەروەها بەهۆی تێپەڕبوونی ڕووبار بە سنووری گوندەکە و بوونی ئاو و کانیاوی سازگار، زۆر بایەخ بە بواری کشتوکاڵی.
وتیشی: مێژووی درووستبوونی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر، واتە گوندەکە لەلایەن میرکەلۆس، باپیرە گەورەی میرانی سۆران، بنیات نراوە و بە یەکەم پایتەختی میرنشینی سۆرانیش ناودەبرێت، چەندین پاشماوە و شوێنەواری ئەم میرنشینەش لە ناوچەکە ماون، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم گوندە، لە کۆنەوە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایین و ئایینزاکان بووە و ئەم پێکەوەژیانە تا ئێستاش بەردەوامە، بۆ نموونە، لە کۆی 727 خێزان، کە لە گوندی هاودیان نیشتەجێن، 35 ماڵی کریستیان و کرستیانەکانن، لە گوندەکە سێ مزگەوت و یەک کڵێسە هەیە، هەریەکە و بە ئازادانە ڕوو لە شوێنە ئایینییەکانیان دەکەن، بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی هاتنی کریستیانیەکان بۆ هاودیان و نیشتەجێبوونیان لەم گوندە، بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، واتە لە سەردەمی هەکاری و قەتلوعامکردنی ئەرمەنییەکانەوە هاتوون.
ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە دەشڵێت: جگە لە موسڵمان و کریستیانیەکان لە گوندی هاودیان، لە پێش ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، چەند ماڵێکی جوولەکەش لە هاودیان نیشەجێ ببوون، کە ژمارەیان زیاتر لە حەوت خێزان بووە، تا ئێستاش شوێنەواری خانووەکانیان دیارە و بە گەڕەکی جووەکان ناوی دەرکردووە، هەروەها شوێنەوارێکی دیکە بە ناوی ملەجوو لە گوندەکە هەیە، دواتر جووەکان گوندەکەیان جێهێشتووە و وەک ئەوانەی دیکەی، کە لە کوردستان بوونە، بە شێوەیەکی گشتی وشەی هاودیان واتە پێوەژیانی ئایینەکان، ئەوەی لەم گوندە پێکهاتەکان لە یەکتری جیا دەکاتەوە، تەنیا ئاییەنەکەیانە، ئەوەی دیکە لە خۆشی و ناخۆشی و جەژن و شادیی یەکتردا بەشدارن، ئەمەش نموونەی جوانی پێکەوەژیانە لە گوندەکە و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەگشتی.“[1]