ناونیشانی بابەت: پەرتووکى (#هەولێر لە سەردەمى عوسمانیدا#) چاپ و بڵاو کرایەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
نووسەر و لێکۆڵەرى بوارى مێژوو، دکتۆر #سەعدى عوسمان هەروتى#، نوێترین پەرتووکى خۆى بە ناوى (هەولێر لەسەردەمى عوسمانیدا) بڵاو کردەوە.
لەوبارەیەوە، دکتۆر سەعدى عوسمان هەرووتى، نووسىەرى پەرتووکەکە، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: پەرتووکەکە 240 لاپەڕەیە و باسى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و بوارەکانى دیکەى شارى هەولێر لە سەردەمى عوسمانى، لەنێوان ساڵانى (1514 بۆ 1918) دا دەکات.
وتیشى: بەگشتى حەوت تەوەرم کردووەتە ناوەرۆک و پێکهاتە و باسى پەرتووکەکە، کە خۆیان لە بارى ئاوەدانى و دیمۆگرافیاى هەولێر، پێگەى سیاسى و کارگێڕى، ستراتیژى ئابوورى، ڕۆڵى دەسەڵاتدارانی #هەولێر# لە ڕووداوەکان، ڕەفتار و هەڵوێستى خەڵکى هەولێر لە پێشهاتەکان، پێگەى هۆزەکان، پێگەى زانست و ڕۆشنبیریى هەولێر دەبینێتەوە.
باسى لەوەش کرد: هاوکات لە پەرتووکەکەدا ئاماژە بە بابەتى پێکەوەژیانى نەتەوە و ئایینەکان کراوە، کە کورد زۆرینە بووە، هاوکات مەسیحى و جووشى لەگەڵدا ژیاوە، بەدەر لەوەش، چەند وێنە و بەڵگەنامەیەک دەربارەی باسى پەرتووکەکە خراونەتە ڕوو.
دکتۆر سەعدى عوسمان هەروتى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئێستا پەرتووکەکە چاپ کراوە و لە کتێبخانەکاندا بەردەستە و دەتوانرێ وەک سەرچاوەیەکى دەوڵەمەند و کاریگەر لە ئاشنابوون بە بەشێکى دیارى شارى هەولێر پشتى پێ ببەسترێت. [1]