یادی شەڕی چاڵدێران لەنێوان هەردوو ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و دەوڵەتی سەفەوی23-08-1514.
ئامادەکردنی: ڕەنجدەر ئەبوبەکر
509 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 23-08-1514
لە پێدەشتی چاڵدێران لە باکووری خۆراوای دەریاچەی ورمێ، شەڕێک لەنێوان هەردوو سوپای سوننە مەزهەبی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی بەسەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم (1512-1520، و سوپای شیعە مەزهەبی ئیمپڕاتۆرییەتی سەفەوی بەسەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی دا (1501-1524) دا ڕوویدا، کە بە شەڕی چاڵدێران ناسراوە.
شەڕی چاڵدێران بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد
لە دیاریکردنی قۆناغە مێژووییەکانیدا بە خاڵی کۆتایی هێنانی قۆناغێکی مێژوویی پێشتر و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دادەنرێت، بەوەی شەڕی چاڵدێران بە خاڵی دەستپێکردنی قۆناغی مێژووی نوێی گەلی کورد و کۆتایهێنان بە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست دادەنرێت، کە بۆ ماوەی چوار سەدە و لەم بەروارەوە تا دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1914 دا بەردەوام بوو.
$سەرچاوەکان زۆر لەسەر هۆکاری بەرپابوونی شەڕەکە و ئاکامەکانی دواوون، لەو هۆکارانە$
1- دەرکەوتنی دەوڵەتی سەفەوی شیعە مەزهەب لە ڕۆژهەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیدا، کە جێگای مەترسی بوو بۆ عوسمانییەکان لە ڕووی فراوانخوازی و جیاوازی مەزهەبەوە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵگرانی مەزهەبی شیعە لە ناوچەی ئەنادۆڵی ئیمپڕاتۆریەکەیاندا هەبوو.
2- ڕەتکردنەوەی نامەی شا ئیسماعیلی سەفەوی لەلایەن سوڵتان سەلیمەوە، دەربارەی ڕێگەپێدانی هەڵگرانی مەزهەبی شیعە لە ئەنادۆڵ بۆ سەردانی تەورێز، بە مەبەستی بەیعەتدان بە دەسەڵاتەکەی، کە ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕق لێبوونی کەسی نێوان هەردوو سەرکردەکە بوو.
3- ململانێی مەزهەبی نێوان هەردوو مەزهەبی سونە و شیعە، کە لەلایەن هەریەکە لە دوو ئیمپڕاتۆریەتەکەوە نوێنەرایەتی مەزهەبێک دەکران.
4- کێشەی پەیوەندی دەوڵەتی تازە دامەزراوی سەفەوی بە هەندێک هێزەکانی ئەو سەردەمەی ئەوروپاوە (هۆڵەندا) بە مەبەستی دژایەتیکردنی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی.
5- چاوتێبڕینی دەوڵەتی تازە دامەزراوی سەفەوی لە ناوچە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا لە وڵاتی دووڕووبار و هەروەها کوردستانیش.
کاتێک لە 23-08-1514 دا سوڵتان سەلیم یاوز بە خۆی و سوپاکەیەوە لە ئەنادۆڵەوە و بە کوردستاندا گەیشتە چاڵدێران، هەردوو سوپا پێکیاندادا و لە ئەنجامدا سوپای عوسمانییەکان سەرکەوتن بەسەر سوپای سەفەوییەکاندا و تەنانەت تەبرێزی پایتەختی دەوڵەتەکەشیان داگیرکرا و خودی شا ئیسماعیلی سەفەویش بریندارکرا.
$هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی لە شەڕی چاڵدێراندا$
1- ژمارەی زۆری سوپای عوسمانی کە بە 200 هەزار سەرباز دادەنێت، لە بەرانبەر 40 هەزار سەربازی سەفەویدا بوو.
2- بوونی چەکی تۆپی ئاگردار لای سوپای عوسمانی.
3- هاوکاریکردنی گەلی کورد بۆ دەوڵەتی عوسمانی، کە لە ئاڕاستەی لای دەستە چەپی سوپای عوسمانییەکاندا شەڕیان دەکرد.
4- هەڵەی شا ئیسماعیلی سەفەوی، بەوەی سوپاکەی لە چاوەڕوانی گەیشتنی سوپای عوسمانییەکاندا نەجوڵاند تا سوپای عوسمانی گەیشتە ناو قوڵای مەملەکەتەکەی، کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوو و پێشتر لەلایەن سەفەوییەکانەوە داگیر کرابوو.
5- بەهێزی دەوڵەتی عوسمانی، چونکە نزیکەی دوو سەدە پێش سەفەوییەکان دامەزرابوو و ئەزموونی جەنگی باشی هەبوو بە تایبەتیی لە بەشی ئەوروپا.
ئەنجامی شەڕەکە بۆ سەر کوردستان:
1- خاکی کوردستان دابەشکرا لەنێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا و بە شە گەورەکەی خۆراوای کوردستان بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوت.
2- کوردستان کەوتە نێوان جەنگێکی درێژخایەمی نێوان هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکەوە بۆ ماوەی 400 ساڵ.
3- تێکشکاندنی کەسایەتی کورد لە ڕووی دەروونی و کەسێتییەوە، بەوەی ئیتر نەتەوەی کورد بووە وابەستەی هەر یەکێک لەم دوو دەوڵەتە و چارەنووسی بەسترا بەبەهێزی و لاوازی ئەم دەوڵەتانەوە.
4- زیانی زۆری مرۆی و ئابووری بە کوردستان گەیشت بەهۆی زۆری و درێژخایەنی شەڕەکانیانەوە و تێوەگلانی نەتەوەی کورد لە شەڕەکانیانەوە، بەبێ ئەوەی کورد هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە هەبێت.
5- شەڕی چاڵدێران بارودۆخێکی لە ناوچەکەدا بە گشتی و بۆ گەلی کورد بەتایبەتیی ڕەخساند، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش گەلی کورد باجەکەی دەدات، هەر لە ڕووی پەرتەوازەبوونی نەتەوەی کورد لە ڕووی کەلتووری و ڕامیاری و ئابوورییەوە تا بەردەوامبوونی سیاسەتی دووبەرەی و ململانێی هێزەکانی ناوچەکە لەسەر کوردستان و کارتێکردن لە پێکهاتە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، نموونەی ململانێی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیای دادوگەشەپێدانی ئەمڕۆ لەسەر کوردستان وەکوو عوسمانی و سەفەوییەکەی جاران.
$شایەنی باسە سەرکەوتنی سوپای عوسمانی بەسەر سوپای سەفەوی دا لە شەڕی چاڵدێراندا، چەند قازانجێکی بۆ گەلی کورد تێدابوو لەوانە$
1- ئازادبوونی هەندێک لە میرە کوردەکانی زیدانیکراو لای شا ئیسماعیل، کە پێشتر بۆ مەبەستی ملکەچبوونیان بۆ دەسەڵاتی شا چوون بۆ تەبرێز.
2- ئازادکردنی باکووری کوردستان لەژێر دەستی سەفەوییەکان و گەڕاندنەوەی میرەکانی کورد بۆ سەر دەسەڵاتی پێشوویان.
3- کورد بوو بە هاوپەیمانی لایەنی براوە، لە شەڕەکەدا، واتە بوونە هاوپەیمانی عوسمانییەکان، کە لە چاو سەفەوییەکاندا سیاسەتێکی نەرمیان بەرانبەر بە گەلی کورد پەیڕەو دەکرد لەسەرەتادا و بۆ دەیان ساڵ دەسەڵاتی ناوخۆیی میرە کوردەکانیان لە ناوچە جیاڤیاکانی کوردستاندا هێشتەوە، بە پێی ڕێکەوتننامەی عوسمانی- کوردی ساڵی 1515ز.
4- بوونی ڕێکەوتنی نووسراو لەنێوان کورد و عوسمانییەکاندا بەسەرپەرشتی مەلا ئیدریسی بەدلیسی.
$بۆ زیاتر بڕوانە ئەم سەرچاوانە$
- شەرەفخانی بەدلیسی شەرەفنامە، و: هەژار، بەرگی یەکەم.
- عەبدولڕەقیب یوسف: تابلۆکانی ناو شەرەفنامە.
- محەمەد ڕەسوڵ هاوار کورد و باکووری کوردستان، بەرگی یەکەم.
- عەبدوڵڵا عەلیاوایی: کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا.
- نەوشیروان مستەفا: کورد و عەجەم.
- د.نەجاتی عەبدوڵڵا: کوردستان و کێشەی سنووری ئێرانی- عوسمانی.
[1]